شوان قلیاسانى: کار بۆ ئەوە دەکەین کۆنفڕانسى نیشتمانى وەڵامدەرەوەى خواستى گۆڕانخوازان و خەڵکى کوردستان بێت
10/01/2022
سکرتێرى دەستەى ئامادەکارى بۆ بەستنى
دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى
دوەم کۆنفرانس دەستیپێکردوەتەوە و پێشتریش لیژنە تایبەتمەندەکان (٨٠%)ى کارەکانیان
ئەنجامداوە، لەمڕۆوە بە چڕى کارەکان دەستییان پێکردوەتەوە و ئامانجمان بەستنى کۆنفرانسێکە
بەربەست و قەیران و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنێت و وەڵامدەرەوەى خواستى گۆڕانخوازان و خەڵکى
کوردستان و قۆناغەکەش بێت.
شوان قلیاسانى، سکرتێرى دەستەى
ئامادەکارى بۆ بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەى
ئەمڕۆى دەستەکە و لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى، رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ لەگەڵ
لیژنەکە کۆبوینەوە و گفتوگۆى چڕمان کرد، لیژنەى
ئامادەکاریى بۆ کۆنفڕانسى نشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان (٨٠%)ى کارەکانى تەواو کردوە و تاوتوێى
هەر گۆڕانکارییەکى پێویست یان تەواوکردنى هەر کارێکى تەواو نەکراومان کرد بۆئەوەى بە
هەماهەنگى و پێکەوە ئەنجامى بدەین بۆئەوەى کۆنفڕانسێکى نەوعى بببەستین.
ئاماژەى بەوەشکرد کە پێویستیان بەوەیە
زیاتر راى گۆڕانخوازان وەربگرن و دەڵێت: ئەگەر بتوانین، خواستى ئەوەمان هەیە لە
ماوەیەکى دیاریکراودا تا کاتى بەستنى کۆنفرانس راپرسییەکیش ئەنجام بدەین بۆ
وەرگرتنى راى گۆڕانخوازان و دەنگدەرانیش، بۆئەوەى کۆنفڕانسێک ببەستین لە ئاستى
داواکارییەکانى ئەوان بێت و گۆڕان ببێتەوە جێى متمانەیان و دەنگى پێ بدەنەوە.
سکرتێرى دەستەى ئامادەکارى بۆ بەستنى
دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى، ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆنفرانسەکەدا هەڵبژاردن ئەنجام
نادرێت، بەڵام کۆنفرانس توناى پێداچونەوەى هەیە بە هەر کارێکى پێشوى بزوتنەوەى گۆڕان،
بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەین بەشێوەیەک بێت گۆڕان بخەینەوە سەر رێڕەوى خۆى و متمانەى
خەڵک وەربگرێتەوە و گۆڕان ببێتەوە ئەو هێزەى جێى رەزامەندى هەمو ئەو کەسانە بێت کە
پێوەى ماندوبون و ئازاریان بۆ کێشاوە و ئیستاش خەمى بزوتنەوەکەیانە و گۆڕان بزوتنەوەیەک
بێت بۆ قۆناغى داهاتوى کارى سیاسى و کوردستان و عێراق بگونجێت و رۆڵ و کاریگەرى
خۆى هەبێت و لە ئاستى داخوازییەکانى خەڵکى کوردستانیش بێت.