رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

01/12/2021

لیژنەى پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا رایدەگەیەنێت؛ هەرکەس بیەوێ رەخنە لە ناوەرۆک و رێنوس و وشەسازی و رستەسازیی بەرهەمەکانی کاک نەوشیروان بگرێ، ئازادە. ئەتوانێ بۆ خۆی بە کتێبێکی سەربەخۆ بیروڕاکانی خۆی دەربڕێ. بەڵام کەس بۆی نیە و ئێمەش رێگە نادەین کەس دەست بخاتە ناو بەرهەمەکانیەوە.

 

دەقى رونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی
گروپێک بە ناوی "ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان" لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک، ٣٠ی ١١ی ٢٠٢١ بابەتێکی بەم ناونیشانە بڵاو کردۆتەوە: "ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی کتێبەکانی کاک نەوشیروان مستەفاوە!".
سەبارەت بەو رونکردنەوەیە، ئێمە لە لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا، بە پێویستمان زانی ئەم وەڵامەی بدەینەوە:
یەکەم:
نوسەرانی رونکردنەوەکە ئیدیعا ئەکەن کە پرسیان بە بنەماڵەی کاک نەوشیروان کردوە و رەزامەندی‌یان وەرگرتون. بەڵام ئەوەی ئێمە لە كاك ئارام (نوێنەری ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان)ـمان بیستوە، ئەوەیە، کە پێی وتراوە "بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، پێویستە پرس بە لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا بکرێ". بەڵام لیژنەکەمان نەک هەر ئاگادار نە کراوە، بەڵکو خودی هەواڵی لەچاپدانەوەی کتێبەکانیشی لە رێگای پۆستێکی پەیجی هەمان ناوەندەوە، بیستوە.
دوەم:
پاش بیستنی هەواڵی لە چاپدانەوەی کتێبەکان، كاك ئارام (نوێنەری ناوەندەكە) ئاگادار کرایەوە کە ئەو مافە پارێزراوە بۆ لیژنەکەی ئێمە و خۆمان ساڵانێکە خەریکی رێکخستنەوە و لە چاپدانەوەیانین. پاشتر لیژنەکەمان لەگەڵ نوێنەری ئەو ناوەندە بە رێزێکی زۆرەوە قسەی کرد و رازی کرا واز لەو بابەتە بهێنێ.
دوا جار، رۆژی سێشەممە، ٣٠ی ١١ی ٢٠٢١ جارێکی تر لیژنەکەمان لەگەڵ كاك ئارام (نوێنەری ناوەندەكە) دانیشتەوە. هەم بۆ ئەوەی سپاسی بکا کە وازی لە بیرۆکەی چاپکردنەوەی کتێبەکان هێناوە، هەم بۆ ئەوەی بە گوێرەی نرخی ئەمڕۆی بازاڕی چاپ و بڵاوکردنەوە بڕێک پارەی وەک قەرەبو بۆ دیاری بکا. بەڵام كاك ئارام ئەو بڕە پارەیەی بە دڵ نە بوە. بەو رونکردنەوەیەی ناوەندەکەشیانا دیارە کە مەبەستیان ئیبتیزازکردنی ئێمەیە تا بچینە ژێر باریان و چەنیان بوێ بیان دەینێ، کە بە لای ئێمەوە کارێکی نا پەسەندە.
سێ‌یەم:
بە داخەوە، لەو رونکردنەوەکەیانا کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و بوختانیان بۆ هەڵبەستوین، گۆیا ئێمە تەماعمان لە پارەیە و ویستومانە نرخی کتێبەکان ٥٠- ٦٠ هەزار دینار بێ! لە کاتێکا خوێنەرانی بەرهەمەکانی کاک نەوشیروان ئاگادارن کە تا ئێستا نزیکەی ١٠ کتێب لە بەرهەمەکانی لە چوارچێوەی زنجیرەی "بە دەم رێگاوە گوڵچنین"دا، بە چاپێکی زۆر نایاب و باشترین کاغەز و جوانترین بەرگی تەجلید کراو لە بازاڕدا فرۆشراون، نرخی هەر کتێبێک لەوانە لە نێوان ٣٧٥٠- ٧٠٠٠ دیناردا دراوە بە کتێبخانەکان. بۆیە زۆر رۆشنە کە ئەم قسەیە بوختانێکی بێویژدانانەیە.
چوارەم:
لیژنەکەمان بە هیچ جۆرێ باسی مەرج و نرخی لەگەڵ ئەم ناوەندە نە کردوە. ئێمە هەم خۆمان راست و رەوان پێمان وتن، بۆتان نیە و ناتوانن لەچاپیان بدەنەوە، هەم بەڕێوەبەرایەتی‌ی گشتیی کتێبخانە گشتی‌یەکانی هەرێم‌یش ژمارەی سپاردنی لەچاپدانەوەیانی ھەڵوەشاندۆتەوە.
ئێستا ئەو ناوەندە نە رەزامەندی واریسە شەرعی‌یەکانی کاک نەوشیروان، نە رەزامەندی لیژنەکەی ئێمە و نە رەزامەندی‌ی قانونی‌ی وەزارەتی رۆشنبیری‌ی حکومەتی هەرێمی پێیە بۆ چاپکردنەوەیان. ئەمەی ئەیکا جۆرێکە لە زۆرەملێ و ھەوڵی ئیبتیزازكردن، کە بێ شك هیچکام لەوانە، لەگەڵ ئێمە ئەنجامی نابێ.
پێنجەم:
نەک ناوەندی رۆشنبیری‌ی ئەدیبان، بەڵکو هیچ کەس و ناوەند و لایەنێک مافی نیە دەسکاری رێنوس و وشەسازی و رستەسازی‌ی بەرهەمەکانی نەوشیروان مستەفا بکا، نەک لەبەر ئەوەی خۆی یان بەرهەمەکانی پیرۆزن، بەڵکو لەبەر ئەمانەتی زانستی‌ی ئەرشیفکردن.
هەرکەس بیەوێ رەخنە لە ناوەرۆک و رێنوس و وشەسازی و رستەسازی‌ی بەرهەمەکانی کاک نەوشیروان بگرێ، ئازادە. ئەتوانێ بۆ خۆی بە کتێبێکی سەربەخۆ بیروڕاکانی خۆی دەربڕێ. بەڵام کەس بۆی نیە و ئێمەش رێگە نادەین کەس دەست بخاتە ناو بەرهەمەکانی‌یەوە.
شەشەم:
ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان یان هەر کەس و لایەن و ناوەندێک بە بێ رەزامەندی لیژنەکەمان، بەرهەمەکانی نەوشیروان مستەفا لەچاپ بداتەوە یان بەناوی "راستکردنەوە!"وە بیان شێوێنێ، روبەڕوی دادگای ئەكەینەوە.

لەگەڵ رێزی
لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا
١ی ١٢ی ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر