فیدراسۆنى رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات
07/03/2022
فیدراسۆنى
رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى راپۆرت و هەوڵەکانى خۆى لەبارەى پێشێلکارییەکان و
چارەسەرى ئەو دۆخانەى لە سلێمانى هاتونەتە ئاراوە پێشکەشى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و
لاى خۆیەوە رێکخەرى ژورى پەیوەندییە سیاسیەکان هەڵوێست و بەرنامەى بزوتنەوەکە دوپاتدەکاتەوە
بۆ رەخساندنى سەقامگیرى زیاتر و دادپەروەرى و کەشێکى ئازاد و ئارام بۆ هاوڵاتییان
و چین و توێژەکان.
ئەمڕۆ دوشەممە
(7/3/2022)، شاندێکى فیدراسیۆنى رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى سەردانى مەکۆى
سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد بۆ پێشکەشکردنى راپۆرتى پێشێلکارییەکانى ساڵى 2021ى
سنورى پارێزگاى سلێمانی بەناوى (گەڕاندنەوەى شکۆ بۆ سلێمانى) و خستنەڕوى کەمپینەکەیان
بۆ گەڕاندنەوەى ئارامى و رێگرى لە دروستبونى بارگرژى و ئاڵۆزى و کۆتایی هێنان بە
ناکۆکییەکانى نێوان لایەنەکان و پێکهاتەکانى ناو خودى لایەنەکان.
لاى
خۆیەوە رێکخەریی ژورى پەیوەندییە سیاسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بە نوێنەرایەتى ژورە
پەیوەندیدارەکان، جەختى کردەوە؛ بزوتنەوەى گۆڕان لە ژینگەیەکى مەدەنییەوە دروستبوە،
بۆیە هەوڵى رێکخراوەکان و گروپ و ناوەندەکانى چالاکى مەدەنى بەرز دەنرخێنێت بەئاڕاستەى
فشارەکانیان بۆ باشکردنى دۆخى هاوڵاتیان و رەخساندنى کەشێکى ئارام و سەقامگیر و
دور لە شڵەژانى دەروونى.
ئاماژە
بەوەش دەکات؛ بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانى هەر کەس و لایەک و رێکخراوەکان دەکات کە
هۆکاربن بۆ باشکردنى دۆخى ژیانى خەڵک و هێنانە کایەى زیاترى ئارامى و کەمکردنەوەى
پێشێلکارییەکان، "هەمو ئەو هەوەڵانەش بە تەواو کارى ئەرکەکانى خۆى دەبینێ وەک
هێزێکى مەدەنى لەپێناو هێنایە کایەى سەقامگیرى و دادپەروەرى و رەخساندنى کەشێکى
ئازاد بۆ کایەکانى ژیان لە هەرێمى کوردستان".