گۆڕان و پارتی رێککەوتنەکەیان ئیمزا دەکەن

18/02/2019

ئەمڕۆ گۆڕان و پارتی دەقی رێککەوتنە سیاسییەکەیان ئیمزا دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چوار ساڵی داهاتوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند: دوای پەسەندکردنی دەقی رێککەوتننامەی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و چوار ساڵی داهاتوی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی و جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، بڕیارە سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رێککەوتنەکە بە فەرمی لەنێوان شاندی دانوستانی هەردولایەن ئیمزا بکرێت.

رایگەیاند: لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام رێککەوتنەکە ئیمزا دەکرێت و پێش ئیمزاکردنیشی کۆبونەوەیەکی دیکە لەنێوان شاندی دانوستانی هەردو لایەن ئەنجام دەدرێت و دواتر رێککەوتنەکە ئیمزا دەکرێت.
پەیامنێری (سبەی) رایگەیاند: شاندی بزوتنەوەی گۆڕان هەمواری لە رێککەوتنەکەی نێوان پارتی و گۆڕان کردوە، سەبارەت بە بەرکەوتەکانی هەڵبژاردنەکان و پۆستەکان و بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا.

وتیشی :" هەموارەکە لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیماندا کراوە و دوای گفتوگۆ و پەسەندکردنی رێککەوتنەکە ئیمزا دەکرێت".
ئێوارەی شەممە، دوای چەند گەڕێکی کۆبونەوە و گفتوگۆ، شاندی دانوستانی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر رەشنوسی رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردولا گەیشتنە رێککەوتن و دواتر دوێنێ یەکشەممە رێککەوتنەکە لەلایەن سەرکردایەتی پارتی و جڤاتی نیشتیمانییەوە پەسەند کران.


هەواڵی زیاتر