د. ئاکۆ حەمەکەریم: هەوڵدەدرێت دادگا وەک فشار بەرامبەر (KNN) بەکار بهێنرێت

06/02/2019

د. ئاکۆ حەمەکەریم
رایدەگەیەنێت؛ کەناڵى (کەى ئێن ئێن) هەمیشە لەبەرەى خەڵکدا بوە و رۆڵى کاریگەرى
هەبوە لە هۆشیار کردنەوەى هاوڵاتیان بەرامبەر ئەرک و مافەکانیان و
دەڵێت:"ئەوەش وایکردوە هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتەوە فشارى لەسەر بێت و ئێستاش
هەوڵ دەدرێت دادگا وەک کارتێکى فشار بەرامبەرى بەکار بهێنرێت".

د. ئاکۆ حەمەکەریم، بەڕێوەبەرى
گشتى کەناڵى (کەى ئێن ئێن) لەبارەى ئەو فشارە بەردەوامانەى لەسەر کەناڵەکە کە
دواترینیان تۆمار کردنى سکاڵایە لەلایەن بەرپرسانى حیزبەکانى دەسەڵاتەوە،
دەڵێت:"کەناڵى (کەى ئێن ئێن) لە سەرەتاى دامەزراندنییەوە روبەڕوى چەندین فشار
و توندوتیژى بوەتەوە تا هەوڵدان بۆ پەلاماردانى، ئێستاش زیادبونى سکاڵا لەلایەن
دەسەڵات یان بەرپرسانى حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە بەڵگەى بەکارهێنانى دادگاکانن بۆ
فشار خستنە سەر میدیا هەوڵدان بۆ ملکەچپێکردنى و بەرتەسسکردنەوەى کارى رۆژنامەوانى".

ئەوەش دوپات دەکاتەوە
کە کەناڵى (کەى ئێن ئێن) لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە لە خزمەت خەڵکدا بوە و لە سەنگەرى
بەرگریدا بوە لە راستییەکان و ئەو مەلەفانەى هەڵداوەتەوە کە هیچ کەناڵێکى دیکە
نەیوێراوە دەستیان بۆببات، "لە بەرامبەردا دەسەڵاتداران کاتێک زانیویانە ترس
و هەڕەشە ناتوانێت کەناڵەکە بوەستێنێت، پەنایان بۆ سکاڵاى یاسایى بردوە".

هەروەک جەخت لەوە
دەکاتەوە کەناڵەکە کارى پیشەیى کردوە بەدەر لە بەرژوەندى تایبەت و هەوڵى داوە
کێشەکانى هاوڵاتیان بگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتداران، جگە لەوە یەکەم کەناڵى ئاسمانى
بوە کە رەخنەگر بوە و رۆڵى کاریگەرى هەبوە لە هۆشیار کردنەوەى خەڵک بەوەى ماف و
ئەرکى چیە.

سەبارەت بە خراپى رەوشى
رۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستان، د. ئاکۆ حەمەکەریم دەڵێت:"رەوشى رۆژنامەگەرى
بۆ میدیاى سەربەخۆ خراپە، دەنا بۆ میدیاى دەسەڵات و سێبەر رەوشێکى لەبارە و هیچ
فشارێکیان لەسەر نییە".

هەروەک تیشک دەخاتە
سەر ئەو میدیا سێبەرانەى حیزبەکانى دەسەڵات یان کەسانى باڵادەستى ناو حیزبەکان
دروستیانکردوە بە ئامانجى جێگرتنەوەى میدیاى سەربەخۆ و "قۆرخکردنى بوارى رۆژنامەگەرییە
لە هەرێمى کوردستان، ئەمە پێشتر لە وڵاتە شمولییەکان پەیڕەو کراوە و دواتر
گواستراوەتەوە بۆ وڵاتانى دیکە، لە هەرێمى کوردستانیش هەوڵێک هەیە کە ئەو میدیا سەربەخۆ
و ئەهلییەى پێشتر هەبوە بە هەمو فشارەکان لاواز بکرێن و ئەوانە وەک جێگرەوەیان نیشان
بدرێن".

دەشڵێت:"میدیاى
سێبەر بەرگرى لەو هێز و کەسانە دەکات کە لە پشتیانەوەن و لەکاتى تەنگانە و پێویستى
خۆیان بەکاریدەهێنن و دو هێزە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان نەک بزنس و بازرگانى و
دەسەڵاتیان قۆرخکردوە، هەوڵیشیان هەیە میدیا ئیحتیکار بکەن، چۆنیەتى روماڵى
خۆپیشاندانەکان لەلایەن میدیا سێبەرەکانەوە ئامانجى پشت میدیاکان دەردەخەن و خەڵکیش لەو راستیە
تێگەیشتون".

هەروەک دڵنیایى ئەوەى
دا کە؛ (کەى ئێن ئێن) کەناڵى خەڵکە و سەربارى فشارى زۆرى ئابورى و سیاسى و یاسایى،
بە ئاسانى گۆڕەپانەکە چۆل ناکەن و بەوپەڕى تواناو هەوڵى بەردەوامیى و تەنانەت گەشەپێدانیشى
دەدەن لە لە داهاتودا.


هەواڵی زیاتر