گۆڕان لە پشدەر: تەواو کردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان بکەن به‌ دیاری بۆ خەڵکی قوربانیدەری پشدەر

24/04/2021

ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان، لە ساڵیادی قوربانیدای قەڵادزیدا داوای قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و خزمەتکردنی ناوچەکە دەکات و دەڵێت: هاوڵاتیان تاقەتی یادکردنەوەی بێ ئەنجامیان چووە نایانەوێت گوێ لەبەڵێنی بێ کردار و شەڕی لێپرسراوان بۆڕیزبەندی دانانی تاجە گوڵینەکان  ببینن.

دانیشتوانی خۆڕاگری پشدەر..
کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان..
لە ڕۆژمێری قوربانیدانی نەتەوەکەمان ‌(٢٤/٤/١٩٧٤)ی قەڵادزێ یەکێکە لەو زام و ڕووداوە تراژیدیایەی لەیادەوەری ناخۆشی میللەتەکەمان ناسڕێتەوە کەئاماژەیە بۆ جەورو ستەمی ڕژێمی بەعس بەرامبەر ناوچەکەمان، کە بوەھۆی شەهید و برینداربوونی سەدان هاوڵاتی شارەکە و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی .
ڕاپەڕینی(٢٤/٤/۱۹۸۲) کاردانەوەی خەڵکی ئازاو بەئەمەکی ئەم ناوچەیە بوو لەساڵڕۆژی بۆردومانەکەدا ،کەئەویش بەخوێنی گەشی دایکە ئامینەو خوشکەسنەوبەر نەخشێنرا.
بەعسیەکان هەموو ساڵێک لەساڵڕۆژی ئەم کارەساتەدا هێزێکی زۆریان لەناوچەکەدا بڵاودەکردەوە، ئیستاش دوای ٤٧ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەم کارەساتەو ۳۹ساڵ بەسەر تێپەڕینی ڕاپەڕینی (۱۹۸۲)و (۳۰)ساڵ لەحوکمڕانی کوردی خەریکە بێئومێدی لەبەرمبەر ھەموو ئەم بۆنانە دروست دەبێت، چونکە خەڵکی چیتر بەڵێنی بێ بەرهەمی لێپرسراوان و کۆبونەوەی حیزبی ناوێت، بەپێچەوانەوە حوکمڕانی باش و چاکسازی ڕاستەقینە و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و هەنگاوی جدیان دەوێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەم ناوچەیە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و گرنگی پێدانی زیاتر لەلایەن حکومەتی هەرێم.
ئێستاش سەرەڕای مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ کۆبونەوەی فراوان بەڵام هاوڵاتیان تاقەتی یادکردنەوەی بێ ئەنجامیان چووە نایانەوێت گوێ لەبەڵێنی بێ کردار و شەڕی لێپرسراوان بۆ ڕیزبەندی دانانی تاجە گوڵینەکان  ببینن، ئێمە لەم یادە پیرۆزەدا داوا دەکەین سێ ساڵی داهاتوو بەپلانکارو نەخشە حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێم  قەرەبووکردنەوە و تەواو کردنی  پڕۆژە تەواونەکراوەکان بکەنە دەست و دیاری بۆ خەڵکی قوربانیدەری پشدەر.

ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤/٤/٢٠٢١


هەواڵی زیاتر