د. ده‌رباز محه‌مه‌د: ده‌سه‌ڵاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت كۆنتڕۆڵی‌ جومگه‌كانی‌ كردوه‌

05/07/2021



ئه‌ندامێكی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌سه‌ڵاتێك هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌، ئه‌و كۆنتڕۆڵی‌ جومگه‌كانی‌ كردوه‌ و چی‌ بوێت ئاوا هه‌نگاو ده‌نێت. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌  گۆڕان له‌ پره‌نسیپه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و كاك نه‌وشیروان لاینه‌داوه‌ و ته‌نازولیان له‌ هیچ یه‌كێك له‌و پره‌نسیپانه‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام گرفتێك هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ حكومه‌تداین و ئه‌و پره‌نسیپانه‌ جێبه‌جێ ناكرێت.

د. ده‌رباز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دۆخی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناجێگیره‌ و زۆرباش نییه‌ و كێشه‌ داراییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عێراق وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌، ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ تادێت زیاتر ده‌بێت، له‌ناوخۆش دابڕانێكی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان خه‌ڵك و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌، ده‌سه‌لات نه‌یتوانیوه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی‌ داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵك بێت كه‌ ده‌شڵێین ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قوڵه‌یه‌ كه‌ هه‌ژمونی‌ به‌سه‌ر هه‌مو كایه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ گشتی‌ دۆخی‌ هه‌رێم باش نییه‌ و ئه‌وه‌ش كه‌ڵه‌كه‌بوی‌ (29) ساڵی‌ حكومه‌ڕانیی رابردوه‌ و جگه‌ له‌وه‌ش تائێستا هه‌نگاوه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌ به‌پێویست نابینین، چونكه‌ مه‌به‌ستی‌ ئێمه‌ له‌ چاكسازی‌ مه‌له‌فی‌ نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و دادگاكان مافی‌ مرۆلإه‌ كه‌ هیچی‌ وه‌ك پێویست نه‌چوه‌ته‌ پێشه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاوپه‌یمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ده‌ڵێت: هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌مان زۆر رونه‌ و ده‌قه‌كه‌شی‌ بڵاوبوه‌ته‌وه‌، له‌ كوردستان چه‌نده‌ جیاوازبین هه‌ر ده‌بێت له‌ به‌غدا به‌ ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ و پلانی‌ كورددا بچینه‌وه‌، ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ش سه‌دایه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان له‌ ژێر چه‌تری‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و بۆئه‌وه‌ی‌ قورساییه‌ك باشترمان هه‌بێت له‌ به‌غدا.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی‌ چاكسازی‌ كه‌ بنه‌مای‌ رێككه‌وتنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ پێكهێانی‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، د. ده‌رباز محه‌مه‌د ده‌ڵێت: له‌ روی‌ تیۆری‌ هه‌نگاوی‌ باش نراوه‌ بۆ چاكسازی‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاكسازی‌ له‌ خه‌رجییه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ رونی‌ وتومانه‌ چاكسازییه‌كان تائێستا ریشه‌یی‌ و گشتگیر نین و خاوو خلیچیه‌كی‌ زۆر هه‌یه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ چاكسازیكردن یاسای‌ ناوێت و كاتی‌ زۆریشی‌ ناوێت، بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ تائێستا ئه‌و هه‌نگاوه‌مان نه‌بینیوه‌ به‌جددی‌ به‌دوای‌ چاكسازیدا بگه‌ڕێت.

هه‌روه‌ك رونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین مه‌له‌ف له‌ روی‌ داهاته‌وه‌ نه‌وته‌ تائێستا ده‌ستی‌ بۆ نه‌براوه‌، له‌ روی‌ ئه‌منی‌ و سه‌ربازییه‌وه‌ مه‌له‌فی‌ ئاسایش و پێشمه‌رگه‌یه‌ و سه‌رباری‌ فشاری‌ هاوپه‌یمانان تائێستا ده‌ستی‌ بۆ نه‌براوه‌، له‌ كه‌یس و مه‌له‌فه‌كانی‌ دیكه‌شدا تائێستا هه‌نگاوی‌ ئیجابی‌ نه‌نراوه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردوه‌ كه‌ وه‌زیره‌كانیان فیعلین و هه‌وڵی‌ خۆیان داوه‌، به‌ڵام "باوه‌ڕێك هه‌یه‌ له‌ شه‌رقدا كه‌ سوڵته‌ی‌ بڕیاردان دابه‌ش نابێت، به‌سیتترین كارێك وه‌زاره‌تێك ده‌یكات، ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بدرێت، له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش ئاشكرایه‌ چۆن بڕیاره‌كه‌ ده‌درێت".

له‌باره‌ی‌ بارگرژییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن ده‌ڵێت: له‌ هه‌مو حاڵه‌تێكدا هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی‌ و په‌كه‌كه‌ و هه‌ر لایه‌نێكی‌ ترا هه‌بێت به‌شێوازی‌ گفتوگۆ و ئاتیانه‌چاره‌سه‌ر بكرێت، هیچ كاتێك پێویست ناكات خوێنی‌ كورد به‌ ده‌ستی‌ كورد بڕژێت بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌جێندایه‌ك بێته‌ دی‌.


هەواڵی زیاتر