گۆڕان و پارتی لە کۆبونەوەدان
16/02/2019
شاندێکی پارتی گەیشتە
مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان و کۆبونەوەی هەردولا دەستیپێکرد.
سەعات سێی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی دانوستانکاری
پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی و
کۆبونەوەی هەردولا دەستیپێکرد.
بڕیارە لەکۆبونەوەکەدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی نەخشە رێگا و
پڕۆژەکەی بزوتنەوەی گۆڕان بدەنەوە بۆ چوار ساڵی داھاتوی حکومڕانی لەھەرێمی
کوردستان کە لە کۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردو ئاڕاستەی پارتی کرابو،
هەروەک لە کۆبونەوەکەدا شاندی گۆڕان وەڵامی سیناریۆ و پاکێجەکانی پارتی
دەدەنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
عەلى حەمە
ساڵح ئەندامى شاندى دانوستانکاری بزوتنەوەی بە (سبەی) راگەیاند: گۆڕان کۆتا پڕۆژەى
نوسراوى بۆ کارنامەى حکومەت و بەرکەوتەى خۆى بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردن ئامادەیە و لە
کۆبونەوەکەدا پێشکەشى دەکات.
پێشتر ئاراس وەلی،
ئەندامى شاندى دانوستانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندبو؛ پارتی لە كۆبونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردو پێشنیازێكيان
ئاڕاستەی گۆڕان كرد بۆ رێکكەوتن لەسەر پۆستەكانی حكومەت، گۆڕانیش ئەمڕۆ وەڵامی پێشنیارەكان
دەداتەوە و بۆچونى خۆى دەخاتەڕو.