رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان: باشترین سیستەمی حوکمڕانی بۆ هەرێم سیستەمی پەرلەمانییە
21/06/2021
رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: نابێت دەستور بە ئەقڵیەتی کەمینە و زۆرینە بنوسرێتەوه، دەشڵێت: باشترین سیستەم بۆ هەرێمی کوردستان سیستەمی پەرلەمانییە.
لە پانێڵی بەرەو دەستورێکی دیموکراسی بۆ هەرێمی کوردستان کە لە سلێمانی بەرێوەدەچێت چۆمان محەمەد رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕان هەمیشە وەک پرسێکی گرنگی نیشتمانی سەیری دەستوری کردوە و هەمیشە وتویەتی دەبێت خەڵک بنچینەی نوسینەوەی دەستور بێت.
رونیکردەوە، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ نوسینەوەی دەستوور، چونکە متمانەی خەڵک بە حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و خەڵک پێویستی بەباشکردنی باری دارایی هەیە.
چۆمان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت دەستور بە ئەقڵیەتی کەمینە و زۆرینە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، چونکە دەستوور بۆ هەموو تاکێکی کوردستانە.
هەروەک جەختیکردەوە: باشترین سیستەمی حکومڕانی بۆ هەرێمی کوردستان سیستەمی پەرلەمانییە.