وتەبێژى گۆڕان: مەترسى راستەقینەى سەر هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە میللەت رازى نییە و حکومەت و دامەزراوەکان بەدەم داخوازیەکانەوە نەهاتون

22/05/2022

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەرهەمى خەڵک و خەباتى مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانى دیکەش بەرنامەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان بە دەرمانى چارەسەرى کێشەکان دەزانن.

دوا کۆبونەوەى سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان، دلێر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەى بە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە کرد و رایگەیاند: کۆبونەوەیەکى راشکاوانەمان هەبو چونکە دۆخى سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و هەلومەرجى ژیانى خەڵکى کوردستان خراپە، خەڵک چاوەڕوانى گۆڕنکارى و چاکسازیی و باشکردنى ژیانیەتى، پەیوەندى نێوان لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت خراپیی پەیوەندى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کاریگەرى زۆر خراپى لەسەر چۆنیەتى ئیدارەدانى خەڵک و سەرچاوەکانى داهات و پەکخستنى دامەزراوەکان و حکومڕانییەکى رەشید هەبوە، هەمو ئەوانەش بوەتە هۆى ئەوەى نیگەرانى خەڵک و بی متمانەییان بەم دەسەڵاتە زیاد بکات".

ئاماژەى بەوەشکرد (13) ساڵ بەر لە ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان باسى لە بەنیشتمانیکردنى هێزى پێشمەرگە و بە دامەزراوەییکردنى دامەزراوەکان و نەهێشتنى گەندەڵی کردوە و پڕۆژەى بۆ چارەسەرکردنیان پێشکەش کردوە، وتیشى: "بۆیە گوتارى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان گوتارێکى زیندوە و ئەوە بەرهەمى خەڵک و خەباتى مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانى دیکەش بەرنامەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان بە دەرمانى چارەسەرى کێشەکان دەزانن".

ئەوەشى خستەڕو کە بە راشکاوى بە شاندى سەرۆکایەتى هەرێمیان وەک بەشێکى گرنگ لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن راگەیاندوە؛ کە بە زویی بەدەنگ چارەسەرى کێشەکانەوە بێن پێش ئەوەى بازنەى ناڕەزایەتى خەڵک بە دامەزراوەکانى هەرێم فراوانتر بێت، ئەو هۆشدارییەى نوێنەرایەتى و دیپلۆماتکار و نێردەى دەرەوە دەیدات کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسییە، بەڵام لە بنەڕەتدا مەترسى سەر هەرێمى کوردستان ناوخۆییە، ئەوەیە کە میللەت رازى نییە و حکومەت وەک پێویست بەدەم ناەڕزایەتى و داواکارییەکانەوە نەچوە و گرفت لە دۆخى تەندروستى و رێگاوبان و دانەمەزراندن و نەڕەخساندنى هەلى کارى هەزاران دەرچو هەیە.

هاوکات جەختى کردەوە کە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندى سەرۆکایەتى هەرێم تەشریفاتى نەبوە و دەڵێت: بە چەند خاڵێک بەڕیزان لە سەرۆکایەتى هەرێممان خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتى، بۆئەوەى بە خێرایى هەوڵى تێکتێگەیشتن بهێننە ئاراوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکان بهێننە کایە، بەتایبەت ئەو کیشانەى نێوان یەکێتى و پارتى چونکە ئەوەى ئەو دو هێزە دەیکەن، نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر خەبات و ماندوبون و خوێنى شەهیدان و ئەو قەوارە سیاسیەى بەرهەمى 100 ساڵ خەباتى میللەتەکمانە، بەڵام رێکبکەون بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندییەکانى خەڵک نەک بەرژەوەندى خۆیان و قوڵکردنەوەى ئەو کێشانەى بە خزمەتى میللەتەکەمان نییە".


هەواڵی زیاتر