وێنە؛ ناساندن و بڵاوکردنەوەى کتێبى (نەوشیروان مستەفا ئەمین - بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا ١٩٧١-٢٠٢١)

04/07/2022

دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە (4/7/2022)، بە ئامادەبونى ژمارەیەکى بەرچاو لە نوسەران و خوێنەران لە رێوەڕسمێکدا لە هۆڵى خاک لە شارى سلێمانى، کتێبى (نەوشیروان مستەفا ئەمین - بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا ١٩٧١-٢٠٢١) بڵاوکرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە پارێزگارى سلێمانى، بەڕێوەبەرى گشتى کتێبخانەى سلێمانى و ئامادەکارى کتێبەکە؛ ئاماژەیان بە گرنگى و بایەخى کتێبەکە کرد بۆ نەوەى نوێ و توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکان، هاوکات تیشک خرایە سەر رۆڵى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین کە جگە لەوەى سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کوردە، خاوەنى بیر و قەڵەمێکى گرنگى مێژوى نەتەوەکەشیەتى و خاوەنى دەیان کتێب و نوسینى گرنگ و مێژوییە و هەمیشە وەک سەرچاوەیەکى بەبایەخ لێى دەڕوانرێت و سودیان لێوەردەگیرێت.

کتێبى (نەوشیروان مستەفا ئەمین - بیبلیۆگرافیای كتێب و پێڕستی لە كتێبی كوردیدا ١٩٧١-٢٠٢١) لە دوتوێى ٢٤٢ لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگیی پێوانە ١٧ بە ٢٤ سانتیمەتر، لەلایەن بوار نورەدین و جەماوەر ئەحمەد بە پێداچونەوەى لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا و بە پشتیوانیی پارێزگارى سلێمانى چاپ و بڵاوکرایەوە.

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر