ئەنجومەنی قەزای هەولێرى گۆڕان: دواى 31 ساڵ لە راپەڕین، خەڵکی هەولێر و کوردستانیان، شایستەی ئەوە نین بەم شێوەیە ئازار بدرێن

12/03/2022

ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێرى بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: دوای ٣١ ساڵ لە راپەڕین، خەڵکی هەولێر و کوردستانیان، شایستەی ئەوە نین بەم شێوەیە ئازار بدرێن، بەڵکو دەبێت شکۆیان بۆ بگێڕدرێتەوەو لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا پشکی شێریان لەبەرهەمی ڕاپەڕیندا بەربکەوێت، ئێمەش وەکو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی سەرجەم داوا ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەکەین.

 

دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕانەوە
بەبۆنەی تێپەڕبونی 31 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی1991 و ئازادکردنی شاری هەولێری پایتەخت، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەندازیاری ڕاپەڕین (ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین) و سەرجەم شەهیدانی ڕاپەڕین و شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان دادەنوێنین،
جەماوەری بەشەڕەفی کوردستان..
هاوڵاتیان و دانیشتوانی شاری
هەولێری بە ئەمەک
سی و یەک ساڵ بەر لەئەمڕۆ و دوای دەیان ساڵ زوڵم و ستەمی حیزبی بەعس بەرانبەر بە ئێوەی خۆڕاگرو خاوەن ئیرادە، لە بەرەبەیانی یازدەی ئازاری ساڵی 1991 دا، هەولێرو هەولێریەکان دەست لەناو دەست توانیان بەرەنگاری بەهێزترین دیکتاتۆری ئەو سەردەم ببنەوەو لەچەند چرکەساتێکدا تەواوی دامودەزگا ئەمنی و سەربازیەکانی حیزبی بەعس لەناو ببەن، ئەمەش ئەو ڕۆژەبوو کە لە پێناویدا هەزارەها ڕۆڵەی کورد قوربانیداوەو خوێنی ڕشتووە، یازدەی ئازار ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی زوڵم و ستەم و ناعەدالەتی بوو، ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتێک بوو کە کەڕو لاڵ بوو لەئاستی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، یازدەی ئازاری 91، ڕۆژی تێکشکاندی کۆتوبەندەکانی بەعس بوو لەسەر گەلی کورد، ڕۆژی بەرز ڕاگرتن و پیرۆزکردنی ئاڵای کوردستان بوو لەسەر قەڵای سەربەرزی هەولێر.
لەم یادە پیرۆزەدا، بە پێویستی دەزانین دوو پەیام ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و هاونیشتمانیانی ئازیز بکەین:
یەکەم/ دەسەڵاتدارانی هەرێم پێویستە لەم ڕاستیە تێبگەن، کە دۆخی ئێستای هاوڵاتیان و بەتایبەت دانیشتوانی خۆشەویستی شاری هەولێر یەکجار خراپەو پێویستە ئاوڕێکی جددیان لێ بدرێتەوەو گوێ لە داوا ڕەواکانیان بگرێت و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت و هەر هیچ نەبێت لەم بارودۆخە خراپەدا هەندێک لە ئازارەکانیان کەم بکرێتەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکرێت ئەوا پێویستە ئەو راستیە بزانین کە خەڵکی ئێستای هەولێر، نەوەی ئەو پیاو و کوڕ و کچە جوامێرانەن کە ڕاپەڕینیان کرد و بەرەنگاری تانک و زرێپۆشەکانی بەعس بوونەوە.
دووەم/ خەڵکی هەولێر و کوردستانیان، شایستەی ئەوە نین بەم شێوەیە ئازار بدرێن، بەڵکو دەبێت شکۆیان بۆ بگێڕدرێتەوەو لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا پشکی شێریان لەبەرهەمی ڕاپەڕیندا بەربکەوێت، ئێمەش وەکو بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی سەرجەم داوا ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەکەین و هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەمان ڕوحیەتی ڕاپەڕینی بەهاری 91، کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و مافەڕەواکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە.
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێر
بزوتنەوەی گۆڕان
١١ی ئازاری ٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر