وتەبێژى گۆڕان: لەبرى ململانێى سیاسى حزبیى بەرتەسک و بچوک پێگەى کورد لە بەغدا بەهێز بکەینەوە
01/08/2021
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان
رایدەگەیەنێت؛ لە ئایندەیەکى نزیکدا قۆناغى دوەمى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى گۆڕان بەڕێوەدەچێت
و ئەمساڵ کۆنفڕانسى نیشتیمانى دەبەستین، دەشڵێت:"لەگەڵ ئەوەداین متمانە
لەنێوان لایەنە سیاسیەکان زیاتر بێ و پڕۆسەى چاکسازى گشتگیر و گۆڕانکارى بچێتە
پێشەوە و مانگانە موچە بە بێ لێبڕین دابەش بکرێت، لەبرى ئەوەى بەغداش بکەینە
گۆڕەپانى ململانێى سیاسى حزبیى بەرتەسک و بچوک، بتوانین داکۆکی لە ماف و شایستە
داراییەکانى خەڵکى کوردستان بکەین و پێگەى کورد بەهێز بکەینەوە".
دلێر عەبدولخالق،
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى
گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بەڕێوەچو، ئەجێنداى
کۆبوەنەوەکە چەند تەوەر و چەند پرسێک و چەند بڕیارێکى تێدا گەڵاڵەبو.
دەقى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە:
پەیوەندیدار بە دۆخى
ناوخۆیى بزوتنەوەى گۆڕان؛ بڕیاردرا لە ئایندەیەکى زۆر نزیکدا قۆناغى دوەمى
هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى گۆڕان بۆ هەلبژاردنى دەستەى قەزاکان و باژێروانەکان
بەڕێوەبچێت و هەمو هەوڵێکیش بدرێت بۆئەوەى لەمساڵدا دوەم کۆنفرانسى نیشتیمانى خۆى
بەڕێوەبەرێت و لیژنەکان کارى باشیان کردوە و پەیکەرەى رێکخراوەیى بزوتنەوەى گۆڕان
بەهێزە ، هیچ موقەدەرێک نەیەتەە پێشەوە ئەمساڵ کۆنفرانسى نیشتیمانى دەبەستین
پەیوەندیدار بە هەرێمى
کوردستان؛ لەگەڵ ئەوەبوین ئەو رێککەوتنانەى هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بۆ
پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی، زیاتر
جیبەجێ بکرێن و متمانە لەنێوان لایەنە سیاسیەکان زیاتر بێ و پڕۆسەى چاکسازى گشتگیر
و گۆڕانکارى بچێتە پێشەوە و بتوانین متمانەى خەڵکى خۆمان بەدەستبهێنینەوە و لە
هەموى گرنگتر حکومەتى هەرێم بتوانێت مانگانە موچە بە بێ لێبڕین دابەش بکات.
جەختمان کردەوە هەمو ئامادەکارییەکان
بکرێت و هەمو ئۆرگان و بازنە و مەکۆ و رایەڵەکانمان هەوڵى جدى و رژد بدەن بۆ
سەرخستنى هاوپەیمانى کوردستان لە هەلبژاردنى داهاتوى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و
سەرکەوتنى کاندیدەکان و جێبەجێکردنى رێککەوتنى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى
نیشتیمانى کوردستان کە پەیوەندیدارە بە هاوپەیمانى کوردستان.
پەیوەندیدار بە بەغدا،
پێمانوایە قۆناغى داهاتو قۆناغێکى چارەنوسسازە بۆ میللەتەکەمان، گۆڕانکارییەکانى
ناوچەکە و دۆخى سیاسى و ئەمنى و ئیدارى و خزمەتگوزارى لە عێراق و هەرێمى کوردستان
ئەوەمان لێدەخوازێت، لەبرى ئەوەى بەغدا بکەینە گۆڕەپانى ململانێى سیاسى حزبیى
بەرتەسک و بچوک، بەڵکو لەدواى هەڵبژاردنەکان هەمو لایەنە سیاسیەیەکان بتوانین
لەسەر بنچینەى پاراستنى بەرژەوەندیە باڵاکانى خەڵکى کوردستان و داکۆکیکردن لە ماف
و شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان یەک دەنگ و یەکگرتو لە بەغدا پێگەى کورد
بەهێز بکەینەوە و هەنگاوى گرنگ بنێین بۆ بەهێزکردنەوەى پەیوەندییەکانى کورد لەگەڵ
لایەنى شیعە و سوننە و پێکهاتەکانى دیکە لە عێراقدا.