جەلال جەوهەر: دەبێت سەقفی زەمەنی بۆ چاکسازیی دیاریی بکرێت

16/01/2019

سازدانی: بەهادین یوسف

 جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ (سبەی) رایگەیاند: داواکاریی گۆڕان ئەوەیە، کابینەی نوێ بەرنامەی تەواوی خۆی هەبێت و کۆکراوەی بەرنامەی هەموو لایەنەکانی کابینەکە بێت، پرسی چاکسازی راستەقینەی هەمەلایەنە لەخۆی بگرێت و سەقفی زەمەنی بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنە دیاری بکرێت.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی بەرنامەکەیان بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، جەلال جەوهەر رایگەیاند: ناوەڕۆکی بەرنامەی دانوستانەکانی ئێمە، پێداگیری و سوربوونە لەسەر چاککردنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و دارایی لەگەڵ بەغدا، لەسەر ئاستی هەرێمیش گۆڕان دانوستاندن دەکات بۆ چەسپاندنی پرسی چاکسازیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی و کارگێڕی لەهەمو جومگەکانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی: ناکۆکی و ململانێی نێوان زلهێزەکان کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و پێویستە لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی چاوەڕێی گۆڕینی تەرازوی هێز نەکەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی هەرێم.

سەبارەت بە پرسی کەرکوکیش رایگەیاند: گەر لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش رێککەوتن بکەن لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد، حکومەتی ناوەند قبوڵی نەدەکرد و قبوڵی ناکات، چونکە تا هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەغدا بێت، بەغدا رێگە نادات ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت.
دەبێت پارتی و یەکێتی چاوەڕێی گۆڕینی تەرازوی هێز نەکەن لە عێراق و هەرێم


- بڕیارە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەست پێبکرێتەوە هیچ پێشهاتێکی نوێ لە ئارادایە؟

جەلال جەوهەر: ناکۆکی و ململانێی نێوان زلهێزەکانی دونیا (ئەمەریکا و روسیا، ....) و ناوچەکە (ئێران و تورکیا) لە پەرەسەندن و هەڵکشاندایە، کەم و زۆر توندبونی ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەو هێزانە کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر بەوپێیە کاریگەریی دەبێت لەسەر دانوستاندنەکان.
بۆیە گرنگە لایەنەکانی عێراق و هەرێم خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیران و کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی، بەتایبەتی پرسی ئاسایی کردنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکوک بەتایبەتی، لایەنەکانی هەرێمیش، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی چاوەڕێی گۆڕینی تەرازوی هێز نەکەن لە عێراق و هەرێم، پەلە بکەن لە پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی هەرێم.
بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر بەرنامەکەی خۆی لەپێناو چاکسازی و گۆرانکاری ئیجابی لە هەرێم


- جڤاتی نیشتیمانی، ئێوەی وەک لیژنەی دانوستانکار سەرپشک کردوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆی پێکهینانی حکومەت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، خەڵک دەیەوێت بزانێت ناوەڕۆکی پڕۆژە و کارنامەکەتان بۆ دانوستانەکان چییە؟

جەلال جەوهەر: بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئیسلاحخواز هاتە ئاراوە، بۆیە دەبێت خەڵک و گۆڕانخوازان بزانن کە بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر بەرنامەکەی خۆی لەپێناو چاکسازی و گۆرانکاری ئیجابی لە هەرێم، داواکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەم دانوستاندنە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش، بۆ پرسی نیشتیمانی و چاکسازی و گۆڕانکاریی دەبێت، لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ناوەڕۆکی بەرنامەی دانوستانەکانی ئێمە، پێداگیری و سوربونە لەسەر چاککردنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و دارایی لەگەڵ بەغدا
ناوەڕۆکی بەرنامەی دانوستانەکانی ئێمە، پێداگیریی و سوربونە لەسەر چاککردنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری و دارایی لەگەڵ بەغدا، لەپێناو بەدەستهێنانی مافە دەستوریەکانی میللەتەکەمان، لە مافی ئابوری و دارایی و موچە، کۆتایی هێنان بە کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، کێشەی پێشمەرگە و سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە.
لەسەر ئاستی هەرێمیش گۆڕان دانوستاندن دەکات بۆ چەسپاندنی پرسی چاکسازیی هەمەلایەنەی سیاسی، یاسایی، ئابوری و دارایی و کارگێڕی لەهەمو جومگەکانی هەرێمی کوردستان.
دەبێت سەقفی زەمەنی دیاری بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی  چاکسازیی


 - دەتانەوێت بەشداریتان لە حکومەت چۆن و لەسەر چی بنەمایەک بێت؟ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی چاکسازی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و دوبارەنەبونەوەی ئەزمونی کابینەی پێشوی حکومەت؟
 جەلال جەوهەر: داوای بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە رێککەوتن لەسەر هەرسێ ئاستی عێراق و هەرێم و پەیوەندیەکان بکرێت، چونکە ئەمانە هەمو پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و بەیەکەوە بەستراون .
بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری و دەسەڵاتەکانی دیکە، داوای گۆڕان ئەوەیە، کابینەی وەزاری بەرنامەی تەواوی خۆی هەبێت و کۆکراوەی بەرنامەی هەموو لایەنەکانی کابینەکە بێت، پرسی چاکسازی راستەقینەی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابوری و دارایی، کارگێڕی و یاسایی لەخۆی بگرێت، بەشی هەرە گرنگی ئەو بەرنامەیە بێت لەسەرجەم جومگەکانی هەرێم، بۆ دڵنیایی و پابەند بون بە پرسی چاکسازیی، دەبێت سەقفی زەمەنی دیاری بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی  چاکسازیی لەهەمو سێکتەرە جیاوازەکان.
متمانە بەوە دروست دەبێت، کە هەمو لایەنەکان راستگۆیانە پێداچونەوە بە رابردوی خۆیاندا بکەن


- دوای ئەزمونەکانی رابردو و مامەڵەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ گۆڕان، بەشێک لە دەنگدەرانی گۆڕان، متمانەیان بە یەکێتی و پارتی نەماوە، بەچی میکانزمێک متمانە دروست دەبێت و دڵنیایی دەدەن بە خەڵک و دەنگدەرانتان، کە بەشداریکردنتان لە پێناو چاکسازیی و گۆڕانکاریی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە؟

 جەلال جەوهەر: ئەزمونەکانی رابردووی گۆڕان لەگەڵ پارتی لە ئاستی هەرێم و لەگەڵ یەکێتی لە ئاستی هەرێم و عێراقدا  تاڵن، چونکە هەڵەکانیان زیانی زۆری داوە لە پرسی نیشتیمانی و نەتەوەیی و ژیان و گوزەرانی کۆمەڵ و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، دیارە گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش بێ کەموکوڕی نین، بەڵام هەرگیز کەموکوڕیەکانی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە بەراورد ناکرێت لەگەڵ هەڵەکانی پارتی و یەکێتی.
متمانەش بەوە دروست دەبێت، کە هەمو لایەنەکان راستگۆیانە پێداچونەوە بە رابردوی خۆیاندا بکەن، بەرژەوەندی نیشتیمانی و میللەتەکە بکەن بەئامانج، پابەندبوون بە ئامانجی هاوبەش، رای هاوبەش دروست دەکات، پابەندبونیش بە جێبەجێکردنی بەرنامەی هاوبەش، کردەوەی هاوبەشی لێدەکەوێتەوە، کردەوەی هاوبەشیش بڕوا و متمانە بەیەکتر دروست دەکات، بەڕای من قۆناغەکە وا دەخوازێ کە لەم ماوە ناسکە بەیەکەوە بین گەر شەراکەتی راستەقینەی  پێویست هەبێت.
لای گۆڕان ئەولەویەت بۆ بەرنامەی نیشتیمانی و چاکسازی هەمەلایەنە و جێبەجێکردنیانە، نەک پۆستەکانی هەرێم و بەغدا و کەرکوک


- لە سەروبەندی دانوستانەکانی کابینەی نوێی وەزاریدا دو ئاڕاستە هەیە، ئاڕاستەیەکیان پۆستەکانی هەرێم و بەغدا و کەرکوک بە یەک پاکێج دەبنیێت، ئاڕاستەکەی دیکە تەنیا پێکهێنانی کابینەی وەزاریە هەرێم بە ئەولەویەت و تەوەرەکی سەرەکی دانوستان دادەنێت، بۆچونی گۆڕان لەوبارەیەوە چییە؟

 جەلال جەوهەر: بزوتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت، هەموو لایەنەکان یەک بەرنامەی سیاسی هاوبەشیان هەبێ لەسەر ئاستەکانی عێراق و کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان وهەرێم و پەیوەندیەکان، چونکە هەموو ئەو ئاستانە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، بەیەکەوە گرێدراوە، لای گۆڕان ئەولەویەت بۆ بەرنامەی نیشتیمانی و چاکسازی هەمەلایەنە و جێبەجێکردنیانە، نەک پۆستەکانی هەرێم و بەغدا و کەرکوک، و جیاکردنەوەی پاکێجەکان لەیەکتر، رێککەوتن لەسەر هەریەکێکیان بە جیا، بەڕای ئێمە کارێکی مەنتقی و واقعی نییە، چونکە جۆرێک لە ئیزدیواجیەت دروست دەکات، بەڕای ئیمە دەبێت بنەمای مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەکتر، یەک بنەمای سیاسی بێت، نەک بانێک و دو هەوا .
گۆڕان خەبات دەکات پەیوەندیەکان بە گشتی لەژێر دەستی حیزب دەربکرێت، بکرێت بە پەیوەندی نیشتیمانی


- سەبارەت بە دانوستانەکانی هەرێم و ناوەند و پەیوەندییە دەرەکی و دیپلۆماسییەکانیش کە هێشتا لەسەر ئاستی تاک و حیزب بەڕێوەدەچێت؟ گۆڕان پێداگریی لەسەر بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و وڵاتانی دەرەوە دەکات؟ ئەم پرسە جارێکی دیکە ناخەنەوە ناو پاکیجەکانی دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەوە؟

 جەلال جەوهەر: چاکسازی لە پەیوەندیە سیاسیەکان بەگشتی، یەکێکە لە بڕگە گرنگەکانی پرۆژەی چاکسازی لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕان خەبات دەکات پەیوەندیەکان بە گشتی لەژێر دەستی حیزب دەربکرێت، بکرێت بە پەیوەندی نیشتیمانی، ناوەڕۆکی پڕۆژەکە ئەوەیە، پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و دونیای دەرەوە بە یاسایی، پیشەیی و سیاسی و دیپلۆماسی بکرێت و لە چوارچێوەی یاسادا رێکبخرێت.

- لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆست و بەرپرسیارێتییەکی لە پەرلەمان و حکومەت وەرنەگرت، هەرچەندە وەرگرتنی وەزارەتێک بە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی گۆڕان دەزانرا، هۆکارەکەی چییە؟

 جەلال جەوهەر: وەک دیارە هۆکاری بێبەشکردنی گۆڕان لەم کابینەیە، هەر لە چوارچێوە و درێژکراوەی ئەو موئامەرەیە کە لە گۆڕان کرا لە هەڵبژاردنەکانی (١٢/٥/٢٠١٨) لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری و یارمەتی (هەندێ کۆمپانیای بیانی)،  بەیارمەتی دەزگاکانی هەڵبژاردنەکان بۆ شکاندنی گۆڕان، بەهۆی هەڵوێستی گۆڕان لە پرسە نیشتیمانی و پرسی فەساد لە هەرێم و عێراق .
سیاسەتی ناواقیعانەی پارتی و یەکێتی زەمینەی گێڕانەوەی پاریزگای کەرکوکیان رەخساند بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی


- بەهۆی رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتییەوە تائێستا نەتوانراوە پارێزگارێک بۆ کەرکوک هەڵبژێردرێت و تائێستاش لێکەوتەی روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر بەردەوامە، بەڕای ئێوە بۆچی ئەو پرسە ئەوەندە دواخرا؟ زیانەکانی بۆ پرسی کوردستانیەتی کەرکوک و دانیشتوانی ئەو پارێزگایە چییە؟ 

 جەلال جەوهەر: حکومەتی ناوەند هەر لە سەرەتای گۆڕانکاریەکانەوە لە عێراق ناڕەحەت بوون، کە کورد رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکوک، زۆریش پڕبون لە (دەسەڵاتداران) لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پارێزگای کەرکوک، حکومەتی عێراق لە بیانوو دەگەڕا، پارێزگای کەرکوک بگەڕێنێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، دواجار بەهۆی سیاسەتی ناواقیعانەی پارتی و یەکێتی لە هەرێم و کەرکوک بۆ ئەمڕۆ، زەمینەی گێڕانەوەی پاریزگای کەرکوکیان رەخساند بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی .
قەناعەتی من وابو، ئێستاش وایە، گەر لایەنەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێکیش بکەون لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد، حکومەتی ناوەند قبوڵی نەدەکرد و قبوڵی ناکات .
بەڕای من هەتا هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەغدا بێت، بەغدا رێگە نادات ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک بە زۆرینەی دەنگ پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت، خۆ ئەگەر ئەوەش قبوڵکرا لەم کاتەدا، کە هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بەغدایە، هەڵبژاردنیش بکرێت، کوردێک هەڵبژێرن بۆ پارێزگار، ئەو پارێزگارە شکڵی دەبێت، چونکە لە ئیستادا هێزی چەکدار و دەستەیەک هەیە لە پشتەوە حوکم دەکات و ئیدارەی پاریزگای کەرکوک دەدات. بێگومان ئەو شێوازە لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا پرسی کەرکوکی گەیاندە ئەمڕۆ .

- بۆچونی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لەو بەشەی کوردستان و هەڕەشەکانی تورکیا چییە؟ چی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی ئەزمونی کەرکوک و عەفرین جارێکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان دوبارە نەبێتەوە؟

 جەلال جەوهەر: هەڕەشەو کۆکردنەوەی هێزی چەکدارو شەڕو پەلامار و کوشتن و گرتن و سوتان و وێرانکردن و تاڵانکردن و ئاوارە و دەربەدەرکردن و داگیرکردن، هیچ کێشەیەکی لەم وڵاتانە چارەسەر نەکردووە کە کورد تێیدا دەژی لەسەر خاکی خۆی، ئەزمونی کۆن (عوسمانی و سەفەویەکان) و ئەزمونی نوێ هەمیشە کێشەکانی قوڵ و ئاڵۆزتر کردوەتەوە، راستە ئەو دەوڵەتانە نەیانهێشتوە کورد بگات بە ئامانجەکانی خۆی، بەڵام لە بەرامبەریشدا جوڵانەوەی سیاسی کورد بوە بەهۆی ناسەقامگیری، کە بە هۆیەوە ئەو دەوڵەتانە توشی نەزیفی هەمیشەیی گیانی و ئابوری و قەیرانی جۆراوجۆربوون، سەر ئەنجام ئەو وڵاتانە کە لانکەی شارستانی بوون و دەوڵەمەنترین وڵاتانی دونیا بون، ئێستا لە میللەت و وڵاتە دواکەوتوەکانی دونیان، چارەسەر تەنیا گفتوگۆی ئاشتیانەیە، سەلماندنی مافە رەواکانی سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستانە، هاوتای هاوڵاتیانی ئەو چوار وڵاتە .
ئەوکاتە نەکورد پێویستی بە بەرگری و کۆمەک و هاوکاری و بەرگری و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت، نە ئەو دەوڵەتانەش پێویستیان بەوە دەبێت پەنا بۆ هێزی چەکدار ببەن بۆ سەرکوتکردنی کوردو داگیرکردنی کوردستان .


هەواڵی زیاتر