چۆمان محەمەد: سەنگەر لەیەکتر گرتن لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار لە زیانى کوردە
28/01/2022
ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کێبڕکێى بەدەستهێنانى پۆستى
سەرۆک کۆمار لەنێوان پارتى و یەکێتى گەیشتوەتە ئاستى سەنگەر لەیەکگرتن و دەستشکانەوە،
ئەوەش زیانى بۆ دۆخى حکومڕانى و قوتى خەڵک و ئایندەى هەرێمى کوردستانیش دەبێت،
بۆیە بەیاننامەکەى گۆڕان بۆ ئاگادارکردنەوەى خەڵک و لایەنەکان بو لەو مەترسیانە.
دەشڵێت: ئەو یەکڕیزیەى گۆڕان داواى دەکات ئەو یەکڕیزیە ساختەیە نییە کە
بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانى دیکە داواى دەکەن، بەڵکو بونى گوتارێکى هاوبەشى
نیستیمانییە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵک و قەوارەى هەرێمى کوردستان کە نابێت
دۆخى ئیستاى خەڵک نادیدە بگیرێت کە چەندین قەیران بەرۆکى گرتون، بۆیە چاکسازى و
خزمەتکردنى خەڵک بنەماى سەرەکییە بۆ یەکڕیزى لایەنەکانیش.
چۆمان محەمەد، ئەندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەو دۆخەى ئێستا
لە عێراق هاتوەتە ئاراوە بەهۆى کێششمە کێش و ناکۆکییەکان لەسەر پۆستەکان کۆمەڵێک
گۆڕانکارى نوێى هێناوەتەوە ئاراوە، راگەیەندراوەکەى گۆڕانیش بۆ ئاگادارکردنەوەى خەڵک
و لایەنە سیاسییەکانە لەو مەترسیانەى ئەگەرى رودانیان هەیە، چونکە هەر گۆڕانکارییەک
لە عێراق پەیوەندى بە هەرێمى کوردستانەوە دەبێت و "ئەم دۆخەى ئێستاش پەیوەندى
راستەوخۆی بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە بەتایبەت کە هێشتا شایستەى دارایى لە بەغداوە
دێت و بەبێ ئەو بڕە پارەیە حکومەتى هەرێم ناتوانێت موچەى فەرمانەبرانى هەرێم بدات،
جگە لەوە ئیمە هەڵگرى کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەرنامە و روئیاى خۆمانین کە دیدگایەکى نوێ
بووە بۆ بەڕێوەبردن، ئەم بەیاننامەیەش ئاگادارکردنەوەى خەڵک و لایەنە سیاسییەکان
بوە لەو مەترسیانەى ئەگەرى رودانیان هەیە و بە زیانى خەڵک دەشکێنەوە".
لەبارەى هەندێک رەخنە لە راگەیەندراوەکە لەکاتێکدا کە بزوتنەوەکە لەم
هەڵبژاردنەدا کورسى مسۆگەر نەکردوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى دوپاتى کردەوە کە
ئەو راگەیاندراوە لە سۆنگەى هەست کردنە بە بەرپرسیارێتى و دەڵێت: ئێمە تا ئەم ساتە
لە سەنگەرى بەرگرى لە مافە رەوا و بنەڕەتیەکانى خەڵکى کوردستانداین، ئەو یەکڕیزیەش
گۆڕان داواى دەکات ئەو یەکڕیزیە نییە کە یەکێتى و پارتى داواى دەکەن، ئەوەى ئێمە
لەسەر خیتابى هاوبەشى نیستیمانییە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵک و قەوارەى
هەرێمى کوردستان نابێت دۆخى ئیستاى خەڵک نادیدە بگیرێت کە چەندین قەیران بەرۆکى
گرتون، بۆیە چاکسازى و خزمەتکردنى خەڵک بنەماى سەرەکییە بۆ یەکڕیزى لایەنەکانیش ،
ئەوەش کە پەیوەستە بە کورسییەوە دەبێ بزانین کورسییەکانى پارتى و یەکێتیش نمایندەى
١٥%ى خەڵکى هەرێمى کوردستان دەکەن بە روانین لە ئەنجامى کۆتا هەڵبژاردنەکان".
چۆمان محەمەد رونى دەکاتەوە تائیستا یەکێتى و پارتى لە رێگەى پۆستەکانى
بەغداوە لە چەند ساڵى رابردودا نەیانتوانیوە ئەو بابەتە دەستورى و یاساییانە
چارەسەر بکەن کە پەیوەندى بە ماف و شایستەى خەڵک و خاکى کوردستانەوە هەیە، بەڵام ئەم
جۆرە ململانێ و دەستشکانەوەیەى ئێستایان بەتەواوى لە زیانى هەمو کوردە و خەڵک و خودى
هەرێمەکەمان لێى زیانمەندە.
لەبارەى ئەگەرى پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەشەوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتمانى
دەڵێت: بەبێ خوێندنەوەى واقیعەکە، پاڵپشتیکردنى حکومەتى زۆرینە رەنگە بە زیانى
کورد بشکیتەوە لە ئایندەدا، بۆیە پێویستە ئەو دۆخە بە قوڵى خوێندنەوەى بۆ بکرێت،
چونکە رەنگە ببێتە مەترسى بۆسەر قەوارە و حکومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستان ئینجا
هێزە سیاسییەکان، بۆیە پێویستە بە بە وردى لێى بڕوانرێت.
وتیشى: خەمى ئێمە ئەوەیە کورد نەبێتە بەشێک لە ململانێ ناوخۆى و هەرێمى و
نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو خاوەنى ستراتیژى خۆمان بین بۆیە دەبێت کورد بە هەستیارییەوە
لەم دۆخەدا مامەڵە بکات و بەیاننامەى گۆڕانیش لەبارەى مەترسییەکانەوە لە سۆنگەى
هەست کردنە بە بەرپرسیارێتى.