چۆمان محەمەد: نابێت چاکسازى تەنها لە دەرماڵە و خانەنشینى و موچە قەتیس بکرێت

20/06/2022

رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەنجامدانى چاکسازى ریشەیى و گشتگیر و هەمەلایەن و بەدیهێنانى دادپەروەرى یاسایی و روبەڕوبونەوەى گەندەڵیی، لە ئامرازە گرنگەکانى پاراستن و مانەوەى قەوارەى هەرێمن.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان، لە چوارچێوەى بەشداریکردنى لەو دیدارەى دەستەى دەسپاکى سەبارەت بە پرسى چاکسازى رێکیخستبو، رایگەیاند: بەداخەوە پرسى چاکسازى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى بابەتێکى فەرامۆشکراوە لە هەرێمى کوردستان و لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە.

ئاماژە بەوەش دەکات بونى یەکڕیزى کە هەمیشە جەختى لێدەکرێتەوە، یەکێکە لە ئامرازەکانى پاراستنى قەوارەى هەرێم، بەڵام ئەنجامدانى چاکسازى ریشەیى و گشتگیر و هەمەلایەن و بەدیهێنانى دادپەروەرى یاسایی و روبەڕوبونەوەى گەندەڵیی، لە ئامرازە گرنگەکانى پاراستن و مانەوەى قەوارەى هەرێمن و دەشڵێت: نابێت یاساى چاکسازى تەنها لە دەرماڵە و خانەنشینى و موچە قەتیس بکرێت، چونکە پرسى گرنگ بۆئەوەى چاکسازى تێدا بکرێت نەوتە چ لە داهات و چ لە خەرجییەکەى هەروەها خاڵە سنورییەکان و داگیرکارى زەوى و  چەندین پرسى دیکە هەن کە پێویستیان بە چاکسازییە، هەمو ئەوانەش ئیرادەى راستەقینەى دەوێت کە تائێستا وەک پێویست نایبینین.

رێکخەرى ژورى یاسایی پێیوایە نەبونى دادپەروەرى و بونى گەندەڵى بە قەبارەى گەورە، هۆکارى سەرەکى کەمبونەوە و نەمانى متمانەى هاوڵاتییانە بە دامەزراوەکان، بۆیە لەپێناو گەڕاندنەوەى متمانەى هاوڵاتییان پێویستە روبەڕوبونەوەى گەندەڵى ئەنجامدانى چاکسازى هەمەلایەن ببێتە کارى لەپێشینە.


هەواڵی زیاتر