سەرۆکى پەرلەمان: گۆڕان توانى زۆر شت بگۆڕێت

25/07/2022


سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان توانى زۆر شت بگۆڕێت، بەدیهێنانى ئامانجەکانیشى پێویستى بە نەفەس درێژى هەیە، چونکە پڕۆسەى چاکسازى لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکى درێژمەودایە، بەڵام دەرەنجامەکانى لە دواجاردا لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەبێت.

رێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، بەبۆنەى یادى (13) ساڵەى یەکەمین بەشدارى سیاسى گۆڕان لە پڕۆسەى سیاسیدا، رایگەیاند: زۆر بە گەرمى پیرۆزباى ساڵیادى دامەزراندنى بزوتنەوەى گۆران  لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانى گۆڕان و سەرکردایەتى و فراکسیۆنى گۆڕان، دەکەم.

وتیشى،" گۆڕان لەسەردەمى دامەزراندنییەوە توانى زۆر شت بگۆڕێت بۆیە داوا لە گۆڕان دەکەم دەست بەو پڕەنسیپانەوە بگرێت کە بزوتنەوەکەى لەسەر دامەزراوە و ئەوەى ئامانجە لەلاى لە بوارى چاکسازى و دادگەرى کۆمەڵایەتى بەردەوام بێت لە دەست پێوەگرتنى و رەنگە رۆژێک بگەینە ئەو ئامانجانە".

سەرۆکى پەرلەمان باسى لەوەشکرد، بەدیهێنانى ئامانجەکانى گۆران پێویستى بە نەفەس درێژى هەیە، چونکە پڕۆسەى چاکسازى لە بنەڕەتدا پڕۆسەیەکى درێژمەودایە، بەڵام دەرەنجامەکانى لە دواجاردا لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەبێت.

لەبارەى فراکسیۆنى گۆڕانیشەوە، سەرۆکى پەرلەمان وتى،" فراکسیۆنى گۆران، فراکسیۆنێکى چالاکى پەرلەمانى کوردستانە. ئێمە وەک سەرۆکایەتى پەرلەمان پەیوەندییەکى تەندروستمان لەگەڵ فراکسیۆنى گۆڕان هەیە".

هەروەک جەختیشى کردەوە، بزوتنەوەى گۆران بزوتنەوەیەکى گرنگە مانەوەى لە مەیدانى سیاسى و کارکردن لەسەر ئاستى پەرلەمان و حکومەت و ژیانى گشتى پێویستییە.


هەواڵی زیاتر