شێخ کامیل قادر: نە سازشمان کردوە نە پاشگەز بوینەتەوە لە سەوابتە نەگۆڕەکانى گۆڕان
25/07/2021
سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: خاڵى بەهێز و
جیاکەرەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لە هێز و لایەنەکانى دیکە، داکوکیکردنە لە داواو
مافەکانى خەڵک و سەوابیتەکانى خۆى، لە دابینکردنى خۆشگوزەرانى بۆ خەڵک و نەهێشتنى
ناعەدالەتى و نایەکسانى و گەندەڵیی و ئەنجامدانى چاکسازیی ریشەیى لە کۆى کەرت و
کایەکانى حکومڕانى.
شێخ کامیل قادر، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و ئەندامى خانەى راپەڕاندنى
بزوتنەوەى گۆڕان لە (١٢)یەم ساڵیادى یەکەم بەشدارى سیاسى بزوتنەوەکە لە
دیمانەیەکدا لەگەڵ سایتى فەرمى (گۆڕان)، ئاماژە بە ئەزمونى چەند ساڵى رابردو لەگەڵ
هەوراز و نشێوى و بەربەستەکانى بەردەم بزوتنەوەکە دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت
دەکاتەوە کە گۆڕان ئەگەر میکانیزمەکانى خۆى گۆڕیبێت ئەوا داواکارى و پڕۆژە و
پرەنسیپەکانى وەک خۆى ماوە کە داخوازى خەڵکن و بەردەوامن لەسەرى، دەشڵێت:" ئەگەر میکانیزمەکەش گۆڕابێت،
بە دڵنیاییەوە هیچ سازش و پاشگەز بونەوەیەکمان نەبوە و نییە لە بەرنامە و پرەنسیپە
بنەڕەتیەکانى بزوتنەوەکە، ئێمە پاشەکشەمان لە سەوابتە نەگۆڕەکانمان نەکردوە و
ناشیکەین".
هاوکات دوپاتى دەکاتەوە کە گۆڕان بزوتنهوهیهكی مهدهنی و پهرلهمانییه
و دەیانەوێت بە خەباتى مەدەنى و پەرلەمانى ئەو گۆڕانکارییانەى دەیانەوێ بەدى بهێنن
و چاکسازى راستەقینە لە سیستمى حکومڕانى رەنگبداتەوە و لە سەرەتاى دروستبونەوەى
گۆڕانیشەوە نەخشەرێگامان هەبوە بۆ جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان لەیەکتر بەو مانایەى
هەر یەکە لەو دەسەڵاتانە دەبێت نرخ و تایبەتمەندى خۆیان هەبێت و تێکەڵى یەکتر
نەکرێن و دوربن لە دەستوەردانى حیزبى.
ئەندامەکەى خانەى راپەڕاندن جەخت دەکاتەوە لەوەى ئەگەر لەماوەى (١٢) ساڵى
رابردودا کار لەسەر پڕۆژەکانى گۆڕان بکرایە دۆخى خەڵک و کوردستان بەم رۆژەى ئێستا
نەدەگەیشت و دەڵێت: لایەنەکانى دیکەش دانیان بەوەدا ناوە، بەڵام ئێمە هیچ کات بێئومێد
نین و بەرنامەکانى گۆڕان هەر دەبێ جێبەجێ بكرێن دەنا ئەم کوردستانە وەک ئێستا
نامێنێت، بەتایبەت کە ئێستا مەترسى جدیتر و گەورەتر لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، رۆژێکیش
هەمو خەڵک تێ دەگات کە داواکارییەکانى گۆڕان چی بون و لە پێناو کێدا بون، بۆیە
پشتمان تێ ناکەن".
دەقى دیمانەکە:
* 12 ساڵ بهسهر یهكهم بهشداری سیاسی بزوتنهوهی گۆڕاندا تێدهپهڕێت،
خاڵی بههێز و جیاكهرهوهی ئهم بزوتنهوهیه چیه بهراورد به هێز و لایهنه
سیاسییهكانی دیكه؟
شێخ کامیل قادر: خاڵى بەهێزى بزوتنەوەى گۆڕان داکوکیکردنە لە داواو
مافەکانى خەڵک، ئەم بزوتنەوەیە لەسەر بنەماى خۆشگوزارنى بۆ خەڵک دروستبوە. ئەوەى ئێستاش داکۆکى لێ دەکەین رێکخستنەوەى ژیانى
خەڵک و دابینکردنى خۆشگوزەرانى بۆ خەڵک و نەهێشتنى ناعەدالەتى و نایەکسانى و
گەندەڵییە، ئەمە کرۆکى خاڵى بەهێزى بزوتنەوەى گۆڕانە کە تائێستاش سورین لەسەرى و
خەباتى بۆ دەکەین و هەوڵیشمان هەر بۆئەوە دەبێت ئەوە جێبەجێ بکەین. هەر ئەمەش خاڵى
بنەڕەتییە کە لە هێزەکانى دیکە جیامان دەکاتەوە.
* لەگەڵ ئەو جیاوازییەى ئاماژەى بۆ دەکەیت، ئێوە دواى ئەو ساڵانە لە خەبات
روبەڕوى رەخنەیەک دەبنەوە ئەویش بەشێکى پەیوەستە بەوەى دو مۆدێلتان تاقى کردوەتەوە
چ بەوەى ساڵانێک ئۆپۆزسیۆن بون چ ئەوەى دواتریش بەشدارى کابینەى حکومەتتان کرد،
بەڵام بەشێک ئەو پرەنسیپ و پڕۆژە و داواکارییانەى هەتانبو رەنگە لەسەر ئەرزى واقیع
وەک پێویست رەنگى نەدابێتەوە، هۆکارەکەى بۆچى دەگەڕێننەوە؟
شێخ کامیل قادر: هۆکارەکان زۆرن، هۆکارى بابەتى و هۆکارى خودی-ش هەبوە، دواى ئەزمونى ئۆپۆزسیۆن لە دو قۆناغدا ئێمە چوینەتە حکومەتەوە بۆئەوەى لەناو
حکومەتەوە چاکسازى بکەین و خزمەت بکەینە و لەوێوە فشارێک لەسەر هێزەکانى دەسەڵات
دروست بکەین و کاریگەریمان هەبێت لەسەریان بۆ بەدى هێنانى ئامانجە باڵاکانى خەڵک و
ئەوەى ئێمە دەمانەوێت کە بەرژەوەندى حیزبى نەبون.
هۆکارەکان زۆرن، پێش هەمو شتێک لە قۆناغى یەکەمدا داعش نەیهێشت ئەو
ئامانجانە بەدى بێن و هێرشەکانى چەکدارانى داعش وایکرد نائارامییەک دروست بێت و
رۆژانە شەهید و قوربانى دەگەڕێنرانەوە بۆ نێو ماڵەکان لە تەواوى هەرێمى کوردستان، ئەمە
وایکرد دەست و دەممان بگیرێت بۆئەوەى لە کارنامەمان هەبوە جێبەجێى بکەین.
لەم کابینەیەشدا کە ئێمە بەپێى رێککەوتنێک تێیدا بەشداربوین، دواى
سەرەتایەکى کەم پەتاى کۆرۆنا بوە هۆى
نەهامەتى گەورە تەنانەت لەسەر ئاستى جیهانیش، حکومەتى هەرێمیش بەدەرنەبوە لە زیان
و لێکەوتەکانى ئەو پەتا جیهانییە و روبەڕوى دۆخێک بوەوە کە لەدەسەڵاتیدا نەبو.
ئەم دو هۆکارە بە پلەى یەکەم وایکرد لە هەردو قۆناغەکەدا هەندێک چاوپۆشى
بکەین لە پەلە کردن لە بەجێگەیاندنى داواکارى و پڕۆژەکانمان، بەڵام بەردەوام
داواکارییەکانمان داخوازى خەڵکە و بەردەوامین لەسەرى.
* بەڵام هەندێکجار تۆمەتبار دەکرێن بەوەى پاشەکشەتان کردوە لە رێگەى راستى
بزوتنەوەکە و بنەماکانى، ئایا ئەگەر بێدەنگییەک یان کەمبونەوەى توندیی
فشارەکانتان هەست پێ بکرێت سازش و پاشگەز بونەوە نییە لە بەرنامە و پرەنسیپە
بنەڕەتیەکانى بزوتنەوەکە؟
شێخ کامیل قادر: بە دڵنیاییەوە نەخێر، ئێستاش ئەو تیمانەى هەمانە لە
حکومەتى خۆجێ و حکومەتى هەرێمى و پەرلەمانتارەکانمان و ئەندامەکانى ئەنجومەنى
پارێزگامان سورن لەسەر ئەو داواکارییانە و جێبەجێکردنى بەرنامەکانى بزوتنەوەى
گۆڕان. چونکە هەندێک شت لاى ئێمە سەوابتە، سەوابت ئەو کارنامەیەیە کە ئێمە داومانە
بە حکومەتى هەرێم و حکومتى خۆجێیش ئەوەش چاکسازییە لە هەمو سێکتەرەکان ئەمە نەگۆڕە
لاى ئێمە، ئەگەر بە خاویش چوبێتنە پێشەوە هۆکارەکان دیارین.
بەڵام ئێمە پاشەکشەمان لە سەوابتە نەگۆڕەکانمان نەکردوە و ناشیکەین.
* گۆڕان بزوتنهوهیهكی مهدهنی و پهرلهمانییه و بزوتنهوهیهكی شۆڕشگێڕی
نییه، ئایا ئەمە هۆکارە بۆئەوەى بتانەوێ بە هێزى نەرم و خەباتى مەدەنى و
پەرلەمانى ئەو گۆڕانکارییانەى دەتانەوێ بەدى بهێنن و چاکسازى راستەقینە لە سیستمى
حکومڕانى رەنگبداتەوە؟
شێخ کامیل قادر: بەڵێ، رێک بەو شێوەیەیە، ئێمە نەمانویستوە لەو دۆخە
ناهەموارەى خەڵکى کوردستان پێیدا گوزەر دەکات لە خراپى دۆخى موچە و گوزەران، لە بێ
ئاوى و کەمى کارەبا و چەندین قەیرانى دیکە، بێین و نائارامییەکى دەرونیش دروست
بکەین و فشارەکان لەسەر هەست و دەرونى خەڵک زیاد بکەین. ئێمە ویستومانە ئەو
ئارامییە لەخەڵک تێک نەدەین و لانى کەم لەم هەمو قەیرانەى کە تێیدان بە ئارامى
بچنەوە ماڵەکانیان.
* ئێوه ههمیشه خۆتان به ئاڵا ههڵگری چاكسازیی لهقهڵهم دهدهن و یهكهم
دهنگ لهنێو پهرلهمانهوه بۆ ئهو پرسه نوێنهرانی ئێوه نوێنهرایهتیان
كرد، بهڵام ئێستا ئهو پرسه به خاوی بهڕێوه دهچێت خۆشت باست لە هەندێک لە
هۆکارەکان کرد لە گۆشەنیگاى خۆتانەوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا وەک ئەوەى هەندێک
باسى دەکەن ئەمە تەراجوعێکە لەلایەن ئێوەوە بۆ قبوڵکردنى ئەو دۆخە یان ئێوە
پێداگرن و تەنها میکانیزمتان گۆڕیوە؟
شێخ کامیل قادر: بەڵێ ئێمە سیاسەت دەکەین کە سیاسەت فەنى مومکیناتە، چى
مومکین بێ ئێمە ئەوە دەکەین، رەنگە هەندێکجار رەخنە و کێشەت بۆ دروستبکەن،
بەڵام ئێمە واقیع بینیانە سیاسەت دەکەين لەم هەرێمەدا کە رەنجى سەدان ساڵە، ئەوەى
ئێمە دەیکەين رەنگە بەپێى قۆناغەکان چ لە ئۆپۆزسیۆن چ لە حکومەت گۆڕانکارى بەسەر
شێوازەکەیدا هاتبێت، بەڵام لە هەمویاندا ئامانجمان جێیبەجێکردنى داواکارییەکانمانە
و پاشگەز نەبوینەتەوە و پاشگەزیش نابینەوە لەو بنەما و داواکارییانەى کە هەمیشە
پڕۆژەمان بۆ چارەسەریان هەبوە.
* ئێوه لەو رێككهوتنە سیاسیانەى لەماوەى رابردودا کردوتانە و پێشتریش لەو
پاکێجانەى لەگەڵ چەند لایەنێکى دیکە پێشکەشتان کردون، هەمیشە جەختتان لەوە
کردوەتەوە کە پەرلەمان وەک مەرجەعێکى باڵا بێت و رۆڵی چاودێری خۆی بگێڕێت،
ئێستاش هەر ئەو بڕوایەتان هەیە کە ئەو رۆڵە بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە و ئەرکى
راستەقینەى خۆى جێبەجێى بکات؟
شێخ کامیل قادر: لە سەرەتاى دروستبونەوەى گۆڕانەوە ئێمە نەخشەرێگامان هەبوە
بۆ جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان لە یەکترى، دەسەڵاتى تەشریعى دەسەڵاتى تەنفیزى و
دادوەرى، ئەوە یەکێکە لە سەوابتەكانمان کە دەبێت پەرلەمان پەرلەمانى خەڵک بێت و
بتوانێت یاساى باش دەربکات و چاودێربێت بەسەر حکومەت و دەسەڵاتى جێبەجێ کردنەوە.
ئێمە سورین لەسەر ئەو بنەمایانە، هەر یەکە لەو دەسەڵاتانە دەبێت نرخ و تایبەتمەندى
خۆیان هەبێت و تێکەڵى یەکتر نەکرێن و دوربن لە دەستوەردانى حیزبى، بەڵام ئێستا
ئەمە نابینین بە راستى چونکە دەستوەردانى حیزبى وەک خۆى ماوە.
لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا و بۆ داهاتوش، ئێمە سورین لەسەر ئەو داواکارییانە و
ئەوەى کە سیستمى وڵات سیستمى پەرلەمانى بێت واتە دەسەڵاتى یاسا دانان بەهێز و
تۆکمە بێت، هەروەها دەسەڵاتى یاسا دانان و تەنفیزى و داوەرى و زانکۆکان و هەمو
کایەکان دوربن لە دەستوەردانى حیزبى. ئەمە لە وتەکانى کاك نەوشیروانەوە رەنگى
داوەتەوە و ئێستاش ئێمە پێداگرى لێ دەکەین.
* بەڵام وا (١٢) ساڵ تێدەپەڕێت و بەشێکى زۆر لەو داخوازى و سەوابتانە وەک
خۆیان ماون و لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێ نەکراون، یان راستتر بڵێین، تائێستا هێزەکانى دەسەڵات ملیان بۆ
نەداوە و نەچونە ژێربارى جێبەجێکردنى زۆرینەیانەوە، پێتوایە ئەگەر ئەو پڕۆژە و
سەوابیتانەى بزوتنهوهی گۆڕان ئەگەر لەم ماوەیەدا گوێی لێبگیرایە دۆخی خهڵك
و تهنانهت ئابوری و مهترسییهكانی سهر قهوارهی ههرێمی كوردستان بهم شێوهیهی
ئێستا دهبون؟
شێخ کامیل قادر: هەر لە وتەکانى بەرپرسانى باڵاى حیزبەکانى دەسەڵات و
تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش کە وتویانە ئەگەر ئەوانەى گۆڕان وتویەتى جێبەجێ بکرایە دۆخى
خەڵک و وڵات بەم رۆژە نەدەگەیشت و کوردستان لەم دۆخەى ئێستا نەدەبو ئەمە بە
دانپێدانانى خۆیان، چونکە ئەوەى ئێمە وتومانە و پڕۆژەمان بۆى هەبوە لە پێناو
کوردستان و هەرێمەکە و خەڵک و دانیشتوانى هەرێمى کوردستان بوە.
* بۆچونێک هەیە پێیوایە دۆخەکە هیچکات ناگەڕێتەوە کاتى پێش ئەم قەیرانانەى
بەرۆکى خەڵک و قەوارەى هەرێمى کوردستانیشیان گرتوە، ئایا ئێوە هەمان تێڕوانینتان
هەیە یان پێتانوایە دەرفەت ماوە و دەتوانرێت دۆخەکە بە ئاقارێکى راست و کەنارى
ئارامى بگەیەندرێت؟
شێخ کامیل قادر: ئێمە وەک بزوتنەوەى گۆڕان هیچ کات بێئومێد نین و تەحەمولى
ئەم دۆخە و رەخنە و فشارەکانیش دەكەین، بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانمان بەردەوام
دەبین بە شێوازەکانى خەبات ئۆپۆزسیۆن بێت یان لە حکومەت، ئەمانە هەر دەبێ جێبەجێ
بكرێن دەنا ئەم کوردستانە وەک ئێستا نامێنێت، بەتایبەت کە ئێستا مەترسى جدیتر و
گەورەتر لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە.
بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین،
رەنگە خەڵکێک هەبێ نەتوانێ لەگەڵمان بەردەوام بێ یان پێمان بڵێ هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام
بێئومێد نین و بەردەوامین، بۆ دورخستنەوەى ئەو مەترسیانەش کە هەن پڕۆرژە و بەرنامە
و داواکارییەکان بە چارەسەرى ریشەیى دەبینین.
رۆژێک خەڵک تێ دەگات کە داواکارییەکانى گۆڕان چی بون و لە پێناو کێدا بون،
بۆیە پشتمان تێ ناکەن.
* با لە کۆتاییدا کەمێک باسى پرسى ناوخۆى بزوتنەوەکە بکەین، ئێستا و پێش ١٢
یەمین ساڵیاد قۆناغى یەکەمى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانتان ئەنجامدا، ئەو پڕۆسەیە بە چى
گەیشتوە؟
شێخ کامیل قادر: بڕیارمانداوە کۆنفرانسى نیشتیمانى ببەستین بۆئەوەش کۆمەڵێک
رێکار هەن کە بەشێکیان هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانە، قۆناغى یەکەممان تەواو کردوە
قۆناغى دوەم دواى جەژنى قوربان دەستپێدەکەین، دواتریش کاتێک دیارى دەکەین بۆ
ئەنجامدانى کۆنفڕانسى دوەمى نیشتیمانى.
هەندێک لیژانیشمان پێکهێناوە و ئەوانیش کارەکانى خۆیان ئەنجامداوە و بەرەو
ئەوە دەڕۆین کە بەم زوانە کۆنفرانسى نیشتیمانى ببەستین.