گۆڕان خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکات
29/07/2018
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ تیمی پێشوی حکومەت و پەرلەمان
كۆبوەوە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان و دواتر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکە.
ئەمڕۆ شەممە، لە مەكۆی سەرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، عومەر سەید
عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی
راپەڕاندن لەگەڵ تیمی پێشوی حكومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەکە كۆبونەوە، وەک
بەشێک لە ئامادەكارییەكانی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و
هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە.
لە كۆبونەوەكەدا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران رایگەیاند: هاوكات لەگەڵ
ئامادەكارییەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئامادەكارییان كردوە
بۆ ئەوەی دواتر هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت و
پێداچونەوەش بە پەیكەری رێكخراوەیی بزوتنەوەكەدا دەكرێت.
لە دواکۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی
بزوتنەوەی گۆڕاندا کە رۆژی (12)ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، جڤات بڕیاردا کە بە
ئامانجی نوێبونەوە و زیاتر رێکخستنەوە و تۆکمەکردنی پرۆسەی بڕیار و
بەڕێوەبردن لە گۆڕاندا، راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و
ئەنجومەنی پارێزگاکان، پرۆسەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان لە هەمو
ئۆرگانەکاندا دەست پێدەکات و تەواوی پۆستەکان بۆ گۆڕانکاریی کراوە دەبن.
هەر دوای ئەوەش لە نزیکترین کاتدا دوەمین کۆنفرانسی نیشتیمانی گۆڕان ئەنجام
دەدرێت.
بڕیارە (30)ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەشێک لە
ئامادەکارییەکانی تەواوکردوە وەک تۆمارکردنی ناوی قەوارە و
هاوپەیمانێتییەکان و پێدانی ژمارە بە لیستە بەشدارەکان، کە بزوتنەوەی گۆڕان
ژمارە (148)ی بەرکەوتوە، سبەینێ یەکشەممەش دوا وادەیە بۆ پێشکەش کردنی
ناوی کاندیدی لیستەکان بۆ بەشداریی کردن لە هەڵبژاردنەکە، هاوکات دەرگای
ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە روی هاوڵاتیاندا کراونەتەوە و
دواتریش کۆمیسیۆن ماوە و کاتی دەست پێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان
دیاریی دەکات.