یوسف محەمەد: گۆڕان شانازی بەوەوە دەکات کە دەستبەرداری ئامانجەکەی نەبوە

07/02/2019

دیمانە: چولى ئەسعەد
د.یوسف محەمەد رایدەگەیەنێت: لە بابەتی بودجەدا هەمو فراکسیۆنەکان هاوهەڵویست بون بۆ ئەوەی موچەی خەڵک و پێشمەرگە نەبێتە قوربانی ململانێکان، سەرباری ئەوەی دەزانین کە حکومەت دەیەوێت پابەندی یاسای بودجە نەبێت، ئەوەی ئێستاش دەرفەتە بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (KNN) رایگەیاند: بۆ ئەمساڵ بابەتی موچە لە بودجەی هەرێم و فرۆشتنی نەوتەکەی جیاکراوەتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە ساڵانی داهاتو بەم شێوەیە بێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتە نەوتییە چەوتەی کە لەماوەی رابردو پەیڕەوی کردبو بچێتەوە، جگە لەوەش ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت و لەگەڵ ئەو نەوتەی ئەمساڵ دەفرۆشرێت، وای لێبکرێت دۆخێکی خۆشگوزەران دروست بکرێت و خەڵکی هەرێم لەگەڵ سیاسەت ئاشت بکرێتەوە کە بەراستی خەڵک ماندوبوە.

وتیشی :"گۆڕان شانازی بەوەوە دەکات لە هەردو قۆناغەکەی ئۆپۆزسیۆن و بەشداریی حکومەت، دەستبەرداری ئامانجەکەی نەبوە و بەرگری لە ئامانجەکانی کردوە لە هەمو بوارەکاندا".

- پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەدوای (27) ساڵ لە حکومڕانی ناوخۆیی لەدوای چەندین ساڵ لە پڕۆسەی ئازادیی، ئاڵۆزییان بەخۆیەوە بینیوە و بەبەردوامی لە کێشەدابون، هیچ کاتێک رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە قازانجی خەڵکی کوردستان کۆتایی نەهاتوە، هۆکاری ئەم کێشانە چییە؟

یوسف محەمەد: ئێمە پێویستمان بە روانینێکی نوێ و جیاواز هەیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، ئێمە هەمومان ئامانجێکی جێگیر  و نەگۆڕمان هەیە، کە دەمانەوێت کوردیش وەکو گەلانی جیهان خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام کات و سات و شوێن و تەنانەت چۆنیەتی بەدیهێنانی ئامانجی ئەوەی کە کارێکتەرێک بیت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت روانینمان بۆی جیاواز بێت، وەک لە قۆناغەکانی رابردو، لەراستیدا دەبێت واقیعەکان قبوڵبکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بەشێکین لە عێراق.

-  مەبەست چییە لە واقیع قبوڵکردن؟
یوسف محەمەد: مەبەستم ئەوەیە کە ئێستا واقعی حاڵ ئەوەیە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، پێویستە وا مامەڵە بکات کە ئەو مافانەی تائێستا لە چوارچێوەی عێراقدا بەدەست نەهاتون، بە دەستیان بهێنێت، و رۆڵێکی کاریگەریش لە عێراق ببینێت و کێشەکانی ناوخۆی هەرێمیش لە روانگەی عێراقەوە چارەسەر بکات و هەوڵی ئەوە بدات کە بەهێز بێت لە چوارچێوەی بەهێزبونی عێراق، واتە ئەو دژ یەکییەکی لە سیاسەتی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، پێویستە نە‌هێڵدرێت، جگە لەوەش ئێمە کار دەکەین ئەو دیدەش لەلای عێراقییەکان نەمێنێت کە پێیان وابو چەندێک هەرێم بەهێز بێت، ئەوا عێراق لاواز دەبێت.

- ئێوە باس لە دید و روانینی نوێ دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقی تازە، بەتایبەت کە هەرێمیش بە دۆخێکی نوێدا تێدەپەڕێت بە بەراورد بە چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەڵام پێتوانیە کێشە سەرەکییەکەی رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پەیوەندی بە ناوخۆی هەرێمەوە هەیە؟ چۆن بتوانرێت یەک پەیام لە هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی بەغدا بکرێت؟

یوسف محەمەد:  کێشەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە لەناوخۆی هەرێم چەندین کێشەمان هەیە، لە ئاستی ئابوری و گەندەڵی و کەرتەکانی دیکەی ئابوری لە پاڵ کەرتی نەوت و غاز پەرەیان نەسەندوە، وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار، دامەزراوەکانمان لە ئاستی پێویستدا نین و رێگە نادرێت گەشە بکەن، پەرلەمان بۆ ماوەیەکی زۆر پەکخرا، حکومەت بەرپرسیار نییە، دەسەڵاتی حیزب لە حکومەت زیاترە، هێزی چەکدار بێلان و پیشەیی نییە و حیزب و کەسایەتییەکان دەستوەردان دەکەن، ئەوەش کاریگەریی هەریە لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بۆ نمونە ئێمە لەماوەی رابردو کارمان لەسەر ئەوە دەکرد کە موچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخەینەوە سەر بەغدا، بەڵام دواتر کە تەماشا دەکەین کە هەرێم (120) هەزار شەهید هەیە، بەڵام لە عێراق (50) هەزار شەهید هەیە، بۆیە قبوڵی ناکەن و پێیانوایە ئەو لیستانە راستەقینە نین، بۆ بابەتی نەوت بەهەمان شێوە، بۆ هێزی پیشمەرگە بە هەمان شێوە، کە رەنگە ئەگەر بەو شێوەیە نەبوایە، روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر روی نەدایە، سەرباری ئەوانە ئێمە پێویستمان بە دامەزراوەیە هەیە بۆ ئیدارەدانی دانوستان لەگەڵ بەغدا، کاتی خۆی ئێمە پێشنیازی ئەنجومەنی نیشتیمانی دانوستانمان کرد، لەراستیدا ئێستاش ئەمە پیویستییە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی جێگیر دانوستان لەگەڵ بەغدا بکرێت.

- پێتوایە بەبێ رێکخستنی ناوماڵی خۆمان و دامەزراوەی نیشتیمانی و ئەنجومەنێک کە سەرپەرشتی دانوستانەکان بکات، ئەو مافە دەستورییانەی لە بەغدا هەیە و شەڕی بۆ کردوە، بەدی بهێنێت؟

یوسف محەمەد: بەدڵنیاییەوە نەخێر، ئەزمونی رابردو ئەوەمان پێدەڵێت کە دۆخی ناوخۆیی چاک نەکەین لە روی ئابوری و سەربازیی و سیاسی، بەدڵنیایەوە ناتوانین پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا دروست بکەین، بونی جیاوازی لە هەرێم شتێکی ئاساییە، بەڵام گرنگە ئەم ململانێیانە لە چوارچێوەی کەناڵە شەرعییەکان بێت و لە قازانجی هەرێم بێت. بۆیە چەندێک لە ناوخۆ بەهێز بین، بە بەغدا بەهێز دەبین و دەنگمان دلێر دەبێت، جگە لەوەش ئەگەر ئێستا خۆمان رێک نەخەینەوە، ئاوا ساڵانی ئایندە بۆ هەرێم باش نابێت.

- لە دۆخێکی وا ئاڵۆزدا نوێنەرانی کورد دەتوانن چی بکەن؟

یوسف محەمەد: راستی ئەرکی نوێنەرانی کورد قورستر دەبێت بەو دۆخەی لە هەرێم هەیە، بەڵام هەوڵمانداوە دیدێکی هاوبەش دروست بکەین لە نێوان نوێنەرانی کورد بە هەمو دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەو، بۆ نمونە هەمومان پێکەوە لە بابەتی بودجەدا هاوهەڵویست بوین بۆ ئەوەی موچەی خەڵک و پێشمەرگە نەبێتە قوربانی ململانێکان، سەرباری ئەوەی دەزانین کە حکومەت دەیەوێت پابەندی یاسای بودجە نەبێت، جگە لەوەش بۆ ئەم قۆناغە ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمیش هەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باش بێت کە ئەوەش رۆڵی هەبێت، بۆیە ئەمەی ئێستا دەرفەتە بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

- دەکرێ بەڵێنی ئەوە بەخەڵک بدەین کە ژیان و گوزەرانیان بە دور دەبێت لە ململانێ سیاسییەکان؟

یوسف محەمەد: بەڵێ بۆ ئەمساڵ جیاکراوەتەوە، بەڵام هیچ گرنتییەک نییە ساڵانی داهاتو بەم شێوەیە بێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان بەو سیاسەتە نەوتییە چەوتەی کە لەماوەی رابردو پەیڕەوی کردبو، بچێتەوە و پێویستە لە خاڵێکدا دابنێن بەوەدا کە هەڵەیان کردوە.
ئەگەر بێت و بەراوردێک بکەین، ئەو کاتەی کە بەمشێوەیە نەوت نەدەفرۆشرا و کەس نەیدەزانی کە داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت، ئێمە لە (17٪)ی بودجەمان بۆ دەهات و موچەی خەڵکی کوردستان لە کاتی خۆیدا دەدرا، بەڵام دوای ئەوەی دەستکرا بە فرۆشتنی نەوت، بودجەی هەرێم بڕدرا و نەوتەکەش نەیتوانی جێگەی بودجەکە بگرێتەوە و قەرزاریشی کردین، جگە لەوەش بۆ ساڵی داهاتو لایەنە عێراقییەکان لێمان قبوڵ ناکەن، کە نەوت رادەستی بەغدا نەکرێت، لەولاشەوە بودجەت بۆ رەوانە بکەن، ئێمە پەرلەمانتارە عێراقییەکان پێیان دەوتین ئێمە چۆن رازیبین نەوتی بەسرە بفرۆشێت و موچەی ئێوەی لێ بدرێت، بەڵام هەرێم نەوت بفرۆشێت و نەزاندرێت پارەکەی چی لێ دێت، جگە لەوەش ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت و لەگەڵ ئەو نەوتەی ئەمساڵ دەفرۆشرێت، وای لێ بکرێت دۆخێکی خۆشگوزەران دروست بکرێت و خەڵکی هەرێم لەگەڵ سیاسەت ئاشتبکرێتەوە کە بەراستی خەڵک هیلاک بوە.

- گرەنتی چییە کە حکومەتی هەرێم پابەندی ئەو خاڵانە بن کە پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟

یوسف محەمەد: پێویستە ئەوە بەشێکی دانوستانی نێوان لایەنەکانی هەرێم بێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و بگەنە رەشنوسێکی هاوبەش کە لە قازانجی خەڵک بێت نەک لە قازانجی حیزب و گروپێکی دیاریکراو.

- بۆچی کورد نەیتوانیوە لە دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتە یەک بەدوا یەکەکانی عێراق مافە یاسایی و دەستورییەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە؟

یوسف محەمەد: لەبەر ئەوەی هەمیشە کورد بە دیدی جیاوازەوە چوە بۆ بەغدا، بۆ نمونە لە (2003) بە دو ئیدارە و دو روانینی جیاوازەوە کورد چوەتە بەغدا، تائێستاش کورد نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی گوتارێکی هاوبەش بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و زۆرجار ئەوەی گرنگ بوە کە پۆست بۆ کێ و کام لایەن دەبێت و زۆر جاریش رەچاوی هاوسەنگی پۆستەکان نەکراوە لە حکومەت، بۆ نمونە ئێمە سێ وەزارەتمان هەیە لە کابینەی حکومەت، لەکاتێکدا سوننە شەش وەزارەتی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی روانینێکی هاوبەش  بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا نییە و کورد پێداگری لەسەر هاوسەنگی و شەراکەت نەکردوە و ئەوەی پێداگری لەسەر کراوە بابەتی پۆستەکان بوە. بۆیە بەداخەوە پێشخستنی بەرژوەندی حیزبی و شەخسی بەسەر بەرژەوەندی گشتی وایکردوە کە هەمیشە کورد نەتوانێ خواستەکانی خۆی بهێنێتە دی.

- مامەڵەی دروست لەگەڵ بەغدا چییە؟

یوسف محەمەد: پێویستە کورد ئەولەویەتی خۆی رێکبخاتەوە و ئەوە بزانێت کە رێگای چارەسەری کێشەکانی نە تاران و ئەنقەرەیە، بەڵکو بەغدایە و هەوڵی ئەوە بدات بە دۆزینەوەی زمانێکی هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت، ئەوەش بە وازهێنان لە هەندێک بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان.

- لە رابردودا کورد چەندین کارتی فشاری تاقیکردەوە، لەوانەش ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت، ئێستا دوای تێپەڕاندنی ئەو دۆخانە، کورد چ کارتێکی فشاری هەیە بۆ ئەوەی ماف و داواکارییەکانی خۆی لە بەغدا بەدەست بهێنێت؟

یوسف محەمەد: ئەوەی کورد دەتوانێت بیکات بۆ راستکردنەوەی ئەو لاسەنگی هێزەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتوەتە ئاراوە، بریتییە لەوەی دۆخی ناوخۆیی هەرێم چاک بکات،  ئەوەش پێشمەرجە، هیچ شتێک لەوە بەهێزتر نابێت کە ناوخۆی کوردستان بەهێز بکەیتەوە، ئەوەش پیویستی بە گژداچونەوەی گەندەڵی و بەهیزکردنی دامەزراوەکان هەیە، کورد ئەگەر خۆی چاک بکات، نەک تەنها دەتوانێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ بەغدا چاک بکات، بەڵکو دەتوانێت لە ناوچەکەش رۆڵی گەورە ببینێت. ئێستا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێودەوڵەتی، دەرفەت رەخساوە بۆ کارەکتەری نا دەوڵەتی رۆڵ ببینێت، وەک ئەوەی لە باکوری سوریا هەیە.

- چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا پێویستی بە مەرجەعە، مەرجەعەش جا پەرلەمانە یاخود حکومەتە یان ئەنجومەنێکە، بەرای ئێوە چی بکرێت بۆ ئەمە؟

یوسف محەمەد: لە روی هونەرییەوە پێویستمان بە دروستکردنی ئەنجومەنی دانوستان هەیە، بۆ ئەوەی ئیدارەی کۆی مەلەفەکان بدات، بەڵام مەرجەع بۆ یەکلاییکردنەوەی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا، بریتییە لە پەرلەمانی کوردستان و دەبێت بەهێز بکرێت و رۆڵی زیاتری هەبێت، چونکە پەرلەمان نوێنەری هەمو لایەنەکانی تێدایە، بۆیە پێویستە حکومەت دانوستان بکات، بەڵام بۆ یەکلایی کردنەوەی هەر رێککەوتنێک لە نێوان هەرێم و بەغدا، دەبێت لە چوارچێوەی پەرلەمانی کوردستاندا یەکلا بکرێتەوە.

- سەبارەت بە دۆخی کەرکوک، کە زۆر کات چەقی ململانێیەکان بوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، لەدوای روداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەر دۆخێکی تایبەت بەسەر ئەو شارەدا هات، ئێستا لەدوای ئەو کێشە و روداوانە، چ دۆخێک چاوەڕێی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات؟

یوسف محەمەد: بەداخەوە دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دۆخێکی خراپە و سەرلەنوێ سیاسەتی تەعریب بۆ ئەو ناوچانە گەڕاوەتەوە و رۆژانە لە پەیوەندیدان بەو پرسانە، بۆ چۆنیەتی چارەسەری ئەو کێشانە، سەرەتا پێویستە وانە لە رابردو وەربگرین و دیدی ئێمە بۆ کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەوە بوە، کە حکومڕانییەکی باش لە هەرێمی کوردستان بکەین و هەروەها هێنانەی دی حکومڕانییەکی باشی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتەکانی تر لە ناوچە جێ ناکۆکەکان و هەوڵی راکێشانی پێکهاتەکانی دیکە بدەین، کە پێیان خۆش بێت لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا یاخود حەز بکەن لەژێر سایەی حکومڕانییەکی کوردی هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکە بژین، نەک ئەوەی کە پێیانوابێ حکومڕانی کوردی بریتییە لە دۆشینی سامانی ئەو ناوچانە بۆ چەند کەسێکی دیاریکراو و پێویستە کورد روانینی خۆی بۆ پێکهاتەکانی تری ناوچە جێناکۆکەکان بگۆڕێت بە عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و بیانکەین بە هاوبەشی حکومڕانی، جگە لەوەش کارێکی هەڵەبو کە سەرکێشی بەو ناوچانەوە کرا کە بەخوێنی هەزاران شەهید و بریندار ئەو ناوچانە رزگار کران، وە بۆ یەکەمجار لە مێژوی سەد ساڵی رابردو، کورد توانی لە باشوری کوردستان دەستی بەسەر هەمو خاکی خۆیدا هەبێت، بەڵام بەداخەوە سەرکێشی پێوەکرا و نەتوانرا ئەو دەستکەوتە بپارێزرێت، ئەوەی ئێستا پێویستە کە کێشە حیزبییەکان وەلا بنرێت و لەگەڵ بەغدا هەوڵبدرێت دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە و ئەو هێزە چەکدارانی کە لە دەرەوەی ئەو ناوچانە هاتون، پاشەکشە بکەن و بەهشێوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا ئیدارەی ئەو ناوچانە بدرێت، جگە لەوەش ئەوە رون و ئاشکرایە کە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش (16)ی ئۆکتۆبەر قورس و ئەستەمە بۆ ماوەیەکی درێژ، بەڵام دەتوانرێ هەوڵبدرێت ئەوەی کە بەدەستەوە ماوە لە دەست نەدرێت.

- پێتوایە دید و روانینی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە کە لەرابردودا بەمشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ کەرکوک و شارەکانی هەرێمی کوردستان کردوە، گەیشتبێتنە ئەو بڕوایەی کە ئەم دیدە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە؟

یوسف محەمەد: ئەوەی کە ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە رەچاوی ئەوە نەکراوە، دان بە هەڵەکاندا نەنراوە، دەبینین ناکۆکی هەیە و ئەنجومەنی پارێزگا ناتوانێت کۆببێتەوە، بۆیە هیوادارین بە تایبەتی پارتی و یەکێتی هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و وەک چۆن بەرپرسیارێتی ئەو روداوانە دەکەوێت سەر شانیان، بەهەمان شێوە بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنیشیان لەسەر شانە.

- پەیوەست بەم بابەتە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پرسی کەرکوک تێکەڵاوی پرسی ناوچەکانی دیکەی هەرێم دەکرێت، ئایا ئەمە چەند رەوا و گونجاوە؟

یوسف محەمەد: بابەتەکان لێک جیاوازن، بابەتی دانوستانی پێکهێنانی حکومەت جیاوازە لە بابەتی کەرکوک، دەکرێت تیمی هاوبەش هەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەر یەکێک لەو بابەتانە بە جیا و لە هەمان کاتیشدا دانوستانی لەسەر بکرێت، هەروەها بابەتی کەرکوک ناوچە جێناکۆکەکان، بابەتێکی هەنوکەییە و پێویستە چارەسەری خێرای بۆ بدۆزێتەوە و هەوڵی ئاڵۆزکردنی نەدرێت لەرێگای بەستنەوەی بابەتەکان پێکەوە.

- پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و لەدوای دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی 30 ئەیلول، باس لە زۆر بابەت دەکرێت، باس لە نەخشەیەکی نوێی دابەشبونی هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، پێت وایە ئەم گۆڕانکارییانە قۆناغێکی نوێی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمبهێنن؟

یوسف محەمەد: پێموابێت لە ئاستی سەرکردایەتی حیزبەکانی دیکەش رون و ئاشکرایە لەوە تێگەیشتون کە ئەم هاوکێشەیەی ئێستا هەرێم، هاوکێشەیەکی راست نییە و ساختەیە، لە ئەنجامی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردوە و بایکۆتکردن دژ وەستانەوەی ئەو دۆخە بو کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە پێویستە هەست بە مەترسیی دۆخەکە بکرێت، راکردنی خەڵک لە سیاسەت و بەشداری لە پڕۆسەی دیموکراسی دور نییە لێکەوتی دیکەی لێبکەوێتەوە، بۆیە پێویست دەکات وەکو قۆناغێکی نوێ تەماشا بکرێت بۆ چۆنیەتی ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ سیاسەت، چۆنیەتی ئاشتکردنەوەی خەڵک لەگەڵ بەشداریی سیاسی و پڕۆسەی دیموکراسی، ئەگەرنا دور نییە لە داهاتودا هاوشێوەی تاوانی کۆمەڵایەتی و دیاردەی کوشتن، دور نییە تاوانی رێکخراو لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات و جگە لەوەش ئەم دۆخەی ئێستا هەرێم پێویستە بە هەمو لایەک بڵێت کە مەترسی هەیە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەوەی کە خەڵکێک هەیە نا ئومێد بوە لە سیاسەت.

- لەماوەی رابردو لە هەرێم چەندین شێوازی حکومڕانی تاقیکرانەوە، حکومڕانی جوت حیزبی، حکومڕانی بنکە فراوان، بەشداریی ئۆپۆزسیۆن، دورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆن، هیچ یەکێک لەمانە نەیانتوانی خزمەتی خەڵک بکەن، بۆچی؟د

د.یوسف محەمەد: دەردە کوشندەکە ئەوەیە هەمو ئەو کارانە لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی هەرێم رێک ناخرێت، بۆیە چارەسەری کێشەکان لە بەدامەزراوەیی کردنی هەرێم دێتە ئاراوە.

- ئەم قۆناغە نوێیەی هەرێم لە دیدی بزوتنەوەی گۆڕانەوە چی دەخوازێت؟
یوسف محەمەد: لەراستیدا گۆڕان دیدی رون بوە، گرنگە ئێستاش دیدی رون بێت و ئەوەش کارێکی قورس نییە، چونکە بەرنامەکەی ئێمە لە شوێنی خۆیەتی و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە و پێویستی هەنوکەیی ئەم قۆناغەشە، چونکە هەمو ئەو هەڵانەی لە قۆناغی رابردودا رویدا، دەرخیست، کە ئێمە لەسەر حەق بوین، هەروەها بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت، گۆڕان نابێت هەناسەی سواربێت و هەناسەشی سوار نییە، گۆڕان  چ لە ئۆپۆزسیۆندا بێت دەتوانێت کار بۆ ئامانجەکانی بکات کە لەپێناویدا دروست بوە، چ لە چوارچێوەی حکومەتیش بێت کە دەتوانێت کار لەسەر ئەو ئامانجانە بکات کە لەپێناویدا دروست بوە. بۆیە ئەوەی کە بڕیاری گۆڕان یەکلا دەکاتەوە، بەرنامەی حکومەتە، ئایا ئەو خواستانەی کە گۆڕان هەیەتی جێگەی دەکرێتەوە یان نا، ئایا گۆڕان ئەو شوێنانە وەردەگرێت کە دەتوانێت بەرنامەی خۆی تێدا جێبەجێ بکات، یان نا؟ و ئەم دو پرسە گۆڕان یەکلا دەکاتەوە.

- لە دۆخێکی سیاسی ئاڵۆزی ناهەمواری وەک ئێستادا، بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت چی بکات؟

یوسف محەمەد: بەشداریی نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی رابردو و ئەوەی گۆڕان کە نەیتوانی باش گوزارشت لە خۆی بکات لە قۆناغی رابردو، و دورکەوتنەوە لە خەڵک و سەرباری ساختەکاری لە هەردو هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان وایکرد گۆڕان ژمارەی کورسییەکانی بەبەراورد بە رابردو لە هەرێم و بەغدا کەم بکات، بەڵام گۆڕان ئەگەر پێداگر بێت لەسەر ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا هاتوەتە دی، بە دڵنیاییەوە گۆڕان دەتوانێت بە پێداچونەوەی ناوخۆیی و رونکردنەوەی دید و بۆچونەکانی و دروستکردنەوەی تەماس لەگەڵ خەڵك، بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشو بە قورساییەکی زیاتریشەوە.

- لە ناو ئەو هەمو ململانێ و ساختەکارییەی لە هەرێم و عێراقدا هەیە، سەرباری هەمو ئەو قەیران و پێشهاتانە، بەڵام گۆڕان کۆڵ نادات و پێداگری دەکات لەسەر پڕۆژە و بەرنامەکانی، ئەم کۆڵنەدانی گۆڕان لە چییەوە سەرچاوەی گرتوە؟

یوسف محەمەد: لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە گۆڕان لەپێناوی بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئامانج هاتوەتە دی، لە پێناو چاکەی گشتی لە هەمو بوارەکان، بۆیە ئێمە تەسلیمی ئەو دۆخە نابین کە لە کوردستان هەیە و نە دەست بە کڵاوەکەمانەوە دەگرین بۆ ئەوەی با نەیبات، نە پەنا بۆ بەچەکداریی کردنی ململانێ سیاسییەکان دەبەین، کە ئێمە دژی ئەوەین، چونکە ئێمە لەپێناوەی ئەوە هاتوینەتە کایەوە کە دژی ئەو کارانە بین، بۆیە بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبین لەسەر بەرنامەکەی خۆمان.

- گۆڕان لە سەرەتای دروستبونییەوە دو قۆناغی جیاوازی تێپەڕاند، قۆناغی یەکەم ئۆپۆزسیۆن بون و دوەمیش قۆناغی بەشدارییکردن لە دەسەڵات، لەم دو هەنگاوە جیاوازەدا گۆڕان شانازی بە چییەوە دەکات؟

یوسف محەمەد: گۆڕان شانازی بەوەوە دەکات لە هەردو قۆناغەکە دەستبەرداری ئامانجەکەی نەکردوە و بەرگری لە ئامانجەکانی کردوە لە هەمو بوارەکان، لە ئۆپۆزسیۆن بەرگری لە بەرژەوەندی گشتی و بودجە و قوتی خەڵک و دادگا و سیستمی حکومڕانی، لە قۆناغی بەشداریکردن لە دەسەڵاتیش شانازی بەوەوە دەکات کە چونە دەسەڵات لە خشتەی نەبرد و مافی داخوازییەکانی خەڵکی لەبیر نەبردەوە، تا گۆڕان لە دەسەڵات بو، یەک دنیار لە قوتی خەڵک کەمنەکرایەوە، و پێداگری کرد لەسەر دژ وەستانەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا و ئامادەبو باج و قوربانیش بدات، کە هەمو کەس دەزانێت چۆن رێگری کرا لە چونەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمان و حکومەت.

- ئێستا و دوای هاتنە پێشی قۆناغێکی نوێ، گۆڕان چۆن لە پرسی سیستمی حکومڕانی و پرسی دەستور و سەرۆکایەتی هەرێم دەڕوانێت؟

یوسف محەمەد: گۆڕان دیسانەوە لە چوارچێوەی بە دامەزراوەیی کردنی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی ئەو بنەما گشتییەی کە هەر کەسێک دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، پێویست دەکات لەژێر چاودێریدا بێت، پێداگرە لەسەر سیستمی پەرلەمانیی و بونی دەستورێکی هاوچەرخ، کە لەو رێگەیەوە هەوڵ بدرێت کۆی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان لە قازانجی خەڵک بێت، نەک حیزب و کەسی دیاریکراو.

- ئەی بێمتمانەیی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە چییەوە سەرچاوەی گرتوە و بە چی چارەسەر دەکرێت؟

یوسف محەمەد: متمانە بەوە دروست دەبێتەوە کە یاسا بەسەر هەمواندا جێبەجێ بکرێت، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، بۆ ئەوەی دەستی بە هەر کەسێک رابگات لە هەر حیزبێک یان پلە و شوێنێکی دیاریکراو بێت، دڵنیام بەوە چارەسەری ئەو پرسە دەبێت، ئەگەرنا دەسەڵات لای هەر کەس بێت رەنگە بەخواستی خۆی دەستبەرداری نەبێت، بەڵام ئەوەی وا دەکات هەموان لە چوارچێوەی یاسا وەک یەک وابن، ئەوەیە کە یاسا بەسەر هەمواندا سەروەر بێت، وە کەس نەتوانێت لە دەرەوەی یاسا بمێنێتەوە و دادگاکان دەستیان پێڕانەگات.

- لەدوای هاتنە پێشی ئەو دۆخە نوێیانە باس لە زۆر هەڵەی ستراتیژی دەکرێت کە لەرابردودا کورد لە روی سیاسییەوە کردویەتی، ئایا هەرێم بەرگەی هەڵەیەکی دیکە دەگرێت و جارێکی دیکە هەستێتەوە سەر پێ؟
د.یوسف محەمەد: بەداخەوە لە دوای ئەو شتانەی کە رودەدات دەڵێین با برینی کۆن هەڵنەدەینەوە، لەکاتێکدا برینی کۆن نابێت هەڵبدرێتەوە بەڵام دەبێت سود و پەندی لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتو دوبارە نەبێتەوە، ئەوەش وایکردوە کە هەمیشە مێژوی خۆمان دوبارە بکەینەوە، چونکە هەرگیز نەمانتوانیوە توێژینەوەیەکی بابەتییانە بکەین بۆ ئەوەی دەرەنجامێک بەدەستبهێنن تاوەکو لە داهاتودا ئەو هەڵانە دوبارە نەکرێتەوە، هەروەها لەلایەکی دیکەوە دۆخی هەرێمی کوردستان ناسکە، ئەوەش بەهۆی ئەو روداوانەی لەماوەی رابردودا رویانداوە، چ ئەو دۆخە خراپەی لە ناوخۆی کوردستان لە ململانێ ناوخۆییەکان هەبو، وە پەکخستنی پەرلەمان و شەڕی داعش و ریفراندۆم و لێکەوتەکانی دوای ریفراندۆم، کە وای کردوە بەرگەی هەڵەی دیکە و سەرکێشی دیکە نەگرێت، بەڵکو دەبێت ئەو دۆخە ناسکە چارەسەر بکرێت، ئەوەش لەرێگەی هێنانەکایەی سیاسەتێکی حەکیمانە و چارەسەرکردنی کێشە و برینەکانی رابردو.

-هەر سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، خەڵک باس لەوە دەکات گۆڕانیش هاوشێوەی هێزەکانی ترە w متمانەی پێ ناکەن، ئەم متمانە نەکردنە بە گۆڕان لە چییەوە سەرچاوەی گرتوە؟

د.یوسف محەمەد: بەشێکی پەیوەندی بە خودی گۆڕانەوە هەیە کە زۆر جار بەرگری لە خۆی ناکات، وە هەندێک کێشە و ململانێی ناوخۆیی وایکردوە کە گۆڕان باش نەتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات، کە ئەمە پێویستی بەخۆداچونەوەی باش هەیە لە ناو گۆڕاندا، وە ئەگەر گۆڕان ببێتە ئۆپۆزسیۆن یاخود چوە دەسەڵات، پێویستە پێداچونەوەی ناوخۆیی بکات و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنگرە ئەنجام بدات، جگە لەوەش گۆڕان لەماوەی رابردو هەڵەی بچوکی کردوە، بەڵام گۆڕان بەرپرسیارێتی هیچ یەکێک لەو هەڵە ستراتیژییانەی لە ئەستۆدا نییە کە لەرابردودا ئەنجامدراوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەقسەی گۆڕان بکرایە، ئەو دۆخانەی لە رابردودا هاتنە کایەوە، دروست نەدەبون و هەروەها قوربانی بە هەمو شتێک داوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا، بەڵام ئەوە بە باشی لای خەڵک نەبینراوە و هێزی دیکەش هەبوە کاری لەسەر چونیەک کردنی گۆڕان کردوە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە و پێیوایە لە دەرەنجامی ئەوە دەنگی خەڵک بۆخۆی رادەکێشێت، لەکاتێکدا ئەوە دەبێتە هۆی دورخستنەوەی خەڵک لە سیاسەت و دواجاریش بەشداری لە هەڵبژاردندا ناکەن.


هەواڵی زیاتر