برزۆ مەجید: لە بەرپرسیارێتى راناکەین و بەپێى قەبارەى خۆمان لە حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیارێتى هەڵدەگرین
09/06/2021
ئەندامێکى خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە دژى
لێبرینى موچەن، دەشڵێت بونمان لە حکومەت بوەتەهۆى کەمبونەوەى گەندەڵى، لەبارەى
هاوپەیمانێتیشیان لەگەڵ یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران دەڵێت: هاوپەیمانێتیەکە
لەپێناوى بەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندایە.
لەمیانى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى خەندان، برزۆ مەجید
ئەندامى خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى پێکهێانى هاوپەیمانى لەگەڵ
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، هاوپەیمانێتیەکەمان
لەسەر ئەو بنەمایەیە کە شەڕى مافەکانى کورد لە بەغدا بەیەکڕیزى دەکرێت،
ئەوەش لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندایە.
ئاماژەى بەوەشدا، لەگەڵ زۆر لایەنى سیاسی دیکە دەرگاى گفتوگۆ و
هاوپەیمانیمان کردەوە، دواجار بەهۆى بەردەوامى گفتوگۆکانمان لەگەڵ یەکێتیدا
ئەوهاوپەیمانیە دروستبو.
سەبارەت بە لێبرینى موچەش برزۆ مەجید رایگەیاند، لێبڕینى موچە
دەرئەنجامى گەندەڵى ساڵانى رابردوە، ئێمە لەو بڕیارەى حکومەت رازى نەبوین
لەگەڵیشیدا نین.
سەبارەت بە بەشداریان لەکابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم ئەو ئەندامەى
خانەى راپەراندنى بزوتنەوەى گۆڕان وتى: حکومەتى هەرێم موڵکى هیچ حزبێک نیە، بەڵکو
موڵکى خەڵکە، پێشمانوایە بوونمان لە حکومەت باشترە، چونکە بەپێى توانا و قورسایى خۆمان
ڕۆڵمان هەبووە لە کەمبونەوەى گەندەڵى بەتایبەت لەو پۆستەى وەزارییانەى لاى
بزوتنەوەى گۆڕانن، هەرکاتێکیش پێویست بکات بەپێى بەرژەوەندى خەڵکى کوردستاندا
هەڵوێست وەردەگرین.
راشیگەیاند، لە بەرپرسیارێتى راناکەین و بەپێى قەبارەى خۆمان لە
حکومەت و پەرلەمان بەرپرسیارێتى هەڵدەگرین.
وتیشی، بزوتنەوەى گۆڕان ئێستاش داکۆکى لەوە دەکات دەبێت بەپێى دەستور
سیستمى حوکمڕانى لەهەرێمى کوردستان سیستمێکى پەرلەمانى بێت، دەبێت سەرۆکى دەسەڵاتى
جێبەجێکردن بەرپرس بێت لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان و لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت.