کارى چوار لیژنەى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بە کۆتا گەیشتوە

16/01/2022

سکرتێرى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانی بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: کارەکانى لیژنەى باڵا چڕ کراوەتەوە بۆئەوەى کۆنفرانسى نیشتمانى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا ببەسترێت و ببێتە وەڵامگۆى داخوازییەکانى گۆڕانخوازان و هاونیشتمانیان و قۆناغى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان.

 

ئامادەکارییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بەردەوامى هەیە ئەمڕۆش لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانیی کۆبوەوە، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە و دواین بەرەوپێشچونەکان، یاسین حەمە عەلى، سکرتێرى لیژنەى باڵاى ئامادەکار رایدەگەیەنێت؛ هەوڵ و کارەکانمان چڕ کردوەتەوە، کۆبونەوەى ئەمڕۆشمان بۆئەوەبو کە بەدواداچون بکەین بۆ کارى لیژنەتایبەتمەندەکان بەتایبەت کە ئێمە شەش لیژنەمان هەیە و پێویستە هەر یەکەیان راپۆرتێکى رەشنوسى ئامادەکراوى هەبێت بۆ بەردەم کۆنفرانس، ئێستا کارى چوار لەو لیژنانە بە کۆتا گەیشتوە و ئامادەیە و دو لیژنەشیان (٨٠%)ى کارەکانیان تەواو کردوە.وتیشى: وەک لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفرانسى نیشتمانى ئەمڕۆ نەخەشرێگایەکمان داڕشتوە بۆئەوەى لە رۆژانى داهاتودا کۆبونەوەى چرمان هەبێت لەگەڵ دەستەى هەماهەنگى بۆ ئەنجامدانى کۆنفڕانسى نیشتیمانى، هەمو هەوڵێکى خۆمان دەدەین بۆئەوەى لەدوادەى دیاریکراودا کۆنفرانس ببەستین و بەشێوەیەکیش بێت کە ببێتە وەڵامگۆى سەرجەم گۆڕانخوازان و هاونیشتیمانیان و لە ئاستى پێویستى ئەم قۆناغەى بزوتنەوەى گۆڕاندا بێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژى (٢٠٢٢/١/٢)، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى لیژنەى باڵاى کۆنفرانسى نیشتمانى کارا کرد و دەستەیەکى حەوت کەسیى هەڵبژارد، بەمەبەستى ئەنجامدانى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى لە نزیکترین کات و سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان.

بەپێى دەستورى رێکخراوەیى بزوتنەوەى گۆڕان، ئەرکەکانى کۆنفڕانسى نیشتمانى خۆى دەبینێتەوە لە نوێکردنەوەى بەرنامەى سیاسى لە بوارە جیاوازەکاندا، پێداچونەوە بە دەستورى رێکخراوەیى، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنى پلاتفۆرمەکانى هەڵبژاردنەکانى پارێزگا و هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى تیمەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانى لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانى؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقى فیدراڵ، هاوکات هەڵسەنگاندنى ئەداى جڤاتى نیشتمانى لە چەند ساڵى رابردودا.


هەواڵی زیاتر