ژوری رۆژنامەوانی گۆڕان: بە داھاتی گشتی میدیا کراوەتە سەکۆی شەڕ و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری سیاسیی
23/04/2022
دەرچونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨) لەسەردەستی بنەماڵەی بەدرخانیەکان ھەنگاوێکی رێچکەشکێن و وەرچەرخانێکی گرنگە لە دیرۆکی گەلی کورددا.
بڵاوکردنەوەی (رۆژنامەی کوردستان) مێژویەکی درەوشاوە و، گۆڕانکاریەکی ریشەییە روەو شارستانیەت و قۆناغی رۆشنگەری و، جێگای شانازیەکی گەورەیە کە لەو سەردەمە تاریکەی داگیرکاری خاک و نیشتمان؛ لەتاراوگە چرۆی هیوایەک بە وشەی کوردی لەسەر روپەڕی رۆژنامە لەدایک دەبێ.
لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی، وێرایی پیرۆزبایی گەرممان لە تەواوی ئەو رۆژنامەنوسانەی بەحەق خاوەنی پەیامی رۆژنامەنوسین، سەری رێز و نەوازش لەبەردەم گڵکۆی شەهیدانی قەڵەم و ئەوانەی رۆژگارێک بۆ خزمەتی خەباتی سیاسیی و رۆژنامەگەری تێکۆشاون دادەنەوێنین.
هەر لەم یادە پڕشکۆیەدا ، ئێمە لەژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەنیگەرانیەکی قوڵەوە لە دۆخی رۆژنامەگەری و لەمپەرەکانی بەردەم پیشەیی رۆژنامەنوسی دەڕوانین. پێویست بو هەرێمی کوردستان پارێزگاری لە ناسنامەی ئازادی و دیموکراسی وەک یەکێک لە بەها باڵاکانی خۆی بکردایە، بەڵام بەداخەوە، ساڵانە راپۆرتی رێکخراوە جیهانیەکان؛ هەرێم وەک ناوچەیەکی پڕ لە پێشێلکاری ئازادییە گشتیەکان و کاری رۆژنامەنوسی دەناسێنن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر رەوایەتی شێوازی حوکمڕانی کوردی دروست کردووە.
لە ئێستادا دەسەڵاتداران، لەئاستی هەرە باڵادا، بە داھاتی گشتی میدیاکانیان کردووەتە سەکۆی جەنگی دەرونی و، شەڕ فرۆشتن بە یەکتر و بەکارھێنانیان بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیری سیاسیی، ئەمەش نزمترین ئاستی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی، کەپێویست بوو میدیای کوردی ئاوێنەی
واقعی روداوەکان و رەنگدانەوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بێت بۆ ھێنانەدی ئامانجە باڵاکان.
ئەم یادە بە دەرفەت دەزانین وەک میدیای گۆڕان دەستپشخەری بکەین بۆ رێکخستنی (پەیماننامەی ئاکاری میدیایی) کە هەموو لایەک پابەندبکات بە پەیوەستبوون بە بنەما ئیتیکیەکانی پیشەکە و دورکەوتنەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و تۆمەت و لە کەدارکردن. ئەرکی لەپێشینەی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیشە یاسا کارپێکراوەکان جێبەجێ بکەن و، مافەکانی رۆژنامەنوسان بپارێزین لەسەروھەمویانەوە پێدانی زانیاری و رەچاوکردنی شەفافیەت وەک بنەمایەکی حوکمڕانی تەندروست.
جارێکی دیکە، درود بۆ رۆحی پاکی شەهیدانی کاروانی ئازادی رۆژنامەگەری، سڵاو لە خەباتی رۆژنامەنوسانی خاوەن ئاکاری بەرزی رۆژنامەنوسی.
ژوری رۆژنامەوانی
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢