عەلی حەمەساڵح: ئەوەی پەرلەمانتاران کردیان بە حکومەت و بەرپرسان نەکرا

23/01/2019

سەرۆکی
فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ جێگیرکردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە بودجەی
گشتی لەلایەن پەرلەمانتارانی کوردەوە جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەی ئەوان کردویان بە
حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی کورد لەبەغدا نەیانکردوە.

عەلی حەمەساڵح،
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ستخۆشی له‌ نوێنه‌رانی کورد له‌
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق کرد بۆ جیاکردنەوەی موچەی فەرمانبەران و
پێشمەرگە لە ململانێ سیاسییەکان و کیشەی نەوتی هەرێم و رایگەیاند: ئه‌وه‌ی ئه‌وان
بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستانیان کرد، نه‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، نه‌ به‌پرسانی
کورد له‌ به‌غدا، نه‌ حیزبه‌کان نه‌یانکرد.

ئاماژەی
بەوەشکرد؛ ئه‌گه‌ر حکومەتی هەرێم (250) هه‌زار به‌رمیل نەوتی رۆژانە راده‌ستی به‌غدا
بکات، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه ‌و پاره‌ی چه‌ندین پرۆژه‌ دابینکراوه‌، هه‌رێمی
کوردستان (180) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیشی بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، کە سه‌رچاوه‌یه‌کی باشی
داهاتە بۆ حکومەتی هەرێم.

وتیشی :"ئه‌گه‌ر
(250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رادەستی بەغدا نه‌کرێت، نرخی فرۆشتنی (250) هه‌زار به‌رمیل
نه‌وت له‌ پشکی هه‌رێمی کوردستان ده‌بڕدرێت، به‌ڵام هێشتا نزیکه‌ی (400) ملیار دینار
بۆ هه‌رێمی کوردستان ده‌مێنێته‌وه".

سەرۆکی
فراکسیۆنی گۆڕان پێیوایە؛ هەرێمی کوردستان رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی
بەغدا بکات باشترە، چونکە ئەو نرخه‌ی سۆمۆ نه‌وتی پێده‌فرۆشێت زیاتره‌
له‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌یفرۆشێت، هه‌رێمی کوردستان خۆی (250) هه‌زار به‌رمیل
به‌ نرخێکی هه‌رزانتر ده‌فرۆشێت، به‌ڵام عێراق به‌ نرخی سۆمۆ له‌ به‌شه‌ بودجه‌که‌ی
هه‌رێم ده‌بڕێت، که‌نرخێکی زیاتره‌.

عەلی حەمەساڵح جەختی کردەوە؛ ئەگەر هەرێمی
کوردستان ئەو بڕە نەوتە رادەستی بەغدا بکات ئەوا متمانه‌ له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و
به‌غدا دروست ده‌کات.

بەپێی راپۆرتی
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێشنیازکراوە پرسی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی
هەرێم لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم جیابکرێتەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتەکەشی
رادەستی بەغدا نەکرد، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبێت بە ناردنی موچەی
فەرمانبەران و پێشمەرگە.

بڕیارە پێشنیازەکەی
لیژنەی دارایی لەچوارچێوەی گشتی بودجەی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر لەناو هۆڵی
پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و جێگیرکرا، ئەوکاتە ئەگەر هەرێمی کوردستان
رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوتەکەشی رادەست نەکات، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی
موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


هەواڵی زیاتر