جەمال حاجى محەمەد: شەریکە دزى نەوت نین، دزیمان نەکردوە و هاوڕێیانیشمان گەندەڵ نەبون

19/06/2022

سەرۆکى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ ئێمە شەریکە دزى نەوت نین، کۆمپانیامان نییە و دزیمان نەکردوە و هاوڕێیانیشمان گەندەڵ نەبون، ئەوەش باشترین پاڵنەرە لەپێناو بەردەوامیدان بە بنەماکانى گۆڕان و درێژەدان بەم رێباز و رەوت و بزوتنەوەیە بۆ گۆڕانکارى.

جەمال حاجى محەمەد، سەرۆکى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لە میانى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس لەگەڵ ئەنجومەنى قەزا و گۆڕانخوازانى شارەزور، رایگەیاند؛ ئێمە راستە لە حکومەتین، بەڵام شەریکە دزى نەوت نین، تاکە هێزى سیاسین کە کۆمپانیا و بەرژەوەندی تایبەتمان نییە. هاوکات هاوڕێیانیشمان لە حکومەت پەرێزیان پاکە لە گەندەڵى نەگلاون و دەیان پڕۆژەمان بۆ چاکسازیی و خزمەتى بەرژەوەندى باڵاى میللەتەکەمان و چاکەى گشتى پێشکەش کردوە، ئەمەش باشترین گەواهیدەر و پاڵنەرە، بۆئەوەى لەسەر بنەماکانى گۆڕان بەردەوام بین، ئیتر بۆچى درێژە بەم رێباز و رەوت و بزوتنەوەیەمان نەدەین بۆ گۆڕانکارى.

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر رێبازە بنەڕەتیەکەى خۆى بەردەوامە کە گۆڕانکارى و چاکسازى و بەرژەوەندییە باڵاکانى میللەتە و دەشڵێت: پێمانوایە؛ ئەگەر ئیرادە هەبێت و رێبازێکى راستت گرتبێت کۆتاییەکەى هەر سەرکەوتنە.

ئەوە لەکاتێکدایە بزوتنەوەى گۆڕان سەرقاڵى خۆ رێکخستنەوەیە و یەکێک لە هەنگاوەکانیشتنى ئامادەکارییە بۆ بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى بۆئەوەش نوێنەرایەتی لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس سەردانى ئەنجومەنى قەزاکان دەکات و را و سەرنجى هەڵسوڕاوان لە هەمو ناوچەکان وەردەگیرێت.


هەواڵی زیاتر