گۆڕان و شاندی ھاوبەشی باڵیۆزخانەی سوید و نەرویج پرسی هەڵبژاردن و دواکەوتنی موچە تاوتوێ دەكەن

06/04/2022

شاندی ھاوبەشی باڵیۆزخانەی سوید و نەرویج و بزوتنەوەی گۆڕان رەوشى سیاسى عێراق و دۆخى ئابورى هەرێم و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و چارەنوسی ئەو کوردانەى لە بیلاروسیا گیریان خواردووە، تاوتوێ دەكەن.

‎ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی ھاوبەشی سوید و نەرویج کە لە کرستیان ئۆڵسون سێڵڕود، جێگری باڵیۆزی سوید لە عێراق و ئێریک بێرگەر ھوسەم، کاربەڕێکەر و وەزیری راوێژکاری باڵیۆخانەی نەرویج لە ئوردن و عێراق، پێکهاتبون. سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان-یان کرد و لەلایەن ھۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشوازیان لێکرا.

ھۆشیار عومەر عەلی، رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا دۆخی سیاسی عێراق رەوشی ئابوری و سیاسی و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
وتیشى،" پەیوەست بە دۆخی ئابوری، روانینی بزوتنەوەی گۆڕان لە دواکەوتنی مووچە، زیادبوونی گەندەڵی، دەستگرتن بەسەر داھاتی ناوخۆ، نەمانی پێداویستی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانى سلێمانی و وەستانی پرۆژەکان بۆ وەفدەکە خرایەڕو".

ئاماژەى بەوەشکرد، لەبارەى ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەوە باس کرا کە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لە مانگی ئازاری 2021 و پێش زیاتر لە ساڵێک پرۆژە یاسای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی کوردستانی پێشکەش کردووە و دیدگاى گۆڕانیش بۆ هەمو لایەنەکان بەتایبەت بەربەستەکان لەسەر یەک بازنەیى یان فرەبازنەیی، تۆماری دەنگدەران و سیستەمی ھەڵبژاردنی و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن دروست خرایەڕو.

لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانیش، هۆشیار عومەر وتى"، سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە ھەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئەوەش لە کۆبونەوەکە لەگەڵ ئەو شاندە باسکراوە".

ھەر لە کۆبونەوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان داوای چارەسەری پرسی ئەو ھاونیشتیمانیە کوردانەیان کرد کە لە بیلاڕوسیا گیریان خواردووە و لە کامپدا لە دۆخێکی خراپدا دەژین. بۆ ئەم پرسە بەردەوام ھەنگاو ئەنێ.


هەواڵی زیاتر