شاندێکى رۆژئاوا داواى پشتگیرى وپاڵپشتى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات
17/07/2022
شاندێکى رۆژئاواى کوردستان داواى پاڵپشتى سیاسى و مەدەنى لە بزوتنەوەى
گۆڕان دەکات و شاندى گۆڕانیش جەخت دەکاتەوە لەوەى وەک ئەرکێکى ئەخلاقى و مرۆیی و
نیشتیمانى ئامادەی هەمو هاوکاری و پاڵپشتییەکن بۆ پاراستنى ژیان و سەر و ماڵى
خەڵکى سڤیل لەو ناوچانەى لەبەردەم هەڕەشە و مەترسى هێرشدان.
ئەمڕۆ یەکشەممە (17/7/2022)وەفدێک بە سەرۆکایەتى د. جاویدان کەمال نوێنەرى پارتى یەکێتى دیموکراتى سوریا (پەیەدە) لە هەرێمى کوردستان و چەند
چالاکوانێک لە بەرەى پشتیوانى رۆژئاواى کوردستان بۆ پشگیرى و چەسپاندنى ناوچەى دژە
فڕین لە باکور و رۆهەڵاتى سوریا سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن ژورى
پەیوەندییە سیاسییەکانەوە پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا وەفدى رۆژئاوا خوازیارى ئەوەبون بزوتنەوەى گۆڕان و هێز و
لایەنە سیاسییەکانى دیکە و حکومەت و پەرلەمان و چالاکوانانى کۆمەڵى مەدەنى هاوکار
بن بۆ راگرتنى هێرشى چاوەڕوانکراوى تورکیا بەرامبەر رۆژئاواى کوردستان و داوایان
کرد بزوتنەوەى گۆڕان لە رێگەى کەناڵەکانى خۆیەوە هۆکارێک بێ بۆ پشگیرى لە دۆزى
رەواى هاوڵاتیان لە لە باکور و رۆژهەڵاتى سوریا، لاى خۆیەوە رێکخەرى ژورى پەیوەندى
سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان وەک ئەرکێکى ئەخلاقى و مرۆیی و نیشتیمانى، هەمو هاوکارییەکى
بزوتنەوەى گۆڕانى خستەڕو بۆ پشتگیرى و پاراستنى ژیان و سەر و ماڵى خەڵکى سڤیل لەو
ناوچانە کە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسى هێرشدان و جەختى کردەوە ئەوەى لە توانایاندا
بێت لە پشتیوانى و پاڵپشتى سیاسى لەو روەوە ئەنجامى بدەن.