سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌: هاوپه‌یمانیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ كارێكی‌ زۆر باش بو به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان

24/05/2021

ئه‌ندامێكی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ گۆڕان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌شداریكردنیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ یه‌ك لیست بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كارێكی‌ زۆر باش بو به‌تایبه‌ت بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، ده‌شڵێت تیمی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا سه‌ركه‌وتو بون له‌ كاره‌كانیان.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ (هاوڵاتی‌)، سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌ سكرتێری كاروباری‌ فراكسیۆنه‌كان له‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاندوه‌: بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كه‌ فره‌بازنه‌ییه‌، ویستمان كورد به‌ یه‌ك لیست دابه‌زێت به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ كورد به‌ خه‌سار نه‌چێت، پێمان وایه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق چ ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی‌ یه‌كێتی‌ یان گۆڕان یان پارتی‌ بچێته‌ به‌غدا، به‌ مه‌رجێك داكۆكی‌ له‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكات زۆر جیاوازیی‌ نیه‌، ویستمان كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ وا بگونجێنین خه‌ڵك بچێت بۆ ده‌نگدان و به‌ئارامی‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ بڕوات و به‌بێ ململانێی‌ توند، یه‌كێتیش قایل بو، بۆیه‌ پێمان شتێكی‌ زۆر باش بو به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌ تیمی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌فین مه‌لا قه‌ره‌ رایگه‌یاندوه‌: له‌ تیمی‌ خۆمان له‌ حكومه‌ت رازین، ئامانج له‌ به‌شداریكردنمان له‌ حكومه‌ت ته‌نها چاكسازییه‌ و هیچ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی‌ ترمان نیه‌ و تیمه‌كه‌شمان له‌ حكومه‌ت سه‌ركه‌وتو بون له‌و كاره‌دا.

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ گۆڕان په‌شیمان نیه‌ له‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، پێویسته‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ چاك بكه‌ین، بۆ چاككردنیشی‌ هه‌مو توانایه‌ك خه‌رج ده‌كه‌ین، مادام مه‌جالی‌ تیایه‌ پێمان وایه‌ چاكسازی‌ ده‌كرێت.


هەواڵی زیاتر