کاوە محەمەد: ئەوەی لە بودجەدا بۆ هەرێم کراوە، بۆ هیچ پارێزگایەکی عێراق نەکراوە

29/01/2019

ئەندامێکی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ پرسی بودجەی عێراق و پشکی کورد بوە هۆی یەکڕیزی نوێنەرانی
کورد لە بەغدا، دەشڵێت: لە رابردوشدا دەتوانرا پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران
نەهێڵدرێت، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسی و حیزبی لە پشت هێشتنەوەی پاشکەوتی موچەوە بو.

کاوە محەمەد، ئەندامی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی
(کەی ئێن ئێن) سەبارەت بە پشکی کورد و بودجەی عێراق رایگەیاند؛ فراکسیۆنە
کوردستانییەکان لە بەغدا توانیان رۆڵی خۆیان ببینن لە بەرگریکردن لە شایستە
داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەیە.

وتیشی: ئەگەر حکومەت خەم
و پەرۆشی بۆ خەڵکی کوردستان هەبوایە، لەوکاتەوەی بەغدا (317) ملیار دینارەکەی بۆ
هەرێم دەنارد، حکومەت دەیتوانی پاشەکەوتی موچە هەڵبگرێت، بەڵام ئیرادەیەکی سیاسی و
بەرژەوەندی حیزبی رێگربوە لەو کارە.

رونیشیکردوە، ئەو
بیانویانەی کرانە هۆکار بۆ سەپاندنی سیستمی پاشەکەوت، هەمو نا لۆژیکی بو، چونکە
ئەوکاتەی پاشەکەوت سەپێندرا، نرخی نەوت (27) دۆلار بو، شەڕی داعش هەبو، بەڵام
دواتر نرخی نەوت گەیشتە (80) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و شەڕی داعش نەما، بەڵام
پاشەکەوت وەکو خۆی مایەوە و دەستکاری نەکرا، جگە لەوەش هەرێم هێندەی کێشەی
ئیدارەدانی پارەی هەیە، هێندە کێشەی خودی پارەی نییە.

ئەو پەرلەمانتارە
داواشی کرد هەرێم پابەندی یاسای بودجەی عێراق بێت نەک وەکو ساڵانی رابردو پابەند
نەبێت، چونکە ئەوەی ئەمساڵ بۆ هەرێم کراوە لە بودجەدا، بۆ هیچ پارێزگایەک و
ناوچەیەکی دیکەی عێراق نەکراوە و چاوپۆشی لە زۆر شتی هەرێمی کراوە.


هەواڵی زیاتر