نوێنەری گۆڕان پەیام و داوای كورد دەگەیەنێتە پەرلەمانتاران و پارتە سیاسیەكان
25/03/2026
لە کەشێکی پڕ لە شانازیی نەتەوەیی و بە ئامادەبوونی سیمایەکی
گەشی ڕەوەندی کوردی، باڵەخانەی پەرلەمانی وێڵز لە شاری کاردیف، بووە میوانداری گەورەترین
یادی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.
ئەم چالاکییە کە لەلایەن ڕێکخراوی کاوە و بە هاوکاری پەرلەمانتارە
دۆستەکانی کورد ڕێکخرابوو، تەنها یادکردنەوەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو گوزارشتێکی زیندوو
بوو لە یەکگرتوویی هەر چوار پارچەی کوردستان لە هەندەران.
فەرهاد مارف دەنگێکی کوردی لە ناوەندە بڕیاردەرەکاندا
لە نێوەندی ئەم گردبوونەوەیەدا، ئامادەیی و چالاکییەکانی
فەرهاد مارف، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ژووری ڕەوەندی کوردی و نوێنەری بزووتنەوەی
گۆڕان، سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و وەک نێوەندگیرێکی لێهاتوو لە نێوان خەمە نەتەوەییەکان و ناوەندە سیاسییەکانی
بەریتانیادا، پەیامێکی گشتگیری بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش کرد و
تێیدا وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پشتگیریی نێودەوڵەتی
بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد کردەوە.
نوێنەرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بە زمانێکی دیپلۆماسییانە و کاریگەر،
مێژووی پڕ لە قوربانیدانی کورد و پەیامی ئاشتیخوازانەی نەورۆز بگەیەنێتە گوێی پەرلەمانتاران
و سیاسییەکانی وێڵز.
جوڵەی دیپلۆماسی و ستایشی کارە نەتەوەییەکان
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەک
دیداری گرنگی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەکانی بەریتانیا ئەنجامدا. لەم دیدارە
چڕانەدا، فەرهاد مارف سوپاسگوزاریی گەلی کوردی ئاراستەی ئەو پەرلەمانتارانە کرد کە
هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دەنگی کورد بوون لە ناوەندە بڕیاردەرەکاندا.
هاوكات ستایشێکی تایبەتی بۆ ڕێکخراوی کاوە هەبوو، کە ساڵانە
بە ماندووبوونێکی زۆرەوە کار بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنە نەتەوەییەکان دەکەن. ئەو ئاماژەی
بەوە کرد کە ئەم جۆرە چالاکییانە، شکۆ و ناسنامەی کورد لە هەندەران دەپارێزن و دەبنە
پردێکی پتەو بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵومییەتی کورد بە جیهانی دەرەوە.
نەورۆز جەژنی یەکگرتوویی
ئەمساڵ لە کاردیف، ڕەوەندی کوردی بە جۆش و خرۆشێکی کەم وێنەوە
بەشدارییان کرد. ئامادەبوونی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ژێر چەتری نەورۆزدا،
پەیامێکی ڕوونی بۆ دۆست و نەیاران هەبوو کە نەورۆز تەنها جەژنی ساڵێکی نوێ نییە، بەڵکو هێمای خۆڕاگری و زیندوو مانەوەی
نەتەوەیەک هەرگیز لەناو ناچێت.
ئەم گردبوونەوەیە جارێکی تر سەلماندی کە پەرلەمانی وێڵز و
پەرلەمانتارانی دۆست، بایەخێکی تایبەت بە پرسی کورد دەدەن، ئەوەش بەرهەمی ئەو کارە
دیپلۆماسییە بەردەوامانەیە کە نوێنەرانی کورد و ڕێکخراوەکانی وەک کاوە ئەنجامی دەدەن.