هۆشیار عومەرعەلى: ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی لە هەرێمى کوردستان خێرابكرێن

28/04/2022

رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ویستی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی لە هەرێمى کوردستان خێرابكرێن و ‌ئەوە‌ش به‌هۆشهێنانه‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه.

هۆشیار عومه‌ر عەلى رێکخەرى ژورى پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کە وەک شاندێکى بزوتنەوەکە ئامادەى کۆبونەوەى لایەنە سیاسییەکان و نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکان بو لە عێراق لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە دەڵێت: كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی پێكهاتبو كه‌به‌شێكی زۆری گفتوگۆكان تایبه‌ت بو به‌دۆخی هه‌رێم كوردستان و ‌گرنگی گۆڕانكاری، ئه‌نجامدانی چاكسازی و هه‌مو ئه‌و ناڕه‌زاییه‌تیانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌یانه‌ له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان و پارته‌ سیاسییه‌كان و دامه‌زروه‌كانی دیكه، بابه‌تێكی دیكه‌، په‌یوه‌ندی نێوان پارێزگاكان بو، ئه‌وكه‌موڕیی و جیاوازیانه‌ی له‌نێوان پارێزگاكاندا ده‌كرێت، به‌ڕاشكاوانه‌ باسی لێوه‌كرا، له‌گه‌ڵ پرسی هه‌ڵبژاردن له ‌هه‌رێم.

وتیشی: ئه‌وه‌ی پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان بیزانێت، ئه‌و تێڕوانیینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان كه‌ زۆر جار به‌جیاواز سه‌یر ده‌كرا و ده‌وترا له‌عێراق باشتره‌، گۆڕاوه‌ و ئێستا بە ره‌قی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، ویستی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌وه‌یه‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی خێرابكرێن و كه ‌ئه‌مه‌ش به‌هۆشهێنانه‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان باس لەوە دەکات؛ له‌ژێر فشاره‌كانی خۆپیشاندان و شه‌قامی عێراقیدا به‌غدا هه‌ندێ هه‌نگاوی چاكسازی ناوه، ئێستا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌و چاوپۆشییه‌ی پێشوی بۆ كوردستان نه‌ماوه‌ و مامەڵەى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر هه‌رێم گۆڕاوه‌.

هەروەک ئەوە دەخاتەڕو لە ئه‌نجومه‌نی ئاسایش کە گرنگترین دامه‌زراوه‌یه‌ له‌جیهاندا و ‌تایبه‌تمه‌نده‌ به ‌راگرتنی ئاسایش و ئاشتی له‌جیهاندا، كاتێک تێیدا ده‌وترێ هه‌رێم به‌سه‌ر دو زۆنگی سه‌وز و زه‌ردا دابه‌شبوه‌، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ تاراده‌یه‌ك نائومێدن، وتیشى: سیاسه‌تی پێشوى كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه ‌زۆرجار پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵات بوه‌، به‌و شێوه‌ به‌رده‌وام نابێت و پێویسته‌ گۆڕانكاری بكرێت، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان مه‌به‌ستیانه‌‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ناوخۆی هه‌رێم و به‌هاوبه‌شی كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن.

لەبارەى دواین هەڵوێستى کۆبونەوەکەوە، هۆشیار عومەر عەلى دەڵێت: تاڕاده‌یه‌ك لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌مو لایه‌نه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكرێت فره‌بازنه‌ بێت، به‌زوترین كات كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن رۆڵی پێ بدرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بکات بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران‌ و هەڵبژاردن، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌ رێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی له‌په‌رله‌مانیشه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان بنرێت.

باس لەوەش دەکات؛ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌داجه‌خت كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت و وتى: گله‌یی ئه‌وه‌ هه‌بو كه‌ بۆچی له‌م كاته‌دا باسی گۆڕانكاری له‌یاساكه‌دا ده‌كرێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ماوه‌ی ساڵێك زیاتره‌ پڕۆژه‌ی خۆمان پێشكه‌شكردوه‌ ئه‌وە لایه‌نه‌كانی تره پرۆژه‌یان دره‌نگ پێشكه‌ش كردوه‌.


هەواڵی زیاتر