لیژنەى باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانى لەگەڵ باژێرەکانى گۆڕان کۆدەبێتەوە

05/06/2022

لیژنەى باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانى لەگەڵ باژێرەکان کۆبوەوە و باژێروانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکەنەوە لەوەى ئامانج و هەمو هەوڵ و کارکردنیان بۆ بەرژەوەندى میللەت و ئاشتکردنەوەى خەڵک و گەڕاندنەوەى ئومێدە بە گۆڕانکارى و باشکردنى ژیانى هاوڵاتیان.
لە درێژەى ئامادەکارییەکان بۆ خێراکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى، ئەمڕۆ شەممە (4/6/2022)، لیژنەى باڵاى کۆنفرانس لە مەکۆى سەرەکى لە شارى سلێمانى لەگەڵ باژێرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە.

یاسین حەمە عەلى، سکرتێرى لیژنەى ئامادەکارى دوەم کۆنفڕانسى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند: لیژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفڕانس لەگەڵ سەرنجەم ئۆرگانەکان کۆدەبێتەوە، ئەم زنجیرە کۆبونەوانە بۆ گەیاندنى دوا راسپاردە و ئامادەکارییەکانى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان.

لاى خۆیەوە، تەحسین ئیبراهیم، باژێروانى رواندوزى بزوتنەوەى گۆڕان لە رواندوز، ئاماژە بەوە دەکات بزوتنەوەکە چەند هەنگاوێکى گرنگ دەنێت بۆئەوەى نوێ ببێتەوە، یەکێک لەوانە بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانییە و دەشڵێت: ئەولەویەتى کارکردنمان لەپێناو خەڵک و بۆ بەرژەوەندییەکانى خەڵکە و دەمانەوێت خەڵک لەگەڵ خۆماندا ئاشت بکەینەوە.

هاوکات موئەیەد ئەحمەد، باژێروان دهۆکى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: چەند مانگێکە گۆڕان دەستى بە ئامادەیی کردوە بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى بە ئامانجى گۆڕانکارى گەورە لە بەرنامەى سیاسى و سیاسەت و هەیکەلیەتى بزوتنەوەکە، بەشێوەیەک ئەم خۆنوێکردنەوە لەگەڵ واقیعەکەدا بگونجێت و ئومێد بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە.

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر