پێویستە موچەی فەرمانبەران لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا جیابکرێتەوە

13/01/2019

پەرلەمانتارێکی کورد رایگەیاند: وەزیری نەوت پێیڕاگەیاندون هەرێم رۆژانە (420) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و پەرلەمانتارانیش داوا دەکەن هەرێم پابەند بکرێت بە هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە لە رێگەی سۆمۆوە، بەرامبەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لە کاتی بانگهێشتکردنی وەزیری نەوت بۆ لیژنەکەیان، پێیڕاگەیاندون کە هەرێمی کوردستان رۆژانە (420) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، ئەمڕۆش لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر مادەی (10)ی بودجە کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق، ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران داوایانکرد هەرێمی کوردستان پابەندبکرێت بە هەناردەکردنی (420) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە بری (250) هەزار بەرمیل کە لە پڕۆژە یاساکەدا هاتوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ پەرلەمانتاران رەخنەی زۆریان لە بڕگەی (ج) هەبو، کە تیایدا هاتوە؛ ئەگەر هەرێمیش پابەندی ناردنی نەوتەکەی نەبێت، حکومەتی بەغدا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە  بدرێت و بەپێویستیانزانی لەو بڕگەیەشدا هەرێم پابەندبکرێت کە بەناردنی نەوتەکەی.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردەوە کە بە پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییان وتوە؛ هەر بڕگەیەک زیاد بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەندبکات بە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی بەغداوە ئاساییە، بەڵام قبوڵی ناکەن حکومەتی فیدراڵ تاکە کارتی فشاری بریتی بێت لە موچەی فەرمانبەران.

هۆشیار عەبدوڵا وتیشی :"دەبێت موچەی فەرمانبەران دور بێت لەو کێشەیە، ئیدی حکومەتی ئیتیحادی چۆن هەرێم پابەند دەکات ئاساییە، لەو روەوە تێگەیشتن هەیە بەوەی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دور بگیرێت، بەڵام لەرێگەی بەند و مادەی ترەوە هەرێم ناچار بە پابەندبون بکرێت نەوت بداتە سۆمۆ".

پێشتریش پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان لە هەولێر و بەغدا ئاشکرایان کرد؛ نیەتێک هەیە حکومەتی هەرێم بەناوی ئابوریی سەربەخۆوە هیچ بڕە نەوتێک رادەستی بەغدا نەکات و درێژە بە فرۆشتنی نەوت بدات و بیانو بداتە دەستی بەغدا بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.


هەواڵی زیاتر