برزۆ مەجید: کاک نەوشیروان ئەو ڕێگایەی هەڵدەبژارد کە ئارامتر و پڕ بەرهەمترە
21/05/2021
ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا دژی ئەو بۆچوونەبوو کە پێیوایە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی یەکسانە بە شەرعیەتی گەندەڵسازی و قۆرخکاری، دەشڵێت: زۆرێک لەو ڕەخنانەى لە بزوتنەوەى گۆڕان دەگیرێت، هەڵقوڵاوی ململانێ و بیری تەسکی حیزبایەتیە و هەندێکیشیان دەچنە چوارچێوەی موئامەرەی سیاسی دژی بەشداری سیاسی گۆڕان.
برزۆ مەجید ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی دیجتاڵ میدیایی (KNN) لە بارەی دیدگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ دەوڵەتسازی لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات: کاک نەوشیروان دژی ئەو بۆچوونەبوو کە پێیوایە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی یەکسانە بە شەرعیەتی گەندەڵسازی و قۆرخکاری.
وتیشى؛ لە پێشوتردا ئەگەر چەند کەسێک بڕیار بە دەست بوون و هاوڵاتیانیش بێئاگا لە دۆخەکە، ئەوا کاک نەوشیروان هاوڵاتی کردە سەنتەر.
لەبارەی ئەو رەخنانەی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەگیرێت سەبارەت بە بەشداری لە حکومەتدا، برزۆ مەجید دەڵێت: سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە رەخنەی بونیاد نەرمان ئاڕاستە دەکەن، ئەوەندەشی پێمانکرابێت کارمان لە سەر رەخنەکان کردووە، بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەکان هەڵقوڵاوی ململانێ و بیری تەسکی حیزبایەتیە، کە هەندێکیشیان دەچنە چوارچێوەی موئامەرەی سیاسی دژی بەشداری سیاسی گۆڕان.
ئەو ئەندامەى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: ڕاستە گەندەڵیەکان لە سەر دەستی پارتی و یەکێتیە، بەڵام تاسەر حکومەت هى ئەو دوو حیزبە نیە، رۆژێک دادێت هەڵبژاردنێکی پاک دەکرێت و حکومەتی دامەزراوەیی و شەفاف پێکدێت، بۆیە حکومەت هی خەڵکی کوردستانە.
ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: بزوتنەوەی گۆڕان نمونەیەکی زۆر جیاوازە لە حکومەت، چونکە حیزبێکە نە هێزی چەکداری هەیە، نە بازرگانی گەورەی هەیە، هەروەها گۆڕان تێوەنەگلاوە لە بابەتێک کە زیانی بۆ میللەتەکەمان هەیە، بزوتنەوەیەکی مەدەنی و ریفۆرمخوازە لە پێناوی چاکسازی بەشدارە لە حکومەت.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کەسێکی هاوچەرخ بوو، هەمیشە لەگەڵ قۆناغەکانی سەردەم خۆی دەگونجاند، هەر بۆیە کام ڕێگایە ئارامترین و پڕ بەرهەمترین بوایە ئەو ڕێگایەی هەڵدەبژارد، دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، کاک نەوشیروان شەڕی هێز و ململانێکانی گۆڕی بۆ شەڕی پڕۆژە و پڕۆژەکاری.
لەبارەی دۆخى ناوخۆیى بزوتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، برزۆ مەجید دەڵێت: هەموو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان بە هەوراز و نشێودا تێپەڕیوون بە تایبەت دواى لە دەستدانی کەسی یەکەم، بەڵام ئەوەی بۆ گۆڕان گرنگە گەر کەموکوڕیش هەبیت گۆڕان هێڵە گشتی و بنەما گشتیەکانی پاراستووە.