ئەنجومەنى بەریتانیاى بزوتنەوەی گۆڕان: هەمو هەوڵەکان بۆ سەرخستنى هاوپەیمانى کوردستان دەخەینەگەڕ
11/09/2021
دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بەریتانیای بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێکردنی هەڵمەتی
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی هاوپەیمانى کوردستان و کاندیدەکانى تاوتوێ دەکات و
جەخت لەسەر بەگەڕخستنى سەرجەم هەوڵەکان دەکاتەوە لەوپێناوەدا.
کۆبونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی بەریتانیای بزوتنەوەی گۆڕان بە بەشداری
بەرپرسی گۆشەی بەریتانیا و نوێنەری جڤاتی گشتی بۆ چۆنیەتى دەستپێکردنى هەڵمەتی هەڵبژاردن
و پشتیوانی لە کاندیدەکانی هاوپەیمانى کوردستان بەڕێوەچو.
لەکۆبونەوەکەدا کە فوئاد جەمال ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، دڵشاد حافز ئەندامی
جڤاتی گشتی، شۆڕش حەمید بەرپرسی ئەنجومەنی بەریتانیا، فەرهاد محمد سابیر سکرتێری ئەنجومەنی
بەریتانیا، فەرهاد مارف بەرپرسی پەیوەندی نیشتمانی، ژیان جاف بەرپرسی دارایی و لۆجیستی،
خەبات غەفور بەرپرسی ئافرەتان، رێباز محمد سلێمان بەرپرسی پەیوەندی سیاسی و بەهادین
عەلی حەسەن بەرپرسی رایەڵەی پیشەیی ئامادەى بون، چۆنیەتی دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی
هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیەیمانى کوردستان و لەناویدا کاندیدانى گۆڕان
لە هەڵبژاردنی پێشوەختەى ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق کە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ
بەڕێوەبچێت گفتوگۆی وردی لەبارەوە کرا.
بە کۆی دەنگی تەواوی بەشداربوانی کۆبونەوەکە بڕیاردرا هەمو هەوڵ و تواناکانى
ئەنجومەنى بەریتانیاى بزوتنەوەى گۆڕان بخرێتەگەڕ بۆ سەرخستنی هاوپەیمانى کوردستان بریاریش
درا هەفتەى داهاتو یەکەم کۆبونەوەی فراوان ئەنجام بدرێت بۆ خستنە گەڕی توانای هەڵسوڕاوان
بە ئامانجى هاندانی هاوڕێ و کەسوکاریان لە پڕۆسەی هه ڵبژاردن و سەرخستنی کاندیدەکانی
بزوتنەوەی گۆڕان.