باژێروانى دوکان: کاردەکەین بۆئەوەى کۆنفڕانسێک ببەستین کەموکوڕییەکان چاک بکاتەوە و بەردەوامیی بدات بە هەنگاوەکانى گۆڕان بۆ چاکەى گشتى

25/06/2022




باژێروانى قەزاى دوکانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەڵسوڕاوان ئازادانە و راشکاوانە بۆچون و پێشنیارەکانیان ئاڕاستەى لیژنەى باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانى دەکەن و ئێمەش دەمانەوێت خۆمان رێکبخەینەوە و کۆنفڕانسێک ببەستین کە کەموکوڕییەکان چاک بکاتەوە و بەردەوامیی بدات بە هەنگاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئەو ئامانجانەى بۆى دروستبوە لە خزمەتکردنى خەڵک و چاکەى گشتى.

محەمەد حاجى عومەر، باژێروانى قەزاى دوکانى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى کۆنفڕان و هەڵسواڕاوانى سنورەکە کە ئەمڕۆ شەممە لە مەکۆى دوکان بەڕێوەچو، رایدەگەیەنێت؛ ئەم کۆبونەوەیە لە چوارچێوەى زنجیرە کۆبونەوەکانى لیژنەى باڵاى کۆنفڕانسى نیشتیمانییە لەگەڵ هەڵسواڕانى گۆڕان لە ئەنجومەنى قەزا و دەستەى بەڕێوەبەردنى بازنە و رایەڵەکان و تێیاندا پێشنیار، بۆچون و رەخنەى هەڵسوڕاوان وەردەگیرێت و دەکرێتە راپۆرت بۆ کۆنفڕانس.

ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبونەوەکان لە چوارچێوەى ئامادەکارییە بۆ دوەم کۆنفرانسى نیشتیمانى و تێیدا هەڵسوڕاوانمان ئازادانە راى خۆیان دەردەبڕن و لیژنەى باڵا گوێبیستى سەرجەم بۆچون و پێشنیارەکان دەبن، چونکە دەمانەوێت خۆمان رێکبخەینەوە و کۆنفڕانسێک ببەستین کە کەموکوڕییەکان چاک بکاتەوە.

جەختیش دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان هەمیشە گوێى لە خەڵک گرتوە و را و بۆچونى خەڵک و هەڵسوڕاوانى خۆى وەردەگیرێت بۆ بنیاتنانەوە و خۆ نوێکردنەوە و داڕشتنەوەى رەشنوسى راپۆرتەکانى کۆنفرانس و گوتارى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى و پەیڕەو و پڕۆگرام و هەیکەلیەتى بزوتنەوەکە.


هەواڵی زیاتر