سەفینی مەلا قەرە: راپەڕین بە سەرپەرشتى راستەوخۆى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بو

11/03/2021

فەرماندەی راپەڕینی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: ئەو کات بەعس و بێگانە دەیانچەوساندینەوە، ئێستاش هەندێک حیزبى کوردى هەوڵى خۆ سەپاندن دەدەن، بۆیە پێویستە خەباتى مەدەنیی بەردەوام بێت تا ئامانجەکانى راپەڕین بەتەواوى بەدەست دێت.

سەفینی مەلا قەرە، فەرماندەی راپەڕینی هەولێر و ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (زەمەن)، ئاماژە بە داڕشتنى نەخشەى راپەڕین و چۆنیەتى ئازادکردنى هەولێر دەکات لە (11/3/1991)دا و دەڵێت: راپەڕین بە سەرپەرشتى راستەوخۆى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بو کە لە رێگەى بێتەلەکانمان لە میحوەرەکان پەیوەندی پێوە دەکردین و کاک نەوشیروان کە ئەندازیارى راپەڕین بو، شەش مانگ زیاتر بو کارى بۆ راپەرین دەکرد لە سازدانى چەکدار و کادیرانى رێکخستن و ناردنى پارتیزانەکان بۆ نزیک شارەکان، راپەرینى هەولێریش دەبو (10)ى مانگى سێ بکرایە، بەڵام بەهۆى هەندێک دواکەوتن لە هێزەکانى قۆڵى کۆیەوە کە بەشێک لە هێزەکانى رژێم روبەڕویان ببونەوە، رۆژێک دواکەوت و کەوتە (11)ى مانگ.

وتیشى: "لە راپەڕینەکە بە گشتى و ئەو رۆژەى هەولێر ئازادکرا، خەڵک هەموى خرۆشابو، ئێمە کە لە مەسیفەوە هاتین، وەک یەکەم دەستەى پێشمەرگە لەگەڵ بەتالیۆنى نۆ گەیشتینە ناو شارى هەولێر".

سەبارەت بە ئامانجەکانى راپەڕینیش سەفین مەلا قەرە، دەڵێت:"راپەڕین زۆر لە ئامانجەکانى خۆى بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا ژیانى خەڵک وەک پێویست نییە، ئەوەش گوناهى راپەرین و دروستکارانى نییە کە دۆخى ژیانى خەڵک و حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان بەم شێوەیەى ئێستاى لێهاتوە و خەڵکێکى ناشایستە سودى لە راپەرین کرد و زۆرى پێشمەگە هەقیقیەکان و رێکخستنەکانى ناوشار لەدواوەن و سودمەندى راپەڕین نەبون، بۆیە ئێستا پێویستە لە رێگەى هەڵبژاردن و خەباتى مەدەنییەوە فشار بکرێت و ئامانجەکانى راپەرین بەتەواوى بەدى بهێنرێ".

هەروەک دەڵێت:"ئەوکات بەعس و بێگانە دەیانچەوساندینەوە، ئێستاش هەندێک حیزبى کوردى هەوڵى سەپاندنى خۆیان دەدەن و ئازادییەکان بەرتەسک دەکەنەوە و ژیانى خەڵکیش ناهەموارە، بۆیە ئەو حکومڕانیەى ئێستا پێویستی بە باشکردن هەیە و پێویستە لەرێگەى خەباتى مەدەنیی و دەربڕینى ناڕەزایەتى هەوڵبدەین ئامانجەکانى راپەڕین بەتەواوى بەدى بهێنرێ".


هەواڵی زیاتر