چوارچێوەی ھەماھەنگی: ئامادەیی زیاتری بزوتنەوەی گۆڕان مان لە بەغدا پێویستە
03/06/2022
وەفدێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن و دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق گفتوگۆ دەکەن.
ئەمرۆ ھەینی ٣ی٦ی٢٠٢٢، ژمارەیەک لە راوێژکار و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی لەلایەن مستەفا سەید قادر و ژوری پەیوەندییە سیاسیەکان لە مەکۆی سەرەکی لە سلێمانی پێشوازی کران.
لە کۆبونەوەیەکدا، تاوتوێی دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و پرسی پێکھێنانی کابینەی وزاری و تێپەراندنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی کرا.
لای خۆیانەوە، نوێنەرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی رۆڵی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕانیان لە بەرەوپێشبردنی پرسە نیشتیمانییەکان و ھەوڵدان بۆ چاکسازی سیاسیی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و، ئامادەیی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە پەرەسەندنە ھەنوکەییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق لە بەغدا بە پێویست زانی.
لای خۆشیانەوە، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختیان لەسەر رێککەوتنی لایەنە سیاسیەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەلایەک و، کۆکبوونی لایەنە کوردییەکان و بونی ئەجێندایەکی ھاوبەشی کوردستانی وەک پێشینەیی سیاسیی باسکرد، ھاوکات بەھەندوەرگرتنی پرەنسیپەکانی ھاوبەشی سیاسیی و سازان و ھاوسەنگی لە رێککەوتنی نێوان کورد و لایەنەکانی شیعە و سونە بە گرنگ زانی؛ بۆ دەرچون لەو چەقبەستوییە سیاسیەی دروست بوە.