هەولێر، كۆبونەوەی ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
25/06/2022
ئەمڕۆ شەممە (25/6/2022)، کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى گۆڕان لەگەڵ ئەنجومەنى قەزاى ناوەندی هەولێر و بەشێک لە هەڵسوڕاوانى سنورەکە بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێكردنی دوایین ئامادەكارییەكانی كۆنفڕانس و وەرگرتنی راو پێشنیازی گۆڕانخوازان.
لەكۆبونەوەكەدا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و میكانیزمەكانی چارەسەر و رۆڵ و شیوازی كاركردنی نوێنەرانی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیی و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و دوایین ئامادەکاریی بەستنى کۆنفڕانسى نیشتمانى و خۆڕێکخستنەوە لە هەمو ئاستەکان، هەیکەلیەت و ستراتیژ و پەیڕەوپرۆگرام و بەرنامەی كاری ئایندەی بزوتنەوەکەش خرایە بەر باس، هاوكات هەڵسوڕاوانی هەولێری گۆڕان، بۆچون و پێشنیارەكانیان ئاڕاستەی لیژنەی باڵا كرد.
ئەوەلەكاتێكدایە، بزوتنەوەى گۆڕان سەرقاڵى خۆ رێکخستنەوەیە، یەکێک لەهەنگاوەکانیشى ئامادەکارییە بۆ بەستنى دوەم کۆنفڕانسى نیشتمانى و لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەى باڵاى کۆنفڕانس سەردانى ئەنجومەنى قەزاکان دەکات و را و پێشنیاری گۆڕانخوازان وەردەگرێت.