نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە

28/01/2019

بۆگفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نوێی حکومەتی‌ هەرێم و پرۆسیەی‌ سیاسی عێراق، نێردەی‌ تایبەتی‌ سکرتێری‌ گشتی‌ نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق سەردانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانی کرد.

رۆژی یەکشەممە (27/1/2019) جین هینسین پلاسگارت، نێردەی‌ تایبەتی‌ سکرتێری‌ گشتی‌ نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق و ریکاردۆ رۆدریگر، بەرپرسی ئۆفیسی‌ یۆنامی‌ لەهەرێمی‌ کوردستان و وەفدێکی‌ یاوەری‌ سەردانی‌ مەکۆی‌ سەرەکی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕانیان کرد و لەلایەن محەمەد تۆفیق رەحیم سکرتێری‌ کاروباری‌ ژورەکانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆران و رێکخەر و ئەندامانی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانەوە پێشوازیان لێکرا.

لەکۆبونەوەکدا گفتوگۆکرا لەسەر پرسی پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نوێی حکومەت و نێردەی‌ تایبەتی‌ نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی‌ خۆی نیشاندا لەدواکەوتنی‌ پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نوێی حکومەت و رایگەیاند؛ دەنگدەران بۆیە دەنگیانداوە بۆ ئەوەی‌ حکومەتێکی‌ نوێ نوێنەرایەتی‌ ئەوان بکات و داوایکرد پەلە بکرێت لە پێکهێنانی‌ حکومەت.

لەبەرامبەردا وەفدی‌ گۆڕان بۆچونی‌ خۆیان لەوبارەیەوە خستەڕو و رایانگەیاند؛ بزوتنەوەکە پشتوانی‌ دروستبونی‌ حکومەتێکی‌ بەهێزی‌ خزمەتگوزار دەکات کە کار بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ هاوڵاتیان بکات.


هەواڵی زیاتر