ئەنجومەنی قەزای هەولێر: سەربەرزین بە تەواوی تیمی حکومەت لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵ و هەڵوێستەکانیان بەرز دەنرخێنین
01/08/2022
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێرى بزوتنەوەى گۆڕان
هەواڵێک رەت دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت؛ لەم کابینە پڕ لە کێشەیەدا سەربەرزین بە سەرجەم
وەزیرەکانی گۆڕان و تەواوی تیمی حکومەت لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵ و هەڵوێست و
کارەکانیان بەرز دەنرخێنین.
ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
لەهەولێر
بەداخەوە لەڕێگەی شارپرێسەوە هەواڵێک بەناوی هەڵسوڕاوانی
بزوتنەوەی گۆڕان لەهەولێر بڵاوکراوەتەوە، گوایە ئێمە لەبونی بەڕێز کەمال موسلم وەکو
وەزیری بازرگانی ناڕازین و لە ئەگەری مانەوەی ئەودا هەڵوێستمان ئەبێت، ئێمە سەرلەبەری
ئەم هەواڵە پڕ لە چەواشەکاریە ڕەتدەکەینەوە، چونکە بەڕێز کەمال موسلم لەڕووی حیزبی
و حکومیەوە کارەکانی بە پاکی ئەنجامداوە، هەر کەسێکیش بچوکترین گەندەڵی بە بەڵگەوە
لەسەر ناوبراو بداتە دەست ئەوا بەدڵنیاییەوە چاوپۆشی ناکەین، ئێمە لەم قۆناغە هەستیارەو
لەم کابینە پڕ لە کێشەیەدا سەربەرزین بە سەرجەم وەزیرەکانی گۆڕان و تەواوی تیمی
حکومەت لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، هەوڵ و هەڵوێست و کارەکانیان بەرز ئەنرخێنین، ڕاستە
برینی جەستەی هاوڵاتیان لە ڕوی دارایی و خزمەتگوزاریەوە قوڵترن بەڵام بەهێزی ئیرادەمان
و بەردەوام بونمان لەسەر مەبادیئەکان دواجار هەمو لایەک دەبات بۆ کەناری ئارامی.
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێر/ بزوتنەوەی گۆڕان
2022/8/1