بزوتنەوەى گۆڕان هەنگاوەکان بۆ (سەروەربوونی یاسا) دەباتە پەرلەمان

09/05/2021


لە (12) ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوبێت یان لە دەسەڵات، شەڕی سەروەربونی یاسا و سەربەخۆبونی دەسەڵاتی دادوەری و دوور لە دەستێوەردانى كردووە، بە مەبەستی بەدیهێنانی دادوەری كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی گەندەڵی و شەفافیەت، لە نوێترین هەوڵیشدا دوو پرۆژە یاساى بۆ هەمواركردنەوەی یاسای داواكاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری ئامادەکردوە، لە مانگی ئازارى ئەمساڵ پانێڵێكی لە ژێر ناونیشانی (سەروەری یاسا) رێکخست و چەندین دادوەر و پارێزەر و پسپۆڕى یاسایى بەشداریان تێداکرد، بە مەبەستى دەوڵەمەندكردنی پڕۆژە یاساكان و وەرگرتنی راو سەرنجی یاساناسان و پارێزەران و دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی.

لەوبارەیەوە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەوپێناوەدا بە گرنگ ناودەبات، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی سەروەربونی یاسا پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەنجامدانی چاکسازی و بنەبڕکردنی گەندەڵیەوە هەیە.

د. ئەنوەر ئەحمەد، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان کە بەشدارى پانێڵى (سەروەرى یاسا)ى کردبوو کە لەلایەن بزوتنەوەى گۆڕانەوە رێکخرابوو؛ بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی راگەیاند، بابەتی پانێڵەكە گرنگ بوو، چونکە ئێستا بابەتی گرنگ لە هەرێمی كوردستان پڕۆسەی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵییە، فاکتەرێکی گرنگی سەركەوتنی هەردو پڕۆسەکەش سەروەربونی یاسایە.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان وتیشی، سەروەربوونی یاسا ئامانجێكە هەموولایەك دەبێت کاریان لەسەر بكات، چ ئێمە وەك دامەزراوە و چ میدیاكان، ئەو پرسە پێویستی بە لێكۆڵینەوەى باشتر هەیە، لایەنە سیاسییەكان دەتوانن رۆڵی یەكلاكەرەوەیان لەو پڕۆسەیەدا هەبێت.

"یاسا هەیە و لەزۆر دەزگادا رێز لە یاسا دەگیرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتویتەنە ئەو ئاستەی كە لە هەرێمی كوردستاندا سەروەری یاسا بەرقەراربێت، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە و لەنێویشیاندا ئەو پانێڵە بۆئەوەیە بەرەو سەروەری یاسا بڕۆین " د. ئەنوەر ئەحمەد وای وت.

هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆجێگیرکردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە کاتێکدایە کە رۆژ لە دوای رۆژ هەژموونی پارتە دەسەڵاتدارەکان بەسەر دەسەڵاتی دادگاکانەوە زیاتر دەبێت، بەڵام خواستنی بزوتنەوەکە بۆ سەروەری یاسا گشتگیرترە و تەنها لەچوارچێوەی چاکسازی لە دادگاکان و سیستمی دادوەریدا نامینێتەوە.

چۆمان محەمەد، رێكخەری ژووری یاسای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دیجیتاڵ میدیای (KNN) وتى: ئەنجامدانی چاكسازی لە یاسای دادوەری و داواكاری گشتی پێویستی بەجموجۆڵی هاوشێوەی ئەو پانێڵە و چالاکی دیکەش هەیە، ئەوەش بە ئامانجی دەرهێنانی دەستی حزب لە نێو كایەكانی حكومڕانیدا، چونکە دەستێوەردان بە ئەندازەیەك زۆربووە وایكردووە مۆدێلە حكومڕانییەكەمان هەر لە دەوری بازنەیەك بخولێتەوە و لە ئەنجامدا ببێتە مۆدێلێكی شكستخواردوو، بۆیە ئامانجمانە لە پێناوی چاكەی گشتیدا سەروەری بۆ یاسا بگەڕێتەوە.

بە بڕوای چۆمان محەمەد هۆكاری سەروەرنەبونی یاسا لە هەرێمی  كوردستان تەنها حزبە، وتی، لەبەرئەوەی حزب دەستوەردەداتە كاری دادگا و خۆی بە خاوەنی دامەزراوەكان دەزانێت، جگەلەوەی ئیرادەیەك نییە بۆ سەروەربوونی یاسا، هێزەكە لای دامەزراوەكان نییە و لای حزبە و حزب قسەی كۆتایی دەكات.

لە پاڵ چاکسازی لە سیستمی دادوەریدا بزوتنەوە گۆڕان ئامانجێکی گەورەتری هەیە، ئەویش هەبونی (دایکی یاساکان)ـە.

لەوبارەیەوە رێكخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: دوو پڕۆژە یاسامان ئامادەكردووە لەسەر هەمواری یاسای دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتیی، لەگەڵ ئەوەشدا مەبەستمانە سیستەمی سیاسی رێكبكرێتەوە لە رێگەی دانانی دەستورەوە، ئەگەر دەستورێكمان هەبێت و خاوەنی دادگای دەستوری بین، خروقاتی گەورە روونادات، ئەوەش یەكێكە لە كارنامەكانی حكومەت كە پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا دەستور پەسەند بكرێت.

هاوکات پسپۆڕێكی یاسای دەستوری، پانێڵەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ (سەروەرى یاسا) بە هەنگاوێكی گرنگ ناودەبات و پێیوایە بە هەبوونی دەستور هەنگاوی گەورە دەبڕین لە بەدامەزراوەیكردنی دەسەڵات و سەروەركردنی یاسا.

د. عوسمان عەلی وەیسی، پسپۆڕی یاسای دەستوری بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی وت، پرسی سەروەری یاسا چەترێكی گەورەیە و لەسەر و هەموو دەسەڵاتەكانەوەیە، لەهەمان کاتدا پرسێکی ئاڵۆزە، خاڵێك نییە بڵێین كێشە لێرەدایە و پێویستە چارەسەر بكرێت.

سەبارەت بەوەی كێشەكانی سەروەرنەبونی یاسا لە كوێدایە، ئەو پسپۆڕەی یاسای دەستوری وتی: ئێمە یاسامان هەیە ئەگەرچی ئەو یاسایانە لە زۆر لینك و لایەندا پێویستیان بە هەمواركردنەوە و كۆكردنەوەیە، بەڵام شایستەی ئەوەن كە تۆ بتوانیت لەناویدا متمانەیەكی تەندروست لە نێوان حاكم و مەحكوم لەنێوان دەسەڵاتەكان و كۆمەڵگادا دەستەبەر بكەیت، ئەوەش بەوەدەبێت كە یاساكان وەك خۆی جێبەجێبكرێت.

د. عوسمان عەلی وەیسی  لەسەر پرسی هەبوونی دەستور هاوڕایە لە گەڵ رێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، لەوبارەیەوە وتی، "پێویستە هەنگاوی تەندروستی یاساییانە بنرێت بۆئەوەی دەستور لە دایك ببێت، پێموایە  بەوەش هەنگاوی گەورە دەبڕین لە بە دامەزراوەیكردنی دەسەڵات و سەروەركردنی یاسا".


هەواڵی زیاتر