بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کۆبونەوە
03/06/2021
بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان کۆبونەوەو پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بارودۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و نوسینەوەی دەستوور تاوتوێ کران.
لەبارەگای بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان لەشاری هەولێر بەرپرسی ژوری پەیوەندییە سیاسیەکانی گۆڕان و وەفدێکی یاوەری لەگەڵ سکرتێرو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە کۆبونەوە.
بەختیار ئەولی ڕێکخەری ژوری پەیوەندیە سیاسیەکانی گۆڕان بە ماڵپەڕی گۆڕانی ڕاگەیاند: سەردانەکەمان دۆستانەبوو بۆلای بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و نوسینی دەستووری ئایندەی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقمان کرد.
وتیشی جەختمان لەنوسینی دەستورێکی مەدەنی کردەوە کەتیایدا بنەماکانی دیموکراتی و مافی مرۆڤ تیایدا سەنتەربن، هەروەها جەخت لە ئاشتەوایی سیاسی کرایەوە بۆ چاککردنی بارودۆخی سیاسی لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا.
ڕێکخەری ژووری پەیوەندییە سیاسیەکانی گۆڕان وتیشی باشکردنی باروگوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی کەموکوڕی و لاوازی بازاڕو دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و لەشکرکشی تورکیا بەشێکی تری گفتوگۆکان بوون و هەردوولا هاوڕابوون کەدەبێت حکومەت دەست بکات بەچاکسازی و باشکردنی دۆخی ژیانی خەڵک.