شۆڕش حاجى: گۆڕان لەگەڵ بەرژەوەندى خەڵکى کوردستانە

13/01/2019

شۆڕش حاجى رایدەگەیەنێت؛
گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی ‌و چاکسازی لە جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عیراق
ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانە و دەڵێت:"هەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی
کوردستان و ئامانج‌ و بەڵێنەکانی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکات و ئەگەر نا رەتیدەکاتەوە
و دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتیش دەچنە ئەو خانەیەوە."

شۆڕش حاجى، ئەندامى
خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە وتارێکدا کە تایبەت بۆ (سبەى) نوسیوە جەخت لە
پرەنسیپەکانى بزوتنەوەکە و دنیابینى بۆ کابینەى نوێ و ئەگەرەکانى بەشداریکردن یان ئۆپۆزسیۆن
بون رون دەکاتەوە و دەڵێت:"بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی جەماوەری سیاسییە و
گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی ‌و چاکسازی لە جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عیراق
ئامانجی سەرەکییەتی، تا ئەم ساتە وەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گوڕانکاری دەزانێ
لە کوردستانی عیراق".

ئاماژە بەوەش دەکات؛ هەر
هەوڵێک کە لەپێناوی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجەدا بێ گۆڕان پشتیوانی دەکاو هەر
هەنگاوێکیش لەو ئامانجەی دور بخاتەوە رەتیدەکاتەوە، گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی ئەم
دواییەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیە و بزوتنەوەی گۆڕان
بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

شۆڕش حاجى دوپاتى
دەکاتەوە؛ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم‌ یان بون بە ئۆپۆزیسیۆن دو
بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم گۆڕاندا
دانوستاندنەکانی
ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی (30)ی ئەیلولى
رابردو، هەرچەندە "لە کەسیش شاراوە نیە، کە هەڵبژاردنەکان پڕ بون لە تەزویرو
ساختەکاری‌" و بەوهۆیەوە ژمارەی کورسی‌ و دەنگی راگەیاندراوی لایەنە
سیاسییەکان گوزارشت لە سەنگ‌ و پێگەی راستەقینەی لایەنەکان ناکەن.

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو
کە گۆڕان کاتێک بەشداری دەکات رۆڵی هەبێت لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ
ئەوەی کار بۆ جێبەجێکردنی بکات، بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم‌ یان بون بە
ئۆپۆزیسیۆن دو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا و پێیوایە؛ هیچکام
لەو دو بژاردەیە سەد لە سەد باش‌ و ئەوەکەی تر بەتەواوی خراپ نیە، بەڵام "ئەوەی
پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای بزوتنەوەی گۆڕان، کە هەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان
بێ‌و لەگەڵ ئامانج‌ و بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکا و
ئەگەر وا نەبێ رەتیدەکاتەوە".

ئەندامەکەى
خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان دڵنیایى دەدات لەوەى؛ بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک
بەشداری لە حکومەتی داهاتوی هەرێمدا دەکات کە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری
ئەو کابینەیە کە پاکێجەکانی چاکسازی‌ وبەنیشتیمایکردنی دامەزراوەکانی هەرێم‌ و
هەنگاونان بۆ گەڕاندنەوەى کەرکوک‌ و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر بۆ سەر
هەرێم‌و، باشکردنی بژێوی خەڵك‌ و خزمەتگوزارییەکان‌ و بنبڕکردنی گەندەڵی بەپێی
خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو لەخۆ بگرێت.


هەواڵی زیاتر