ئەنحومەنى قەزاى پشدەر: کاتى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى ساڵانى رابردوە نەک کۆکردنەوەى خەڵک بۆ یاد و یادەوەرى بێ بەرهەم

23/04/2022

‎ ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان  رایدەگەیەنێت؛ حکومەت بەڵێنەکانی ساڵانی پێشو جێبەجێ بکات و بە خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە وەڵامی کەسوکاری قوربانیان و ھاونیشتیمانیان بداتەوە، "داواکاریشین لە ئیدارەی شارەکەمان، چیتر خەڵک کۆنەکرێتەوە بۆ یاد و یادەوەری بێ بەرھەم، بەڵکو لەگەڵ جێبەجێکردنی داخوازی ھاوڵاتیان، ببێتە نەریت ساڵانە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەرپەرشتی ئەو یادە نیشتیمانیانە بکەن و خەڵک خۆی نوێنەرایەتی خەم و ئازار و کۆژانەکانی خۆی بکات".



دەقى راگەیەندراوەکە:
خەڵکی بە ئەمەک و قوربانیدەری پشدەر..
ھاوڵاتیانی خۆشەویست..

‎وادیسان ساڵیادی بۆردومان و ڕاپەرینی (٢٤ی٤ی١٩٧٤ و ٢٤ی٤ی١٩٨٢) قەڵادزێ دەکەینەوە. ئەگەرچی ھەردوو یادەکە جێی بایەخ و یادەوەری خەڵکی قوربانیدەری ناوچەکەیە، بەڵام بەھۆی دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان، خەڵکی ئێمەش وەکو ناوچەکانی دیکەی ھەرێم بێزاربون لە یادکردنەوەی سواو بێزراوی کارەسات و بۆنەکان و، گوێگرتن لە قسەی بێ کرداری بەرپرسان و دانانی تاجەگوڵێنەکان.

‎ سەرەڕای ھاوخەمی بەردەواممان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی بۆردومان و راپەڕینی خەڵکی پشدەر و، چەمانەوەمان لەبەردەم گڵکۆی شەھیدان، بەڵام کاتی ئەوە ھاتووە بە کردار خزمەتی خەڵک بکرێت، بەشێوەیەک حکومەت بەڵێنەکانی ساڵانی پێشو جێبەجێ بکات و، بە خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە وەڵامی کەسوکاری قوربانیان و ھاونیشتیمانیان بداتەوە.

‎ داواکاریشین لە ئیدارەی شارەکەمان، چیتر خەڵک کۆنەکرێتەوە بۆ یاد و یادەوەری بێ بەرھەم، بەڵکو لەگەڵ جێبەجێکردنی داخوازی ھاوڵاتیان، ببێتە نەریت ساڵانە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەرپەرشتی ئەو یادە نیشتیمانیانە بکەن و خەڵک خۆی نوێنەرایەتی خەم و ئازار و کۆژانەکانی خۆی بکات، کە بەوشێوەیە رۆحی شەھیدەکان ئارام دەبێت.

‎ ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ی٤ی ٢٠٢٢


هەواڵی زیاتر