هێمن شێخانی‌: (12) ساڵە گۆڕان خه‌بات دەکات بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ و وەڵامدانەوەى داخوازییەکانی‌ خه‌ڵك

26/07/2021


باژێروانی‌ هه‌ولێری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ ئەوەى (12) ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بە پشتیوانى جەماوەرى کوردستان و دەنگدەران ئەنجامیدا راپه‌ڕینێكی‌ ترى جەماوەرى بو، به‌ڵام به‌شێوازێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و په‌رله‌مانی‌ به‌سه‌ر زوڵم و سته‌م و گه‌نده‌ڵی‌ و نادادی‌-دا، ئەو بەرژەوەندیخوازانەى زیانمەند دەبون بونە بەربەست لەبەردەم پڕۆژەکانى گۆڕان، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە پێداگرە لە داوا رەواکانى و جێبەجێکردنى پڕۆژە و بەرنامەکانى کە بۆ خزمەتى خەڵک و کوردستانە.

هێمن شێخانی‌، باژێروانی‌ هه‌ولێری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، لە بارەى (12) ساڵى رابردو دواى یەکەم بەشدارى سیاسى بزوتنەوەکە بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: لەم (12) ساڵەدا گۆڕان خه‌باتێكی‌ بێوچانی‌ كردوه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك و گۆڕینی‌ شێوازی‌ داواكارییه‌كان له‌شه‌ڕی‌ چه‌كدارییه‌وه‌ بۆ خه‌باتی‌ شه‌قام و په‌رله‌مان به‌ شێوازێكی‌ مه‌ده‌نی‌، لەکاتێکدا بە بونى دەسەڵاتێک کە هێز لە دەستى دایە و بونى به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبەت و حیزبى، داواكردنی‌ مافه‌ ره‌واكان به‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ قورسه‌ و ئاسان نییه‌، بەڵام گۆڕان له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبونییەوە باوه‌ڕى به‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ نه‌بوه‌، به‌ڵكو خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ ده‌بێت بۆ پاراستنی‌ خاك و نیشتیمان و هاوڵاتییانی‌ ئه‌م هه‌رێمی‌ كوردستانە بێت.

لەبارەى بەرنامەى گۆڕان بۆ گۆڕین و چاکسازى نەهاتنە دى بەشێک لەو خەون و بەرنامانە، هێمن شێخانى دەڵێت: ئێمه‌ به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌مان هه‌بوه‌ بۆ یه‌كڕیزی‌ نیشتیمانی‌، بۆ دروستبونی‌ هێزێكی‌ نیشتیمانی‌ نیزامی‌ بۆ پاراستنی‌ خاك و خه‌ڵكی‌ كوردستان، بۆ روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و ئەنجامدانى چاکسازى هەمەلایەنە، هۆكاری‌ جێبه‌جێ نه‌بونی‌ بەشێک لەو داواكارییانەشمان به‌ربه‌ست دروست كردنه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ و به‌رنامانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و گروپ و تاقم و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی‌ له‌ جێبه‌جێكردنیان زیانمه‌ند ده‌بون و بونه‌ له‌مپه‌ر و رێگر".

ئاماژە بەوەش دەکات دواى ئەو ساڵانە لە خەباتى بەردەوام، کابینەیەکى حکومەت پێکهات كه‌ دروشمه‌كه‌ی‌ چاكسازییه‌، هاوکات ئێستا زۆربەى لایەنەکانى دیکە دروشمەکانى (12) ساڵ لەمەوبەرى گۆڕان دەڵێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا "گۆڕان له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونیه‌وه‌ تائێستا ئامانجه‌كه‌ی‌ نه‌گۆڕه‌ چ له‌ ئۆپۆزسیۆن بوبێت‌ چ له‌و كاتانه‌ش كه‌ به‌شداری‌ له‌ حكومه‌ت بوه‌ چ له‌و رێككه‌وتنانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌ن و هێزه‌ سیاسیه‌كان كردویه‌تی‌، تیمه‌كانیشمان له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان به‌رگریكاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ داوا ره‌واكانی‌ هاوڵاتیانن به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و رێژه‌ و قه‌باره‌یه‌ی‌ هه‌یانه‌ ده‌توانن فشار بكه‌ن".


هەواڵی زیاتر