ژورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان دواین ئامادەکارییەکانى کۆنفڕانس تاوتوێ دەکەن
02/06/2022
لیژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفڕانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ تاوتوێکردنى ئامادەکارییەکانى دوەم کۆنفرانس، لەگەڵ ستافى ژورەکان کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (2/6/2022)، بۆ گفتوگۆکردنى دواین ئامادەکارییەکانى بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لیژنەى باڵاى ئامادەکارى کۆنفڕانس لە مەکۆى سەرەکى، لەگەڵ ئەندامان و ستافى ژورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا لەلایەن نوێنەرانى لیژنەى باڵاوە، دواین ئامادەکارییەکانى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى و بەشێک لە ناوەڕۆکى راپۆرتى لیژنە تایبەتمەندەکان خرایەڕو ، لەو چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە لە گرنگى بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى وەک یەکێک لە هەنگاوە ناوخۆییەکان بۆ رێکخستنەوەى پەیکەرى رێکخراوەیى و بەخۆداچونەوە و ئامادەکاریى بۆ هەر ئەگەر و هەنگاوێکى سیاسى کە پێویست بێت بزوتنەوەى گۆڕان بیگرێتە بەر.
بەشێکى زۆرى کۆبونەوەکە تەرخان کرابو بۆ بەشدارى ئەندام و ستافى ژوررەکان و دەربڕینى بیر و بۆچون و سەرنجەکانیان لەسەر کار و ئەرکەکانى کۆنفڕانس و خێراکردنى هەنگاوە کردارییەکان بە ئامانجى بەستنى کۆنفڕانسێک کە وەڵامدەرەوەى پێداویستییەکانى ئەم قۆناغەى بزوتنەوەى گۆڕان بێت و بۆئەوەش ئامادەیی بەشداربوان دوپاتکرایەوە بۆ سەرخستنى کۆنفڕانس و هەوڵەکانى خۆ نوێکردنەوە.