د. شۆڕش حاجی: گۆڕان بۆ هەمو ئەگەرێک ئامادەیە

06/02/2019

د. شۆڕش حاجی رایدەگەیەنێت؛ ئەگەر رێژەیەکی باشی ئەو
گۆڕانکارییەی بزوتنەوەی گۆڕان داوای دەکات بە بەشداریکردنی لە حکومەت بێتەدی، ئەوا
گۆڕان بێ دودڵی ئەو رێگایە دەگرێتە بەرو جەختیش دەکاتەوە، گۆڕان لە هەمو ئاستێک خۆی بۆ
هەمو ئەگەرەکان ئامادە دەکات.

لە وتارێکیدا بە ناونیشانی
"بزوتنەوەی گۆڕان چی دەکات؟" کە لە بەشی وتارو بیروڕای (سبەی) بڵاوکراوەتەوە،
د. شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئەگەر
رێژەیەکی باشی ئەو گۆڕانکارییەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵاکەی بەرز کردۆتەوەو خەڵکی
کوردستان داوای دەکا بە بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەت بێتە دی، ئەوا گۆڕان بێ
دودڵی ئەو رێگایە دەگرێتە بەر. ئەگەرنا، ئەوا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە درێژە بە
خەبات دەدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی".

ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر
کردوەو، تا ئەم ساتە وەختەش، پەیڕەوی دەکا ئەوەیە کە لە رێگای خەباتی مەدەنی‌و بە
پشتیوانی خەڵکی کوردستان گۆڕانکاری ئەنجام بدرێ. تا گۆڕانخوازێک لەم هەرێمە بمێنێ بزوتنەوەی
گۆڕان لە هیچ بارودۆخێک‌و لەژێر هیچ فشارێک سازش لە پرەنسیپ‌و بەڵێن‌و پەیامەکانی
ناکات.
د.شۆڕش حاجی جەخت دەکاتەوە، کە پەیامەکانی گۆڕان لە
بەرژەوەندی خەڵکەو سەدان هەزار کەس بە بڕوای تەواوەوە پشتیوانی لێدەکەن، بۆیە "بزوتنەوەی
گۆڕان بە ئیرادەیەکی بەهێزو پشوێکی درێژەوە لە هەمو ئاستێک خۆی بۆ هەمو ئەگەرەکان ئامادە
دەکاو تا سەرکەوتن ناوەستێ".


هەواڵی زیاتر