یوسف محەمەد: بەو پارەیەی لە بەغداوە دێت دەتوانرێت ژیانی خەڵک باش بکرێت
06/02/2019
د.یوسف محەمەد رایدەگەیەنێت: لە بابەتی بودجەدا هەمو فراکسیۆنەکان هاوهەڵوێست
بون بۆ ئەوەی موچەی خەڵک و پێشمەرگە نەبێتە قوربانی ململانێکان، ئەوەی ئێستاش دەرفەتە بۆ
ئەوەی ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا
لەگەڵ کەناڵی (KNN) کە سەعات نۆی ئەمشەو بڵاودەکرێتەوە رایگەیاند: بۆ ئەمساڵ بابەتی موچە لە بودجەی هەرێم و فرۆشتنی
نەوتەکەی جیاکراوەتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە ساڵانی داهاتو بەم شێوەیە بێت،
بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتە نەوتییە چەوتەی کە لەماوەی رابردو
پەیڕەوی کردبو، بچێتەوە و پێویستە لە خاڵێکدا دابنێن بەوەدا کە هەڵەیان کردوە، جگە
لەوەش ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت و لەگەڵ ئەو نەوتەی ئەمساڵ دەفرۆشرێت، وای لێبکرێت
دۆخێکی خۆشگوزەران دروست بکرێت و خەڵکی هەرێم لەگەڵ سیاسەت ئاشت بکرێتەوە کە
بەراستی خەڵک هیلاک بوە.
ئاماژەی بەوەکرد؛ دەبێت کورد ئەولەویەتی خۆی رێکبخاتەوە و ئەوە بزانێت کە
رێگای چارەسەری کێشەکانی نە تاران و نە ئەنقەرەیە، بەڵکو بەغدایە و هەوڵی ئەوە بدات
بە دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
چارەسەر بکرێت، ئەوەش بە وازهێنان لە هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی لەپێناو
بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان.
بە وتەی د.یوسف محەمەد؛ هیچ شتێک لەوە بەهێزتر نابێت کە ناوخۆی کوردستان
بەهێز بکەیتەوە، ئەوەش پیویستی بە گژداچونەوەی گەندەڵی و بەهیزکردنی دامەزراوەکان
هەیە، کورد ئەگەر خۆی چاک بکات، نەک تەنها دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەغدا چاک
بکات، بەڵکو دەتوانێت لە ناوچەکەش رۆڵی گەورە ببینێت. ئێستا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی
و پەیوەندی نێودەوڵەتی، دەرفەت رەخساوە بۆ کارەکتەری نا دەوڵەتی رۆڵ ببینێت، وەک
ئەوەی لە باکوری سوریا هەیە.
وتیشی :"گۆڕان شانازی بەوەوە دەکات لە هەردو قۆناغەکە دەستبەرداری
ئامانجەکەی نەبوەو بەرگری لێکردون، لە ئۆپۆزسیۆن
بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی و بودجە و قوتی خەڵک و دادگا و سیستمی حکومڕانی، لە
قۆناغی بەشداریکردن لە دەسەڵاتیش شانازی بەوەوە دەکات کە چونە دەسەڵات لە خشتەی
نەبرد و ماف و داخوازییەکانی خەڵکی لەبیر نەبردەوە، تا گۆڕان لە دەسەڵات بو، یەک
دنیار لە قوتی خەڵک کەمنەکرایەوە".