دلێر عەبدولخالق: هەرێمى کوردستان پێویستى بە میدیایەکى نیشتیمانى هەیە

10/07/2021

رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، زۆرجار پەیوەندى و لێکترازانى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان و گرژى و ناکۆکیە ناوخۆییە حزبیەکان؛ بەهۆى خراپ ئیدارەدانى ئەو میدیایانەوە بوە کە وابەستەن بە کارەکتەرێکى سیاسى لەناو حزبێکیدا و بەرژەوەندیەکانى تاکە شەخسێک جێبەجێ دەکەن، دەشڵێت: بە تێڕوانى بزوتنەوەى گۆڕان ئامانجى نیشتیمانى لە ئامانجى دیموکراسى جیاناکرێتەوە و پێویستە هەرێمى کوردستان خاوەنى میدیایەکى نیشتیمانى بێت.


دلێر عەبدولخالق رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چوارچێوەی بەشداریکردنى لە (کۆڕبەندى نیشتیمانى بۆ ریفۆرمى میدیایى) کە ئەمڕۆ شەممە (10/7/2021) لە لایەن رێکخراوە چاودێری میدیایی کوردی ڕێکخرابو، رایگەیاند: روانگەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ چاکسازى میدیایى، پشت ئەستورە بە تێڕوانینى رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) کە بەرگریکردنە لەو تێگەیشتنە میدیاییەى کە پێویستە هەرێمى کوردستان خاوەنى میدیایەکى نیشتیمانى بێت.

دەشڵێت: لە سەرەتاکانى دروستبونى قەوارەکەیەوە؛ هەرێمى کوردستان دەرگیرى کۆمەڵێک کێشەى بونیادی و بنەڕەتى بوەتەوە، هەر لە سەروەرنەبونى یاسا و بەحزبیکردنى هەمو بوارەکانى کۆمەڵگە و بە حزبیکردنى زانکۆکان و نەبونى شەفافیەت و دامەزراوەى نیشتیمانى و نەبونى هێزى نیشتیمانى.

لەبارەى دەستپێکى هەنگاوەکان بۆ ریفۆرمى میدیایى دلێر عەبدولخالق وتى: لە هەرشوێنێک ئاستەکانى سەروەرى یاسا لاوازبێت؛ هەنگاوەکانى چاکسازیش لاواز دەبێت، بە تێگەیشتن لەو هەلومەرجە سیاسیەى لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا دەگوزەرێت، بەبێ چاکسازیکردن لە کایەکانى سیاسەت و کارگێڕى و ئابورى و یاسایى، قسەکردن لە چاکسازى میدیایی نادروستە، چونکە ئێستا هەرێمى کوردستان پێویستى بە چاکسازى گشتگیر هەیە و لەنێو ئەو چاکسازیەشدا پێویستیمان بە چاکسازى میدیایى هەیە.

جەختیکردەوە، بە تێڕوانینى بزوتنەوەى گۆڕان ئامانجى نیشتیمانى لە ئامانجى دیموکراسى جیاناکرێتەوە و بۆئەوەى هەرێمێکى بەهێز هەبێت و بتوانێت روبەڕوى ئاڵنگاریەکان ببێتەوە، پێویستە نەریتى دیموکراسى و ئازادیەکانى تاک گەشەى پێبدرێت و رێز لە  ئازادیە مەدەنیەکان و ئازادى رۆژنامەوانى بگیرێت.

رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا میدیاى حزبى هەژمونى هەیە لە هەرێمى کوردستاندا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا میدیاى سێبەر بوونى هەیە کە خەڵکانێک هەن تەنها لەپێناو پاڵپشتى مادى؛  وابەستەن بە کارەکتەرێکى سیاسى لەناو حزبێکیدا و بەرژەوەندیەکانى تاکە شەخسێک جێبەجێ دەکات، کە ئەمەش مەترسیەکى گەورەیە، چونکە زۆرجار پەیوەندى و لێکترازانى لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان و گرژى و ناکۆکیە ناوخۆییە حزبیەکان؛ بەهۆى خراپ ئیدارەدانى ئەو میدیایانەوە بوە.


هەواڵی زیاتر